لە سلێمانی بە دابەشکردنی پەرتوک یادی ڕۆژی جیهانی منداڵان کرایەوە
بۆ یادکردنەوەی ڕۆژی جیهانی منداڵان، لە سلێمانی چالاکی پەرتوک دابەشکردن بەڕێوەچووە، نووسەر نەرمین عوسمان وتی: بەشێکی پەرتوکەکان وشەسازییە بۆ نموونە وشەی هەڵپەڕکێمان بە چەندین زاراوە بۆ منداڵان نووسیوە.

سلێمانی
ئیوارەی ئەمڕۆ ٢ی حوزەیران، لە سلێمانی ڕێکخراوی گەشەپێدانی مەدەنییەت "CDO" لە چالاکییەکی هاوبەشدا لەگەڵ ئینستیوتی نارین بۆ توێژینەوەو بڵاوکردنەوە، یادی ١ی حوزەیران،ڕۆژی جیهانی منداڵان کرایەوەو چەند چالاکییەک بەڕێوەچوو، هەروەها پەرتوکی جیاوازی چیرۆک و پەروەردەیی بەسەر منداڵاندا دابەشکرا.
ئاماژە بەوەکرا، ئینستیوتی نارین تا ئێستا ٢٥ پەرتوکی لە بواری منداڵان چاپ کردووە، لەم چالاکییەدا زیاتر لە هەزارو ٥٠٠ پەرتوک بە دیاری بۆ منداڵان ئامادە کراوە، بە ئامانجی ئایندەیەکی کولتووریی و ڕۆشنبیری بۆیان.
"بەشێکی پەرتوکەکان وشەسازییە"
نەرمین عوسمان، نووسەر کە پەرتوکەکانی لە چالاکییەکەدا هەبوون و پێشکەشی منداڵان کرا وتی: ئێمە وەک ئینستیوتی نارین بەشێک لە کارو ئەرکمان پەرتوکی منداڵانە، بۆ هەر پەرتوکێک، منداڵ خۆی بێت وەری بگرێت، کۆڕی تر هەبووە لە ئاستی پەروەردەیی، بەڵام لەم چالاکییەدا پێمان خۆشە خۆیان وەری بگرن، پەرتوکەکان بەشێکی پەرتوکی خەیاڵی منداڵە، بەشێکی وشەسازییە، بۆ نموونە چەندین وشەمان بۆ ناوی هەڵپەڕکێ داناوە کە چەند جۆر هەیە، تەنها بۆ فێربوونی وشەسازی و فێری زاراوەکانی تر ببن.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم پەرتوکانەمان لە زمانی ئینگلیزی و سویدی و فەرەنسی و عەرەبی بۆ سەر زمانی شیرینی کوردی وەرگێڕاوە، مەبەستمانە تا بۆمان بکرێت وشەی پاراوی کوردی بەکاربهێنین، هەروەها بۆ دوورکەوتنەوەی منداڵان لە سەیرکردنی تی ڤی و ئایپاد، لەگەڵیدا گرنگە دایک و باوک پەرتوک بۆ منداڵەکانیان بخوێننەوە.
هەروەها نازەنین عوسمان، نووسەر وتی: بە چوار پەرتوک بەشدارییم لەم چالاکییەدا کردووە، ناوەڕۆکی پەرتوکەکان جیاوازن، بۆ نموونە جۆن یەکگرتن دەتگەیەنێتە ئامانج، ڕێکخستنی کاتی یاری کردن و ئەرکی خوێندنگە، دزی کردن کارێکی باش نییە، و چەندین بابەتی پەروەردەیی دیکە.