لە شاری قامیشلۆ لە بەردەم باڵەخانەی نەتەوە یەکگرتووەکان چادرێکی کرداری کرایەوە
لە چوارچێوەی پاراستن و پەرەپێدانی زمانی کوردی و بە دروشمی “بۆ زمانەکەمان، بۆ داهاتوومان”، لە شاری قامیشلۆی ڕۆژئاوای کوردستان، چادرێکی کرداری کرایەوە.
قامیشلۆ
دوای بڕیاری ٢٧ی ئاب بۆ بەرتەسککردنەوەی زمانی کوردی، دەنگی ناڕازیبوون بەرامبەر بەم بڕیارە تادێت بەرزتر دەبێتەوە، لەگەڵ درێژەدان بە چالاکییەکان و ناڕەزایەتییەکان، مامۆستایان و خوێندکاران و دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکان داکۆکی لە مافی فێربوون و پەروەردەکردنی گەلی کورد دەکەن بە زمانی دایکی.
”ئەم بڕیارە ماف و دەنگی خوێندکاران ناپارێزێت”
لە شاری قامیشلۆی ڕۆژئاوای کوردستان، خوێندکاران و بنەماڵەکانیان بۆ پاراستنی مافی خوێندن و فێربوون بە زمانی کوردی و دژی بڕیاری سنووردارکردنی، چادرێکی کردارییان کردۆتەوە. ئەم چادرە لەبەردەم باڵەخانەی نەتەوە یەکگرتووەکان کرایەوە و بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت.
سیلاڤا عەلی، خوێندکار ڕایگەیاند، کە ئەوان وەک خوێندکاری کورد دژی بڕیاری سنووردارکردنی زمانی کوردین و بەتەواوی ئەم بڕیارە ڕەتدەکەنەوە، وتی: ئەم بڕیارە ماف و دەنگی خوێندکاران ناپارێزێت، ئێمە دژی فێربوونی زمانی بیانی نین، بەڵکو دژی کەمکردنەوەی مافە زمانەوانییەکانمانین، چونکە زمان دەنگ و ڕەنگ و ناسنامەی کولتوورەکەمانە، بەداخەوە دەنگمان پشتگوێ دەخرێت.