لە سلێمانی هەڵمەتی ۱٦ ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان ڕاگەیەندرا
لە سلێمانی گروپی هەماهەنگی بەرەنگاربونەوە لەسەر بنەمای كۆمەڵایەتی چالاكییەكانی بۆ ٢٥ تشرینی دووەم خستە ڕوو ، تێیدا چالاکییەکانی ۱٦ ڕۆژەی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ژنان ڕاگەیاند.
سلێمانی
ئەمڕۆ لە پارکی ۲٥ ی نۆڤەمبەری پارکی هەواری شار لە سلێمانی، گروپی هەماهەنگی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی لەسەر بنەمای كۆمەڵایەتی چالاكییەكانی بۆ ٢٥ تشرینی دووەم خستە ڕوو، کە ژنانی چالاکوان، ڕێکخراوەکان، کۆمەڵگەی مەدەنی و بەرپرسان ئامادەی بوون، سەرەتا بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەست بە چالاکیەکە کرا.
لە درێژەی چالاکییەکەدا، چەندین پروشەر بۆ هۆشیارکردنەوەی ژنان بڵاوکرایەوەو تابلۆیەک نمایشکرا کە لە لایەن ژنانی داڵدەدراو لە شاری سلێمانی کێشراون، تێیدا گوزارشتیان لە ئازار و توندوتیژیەکانیان کردووە، پاشان خەڵاتی ڕێزلێنان بەخشرایە چەندین ڕێکخراوی چالاکی مافەکانی ژنان و خێزان، لە کۆتایشدا هەڵمەتی نەمام ناشتن هەبوو کە تێیدا ۱٦ نەمام وەک دەستپێکێک بۆ هەڵمەتی ١٦ ڕۆژەی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان نێژران.
ئارەزوو غەفوور، وتاری گروپی هەماهەنگی و کار دژی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی پێشکەش کردو وتی: لەگەڵ دەستپێکردنی هەڵمەتی ١٦ـی ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان و کچان، وەک گروپی هەماهەنگی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی ڕایدەگەیەنین، جەخت لەوە دەکەینەوە یەک دەگرین بۆ کۆتاییهێنان بە توندوتیژی دیجیتاڵی و هەموو جۆرەکانی توندوتیژی دژ بە ژنان کە ئەمەش پێویستی بە هەوڵێكی درێژخایەن و چڕ هەیە بۆ دەرباز بوون لە دۆخەکە.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە سەدەی ڕابردوو بارودۆخی سیاسی توندوتیژی هێناوەتە ئاراوە، سەڕای دۆخە سیاسی و تەندروستییەکان، هەموواری یاسای باری کەسی هاتە ئاراوە، کە دۆخی عێراقی بۆ ساڵی پەنجاکان گەڕاندەوە، ئەوەش توندوتیژییەکان زیاد دەکات و ژنانی ئاوارەی وڵاتانی دیکە کردووە، سنووردارکردنی توندوتیژییەکان تەنها لە چوارچێوەی توندوتیژی دەروونی و جەستەیی نییە، بەڵکو لە ڕێگەی ئامێرەکانی پەیوەندیشەوە ژنان ڕووبەڕوو دەبنەوە، بۆیە ناکرێت تەنها لە هەڵمەتی ١٦ ڕۆژەدا کاربکەین، بەڵکو دەبێت بەردەوام کۆمەڵگە هۆشیار بکەینەوە لە هەڕەشە ئەلیکترۆنییەکان، لە کۆتایدا بانگەواز بۆ تەواوی کۆمەڵگە دەکەین بۆ کۆتایهێنان بە توندوتیژی دەست لەناو دەست هەوڵی ڕووبەڕووبونەوەی توندوتیژییەکان پێکەوە دەدەین.
ڕاز فریا، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی توندوتیژی خێزانی لە سلێمانی، ئاماژەی بەوەدا، لەژێر دروشمی یەکدەگرین دژ بە توندوتیژیبدژی ژنان، وتی: لە کاروانی ئەم هەڵمەتەدا بە هاواری چالاکوانان و مافدۆستان هەوڵ و بەردەوامی دەدەین بۆ وەستانەوە دژی توندوتیژی، ئامانجمانە دژ بە توندوتیژی مافی خێزان و ژنان بەدەستبهێنین، هاوپشتی تەواوی ژنان و خێزانەکان دەبین کە توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت.
لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، ڕاز فریا، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی توندوتیژی خێزانی لە سلێمانی، باسی لەوەشکرد، هەردەم هەوڵ بۆ ڕوبەڕوو بونەوی توندوتیژییەکان دژ بە ژنان دەبینەوە، وتی: توندوتیژییەکان تەنها خۆی لەم ۱٦ ڕۆژەدا نەبینیوەتەوە، ژنان بەردەوام ڕوبەڕووی توندوتیژی دەکرێنەوە ئێمەش بەردەوام هەول بۆ بەرەنگاربونەوەی دەدەین، لەم ۱٦ ڕۆژەدا چالاکی و بەسەرکردنەوەی ژنان دەستپێدەکات، توندوتیژییەکان وەک ساڵانی پێشوو بەردەوامی هەیە، بەڵام تاک هۆشیارە بەرامبەر بە هەبوونی بەڕێوەبەرایەتی توندوتیژی، بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی توندوتیژی ئامادەی خۆمان دەردەبڕین، جۆرەکانی توندوتیژی دەروونی و جەستەی و سێکسی بەردەوام بوونی هەیە، بەالام توندوتیژی ئەلکترۆنی ڕوو لە زیادبوونەو بۆیە لەمساڵدا جەختمان لەسەر توندوتیژییە ئەلکترۆنییەکان کردوەتەوە، زۆرێک لەو توندوتیژیانەی سەردانمان دەکەن لە توندوتیژی ئەلکترۆنیدا خۆی دەبینێتەوە، ئامارەکانی کوشتنی ژنان لە لایەن ئێمەوە دەنێردرێت بۆ وەزارەتی ناوخۆو لە دەست ئەواندایە کە کەی ئامارەکانی کوشتن و توندوتیژییەکان بڵاو دەنەوە.