لە سلێمانی جەژنی سۆنام لۆسەر پیرۆز دەکرێت

نیپاڵییەکان لە شاری سلێمانی جەژنی سۆنام لۆسەری تایبەت بەخۆیان پیرۆز دەکەن

ناوەندی هەواڵ

 

پەنابەرە نیپاڵییەکانی، کە لەبەر بێکاری و خراپی بژێوی ژیانیان وڵاتی خۆیان بەجێهێشتووە و لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن، لە شاری سلێمانی جەژنی سۆنام لۆسەریان پیرۆز کرد.

 

جەژنی سۆنام لۆسەر تایبەتە بە هۆزی تامانگی دانیشتووی وڵاتی نیپاڵ، سەرەتایەکە بۆ ساڵی نوێی نیپاڵییەکان، لۆسەر بە واتای ساڵی نوێ دێت، و سۆنام لۆسەر واتا ساڵی نوێی هۆزی تامانگ، ئەم جەژنە لە ١٢ی شوباتی هەموو ساڵێک یاد دەکرێتەوە.

تامانگ هۆزێکی خەڵکی نیپاڵن، خاوەن کلتور و دیالێکتی تایبەت بە خۆیانن کە لە هۆزەکانی دیکە جیایان دەکاتەوە، تامانگ بە واتای بازرگانانی ئەسپ و شوێنی نیشتەجێبوونیان لە دۆڵی کاتمادو و کوێستانە ناوەندییەکانی وڵاتی نیپاڵە.

 

هۆزی تامانگ ساڵەکەیان دابەش دەکەن بۆ ١٢ خول و هەر مانگێک بە کەلوویەک (بورجی ساڵ) بە ناو دەکەن، بەو پێیەی لە نیپاڵدا ڕۆژژمێر نەبووە و بە خولگەی ئاسمانی ڕۆژەکانی ساڵیان هەژمار کردووە، تامانگەکان ساڵی نوێیان بە جۆش و خرۆشەوە بەسەر دەبەن و لەو ڕۆژەدا ماڵەکانیان پاک دەکەنەوە و پۆشاکە نەریتییەکانی خۆیان لەبەر دەکەن و دەچنە دەشت و کێوەکانی دەوریان، هەروەها گۆرانی و سەمای کلتوریی تایبەت بە خۆیان دەکەن تا هێزی نەرێنی لە خۆیان و خێزانیان دوور بخەنەوە و بە هیوای نوێوە بچنە ساڵی نوێوە.

 

ئەمڕۆش لە هۆڵی نۆبڵ لە شاری سلێمانی بە بەشداری ٣٠٠ کرێکاری بیانی خەڵکی نیپاڵ لە کاتژمێر ١٢ یادی ئەو جەژنە کلتورییە کرایەوە و تا کاتژمێر ٥ بەردەوام دەبێت و تێیدا خواردنی کلتوری نیپاڵییەکان پێشکەشکرا و بە گۆرانی و سەمای نیپاڵی ڕۆژەکەیان بەڕێکرد.

 

ت.پ