لە شارۆچکەی خەبات تەرمی ژنێک لە ڕووباری زێ دەرهێنرا

دوێنێ تیمەکانی بەرگری شارستانی تەرمی ژنێکی تەمەن نێوان ٥٠ بۆ ٦٠ ساڵانیان لە ناو ڕووباری زێ لە شارۆچکەی خەبات دەرهێنا، کە دوای دەمەقاڵێیەک لەگەڵ سەرنشینێکی تەکسی لەسەر پردەکەوە کەوتبووە خوارەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

دوێنێ ٢٦ی شوبات، لە ڕووداوێکی تەمومژاویدا لە شارۆچکەی خەبات، ژنێک لەسەر پردی کۆن کەوتە خوارەوە و بەهۆیەوە گیانی لەدەستدا، شایەتحاڵەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە پێش ڕووداوەکە، دەمەقاڵێ لە نێوان ژنەکە و سەرنشینێکی ناو ئۆتۆمبێلێکی تەکسی ڕوویداوە.

 

بەپێی زانیارییەکان، ژنەکە لە تەکسییەکە دابەزیوە و دوای شەڕەقسە لەگەڵ کەسێکی ناو ئۆتۆمبێلەکە، لەسەر پردەکە کەوتووەتە ناو ئاوەکەوە، هێزە ئەمنییەکان دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە بۆ ئەوەی بزانن ڕووداوەکە خۆکوشتن بووە یاخود پاڵپێوەنان و تاوان بووە.

 

تەرمی ژنەکە دوای دەرهێنانەوەی لە ئاوەکە، بە مەبەستی لێکۆڵینەوە و دیاریکردنی هۆکاری سەرەکی گیانلەدەستدانەکەی، ڕەوانەی پزیشکی دادوەری لە پارێزگای هەولێر کرا، تا ئێستا ناسنامەی ژنەکە و سەرنشینەکەی ناو تەکسییەکە بە فەرمی لەلایەن پۆلیسەوە ڕانەگەیەندراوە.

 

ئەوە لەکاتێکدایە، ٣ی شوبات؛  لە گوندی تاسلوجەی سنووری شارۆچکەی سەیدسادق لە پارێزگای سلێمانی ژنیکی گەنج بەدەستی براکەی بە فیشەک کوژرا، هەروەها لە ٢ی شوبات لە شارۆچکەی دەربەندیخانی سەر بە پارێزگای سلێمانی ژنێکی گەنجی تەمەن ٣٥ ساڵی دانیشتووی سلێمانی، بەشێوەی گوماناویی کەوتە ڕووباری سیروانەوە و گیانی لەدەستدا،  لە ١ی شوبات، ژنێکی تەمەن ١٨ بۆ ٢٠ ساڵ گەیەنراوەتە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ڕانیە، بەڵام بەپێی وتەی پزیشکەکان پێش گەیشتنی بە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدابوو کە شوێنەواری فیشەک بە سەری ژنەکەوە بووە.

 

 تەنها لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ ٨ ژن بەشێوەی گوماناوی گیانیان لەدەستداوە یان کوژراون.