لە سلێمانی هەفتەی شیرپێدانی سروشتی دایک دەستیپێکرد

هەفتەی شیرپێدانی سروشتی دایک لە سلێمانی ڕاگەیاندرا و ئاماژە بە سوودەکانی شیرپێدانی سروشتی بۆ دایکەکە و منداڵەکەی درا.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ ٤ی ئاب، لە نەخۆشخانەی منداڵبوون لە شاری سلێمانی، بە دەستپێشخەری بەڕێوەبەرایەتی گشتی  تەندروستی سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتی خوپاراستنی تەندروستی و هۆبەی پتەوکردنی تەندروستی، بە پاڵپشتی ڕێکخراوی یونیسێف، بە دروشمی "پێشەنگی بە شیردانی سروشتی بدەین بە دانانی سیستەمی پاڵپشتی بەردەوام" هەفتەی شیرپێدانی سروشتی ڕاگەیەندرا.

 

لە میانی ڕاگەیاندنی هەڵمەتەکەدا  سیمینارێک دەربارەی شیرپێدانی سروشتی پێشکەشکراو ئاماژە بەوەکرا، پێدانی شیری سروشتی بە منداڵ سوودی زۆر دەگەیەنێت بە منداڵ و دایکەکە، شیری دایک شیرێکی پاک و خۆراکێکی ئامادەکراوە و بێزیانە بۆ منداڵ، کە سوود دەگەیەنێت بە منداڵەکە بەجۆرێک کەمئەندامی کەم دەکاتەوە، بە سوودە بۆ گەشەی ئەندامەکانی لەش هەروەها دەبێتە هۆی تەندروست بوونی منداڵەکە و ڕێژەی مردن کەم دەکاتەوە.

 

ئەوەشخرایەڕوو، ئەو دایکەکەی کە شیر بە منداڵەکەی دەدات دوور دەبێت لە شێرپەنجەی مەمک و منداڵدان، لەگەڵ ئەوەشدا، دەبێت دایک تا دووساڵ شیری خۆی بدات بە منداڵەکەی، کات بۆ منداڵەکەی دانەنێت بۆ شیرپێدان هەرکاتێک منداڵەکە لێوی جوڵاند ئەوا داوای شیر دەکات.