لە سلێمانی ١٣یەمین ساڵیادی شۆڕشی ڕۆژئاوا بەرز ڕاگیرا

١٣یەمین ساڵیادی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان، بە بەشدارای ژنان و گەنجانی ڕۆژئاوا و باشووری کوردستان لە سلێمانی بەرز ڕاگیراو جەخت لەوەکرایەوە، دەبێت ژنی کورد دەستکەوتەکانی بپارێزێت.

هێرۆ عەلی 

 

سلێمانی- لە ١٩ی تەمووز، لە هۆڵی باخانی شاری سلێمانی، بە ئاهەنگێک  ١٣یەمین ساڵیادی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان کە بە شۆڕشی ژنان ناسراوە، بەبەشداری ژمارەیەکی بەرچاو لە کەسایەتی سیاسی و چالاکوان و ڕۆشنبیران و ژنان و گەنجان بەرز ڕاگیرا، تێیدا چەند وتارێک خوێندرایەوە و سینەفزیۆنێک پێشکەشکرا، دواتر بە مۆسیقا و گۆرانی و هەڵپەرکێی کوردی، ئاهەنگەکە کۆتایی هات.
 

"دەبێت ژنی کورد دەستکەوتەکانی بپارێزێت"

 ڕۆزا حەسەن نوێنەری کۆنگرەی ستار وتارێکی پێشکەش کردو  وتی: ئێمە وەک ڕۆژئاوای کوردستان ١٣یەمین یادی شۆڕشی ڕۆژئاوا دەکەینەوە سەری ڕێز بۆ تەواوی شەهیدان دادەنەوێنین، ١٣ ساڵ شۆڕش و ١٣ هەزار شەهید دراوە،  سوپاسی ڕێبەری گەرلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەکەین، هەموانیش دەزانین شۆڕشی ڕۆژئـاوا شۆڕشی ژنە، کەتوانیان توندڕەوترین هێز تێکبشکێنن، بۆیە دەبێت ژنی کورد دەستکەوتەکانی بپارێزێت، بەناوی هەموو ژنانیشەوە سڵاو دەکەین دەڵێین ژن ژیان ئازادی ، بژی ڕێبەر ئاپۆ.

 

ئاماژەی بە هێرشەکانی ئەم دواییەی سەر سوەیدا کردو وتی: ئەو هێرشانەی بۆ سەر گەلی درووزی ئەنجام دەدرێت شەرمەزار دەکەین.

 

محەمەد ئاڵان،  نوێنەری خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، لە هەرێمی کوردستان وتارێکی پێشکەش کرد، وتی: دەکرێت بڵێین هێشتا کەموکوڕی لە شۆڕشدا هەیە بەڵام بەردەوام کاری لەسەر دەکەین بۆ ئەوەی زیاتر پێشی بخەین، لە ڕووی بەڕێوەبردنەوە، کار لەسەر ئەوە دەکەین سیستمێکی لامەرکەزی بونیاد بنێین بۆ تەواوی سووریا، بۆیە پێمان وایە خۆبەڕێوبەری دیموکراتیک دەتوانێت کەسایەتی و مرۆڤێکی نوێ لە سووریا بونیاد بنێت، خۆبەڕێوەبەری مۆدێلێکە بۆ هەموو سووریا و هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەراست.


 بەکر شێخ سەلام، وتاری بەرەی پشتیوانی ڕۆژئاوای خوێندەوە و وتی: گەلی ئێمە لە ڕۆژئاوای وڵات خۆی بە ڕێکخستن کردووە و بووەتە پێشەنگ لەگەڵ پێکهاتە و هێزە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە، پێشەنگایەتی شۆڕشی ڕۆژئاوا دەکەن، بە فەلسەفەی ڕێبەر و پیری مەزن ئاپۆ شۆڕشی ڕۆژئاوا نەخشەڕێی تێکۆشانی ئازادی کێشاوە، کە بە پێشەنگایەتی کردنی ژن وەک سیمبولی داخوازی بۆ بەدیهێنانی ئازادیی سەرنجی هەموو مرۆڤایەتی بەلای خۆیدا ڕاکێشاوە، گەلی ئێمە لەڕۆژئاوای کوردستان خۆی بەڕێکخستن کردوە.

 

ڕوبار مەجید، پارێزەر باسی مەراسیمەکەی کردو وتی: ئەمڕۆ بەشانازیەوە بەشداری ئەم مەراسیمەم کرد، کە ١٣یەمین ساڵڕۆژی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستانە، تێیدا ڕۆڵی ژنان تێیدا بەرز دەنرخێنم کە ڕۆڵێکی کاران هەبووە تێیدا، کە لەدوای ١٣ ساڵ بەردەوامن لە تێکۆشان بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان، هیوادارم لە پارچەکانی تری کوردستان ئەم دیموکراتیەی گەلی ڕۆژئاوا جێبەجێبکرێت، هیوای بەردەوامی زیاتریان بۆ دەخوازم تا بەتەواوی مافەکانیان دەگەن، کە بەداخەوە تاوەکو ئێستاش شەڕ لە ڕۆژئاوای کوردستان بەردەوامە، هیواداریشم هەموومان پێکەوە دەستکەوتەکانی کورد لە هەرچوار پارچەی کوردستان بپارێزین.