لە سێبەری جەنگدا: ڕاستی بازاڕی ڕەش

هەرچەندە دەسەڵاتدارانی فەرمی دەڵێن هیچ کێشەیەک لە دابینکردنی دەرمان و خوێن بۆ تووشبووانی تالاسیمیا نییە، بەڵام ئەو ڕاپۆرتانەی کە ڕەنگدانەوەی بارودۆخی شەڕن، ئاماژەن بۆ کەمیی بەربڵاوی دەرمان و بوونی بازاڕی ڕەش.

ناوەندی هەواڵ

 

بەڕێوەبەری گشتی کۆمەڵەی تالاسیمیای ئێران ڕایگەیاند کە لە ئێستادا هیچ کێشەیەک لە دابینکردنی خوێنی پێویست بۆ نەخۆشەکان نییە و لە ڕۆژانی داهاتوودا دابەشکردنی دەرمانی هاوردەکراو بەردەوام دەبێت بە دەستیان. بە وتەی ناوبراو، ئەو دەرمانانەی لە ناوخۆدا بەرهەم دەهێنرێن، بۆ ساڵی داهاتووش بەبێ هیچ گرفتێک دابین دەکرێن. هەروەها جەخت کرایەوە کە دابینکردنی خوێن لە پارێزگاکانی زیانلێکەوتوو بەهۆی شەڕی قورسەوە، وەک تاران، مازەندەران، گیلان، هورمزگان، کرمان و یەزد، بە باشی بەڕێوە دەچێت.

 

پێداچوونەوەیەک بە داتا و ڕاپۆرتەکانی ئێستا وێنەیەکی تێکەڵاو نیشان دەدات

لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا، ڕاپۆرتی بەشێک لە میدیا فەرمییە ناوخۆییەکان، لەوانە ئیلنا، میهر و سەلامات نیوز، هەروەها لێدوانی ئەندامانی پەرلەمان، سەرنجی بۆ کەمیی دەرمان و دروستکردنی بازاڕی ڕەش ڕاکێشاوە، ئەم دۆخە بەزۆری کاتێک سەرهەڵدەدات کە بەربەست لە دابەشکردندا هەبێت یان دەستڕاگەیشتن بە دەرمان کەم بێتەوە. هاوکات میدیاکانی بیانیش باسیان لە بەرزبوونەوەی نرخی دەرمانی پێویست و دژواری دەستڕاگەیشتن بە هەندێک دەرمانی تایبەت بۆ نەخۆشەکان کردووە.

 

بەوتەی شارەزایانی تەندروستی، لە بارودۆخی سەردەمی جەنگدا، تەنانەت ئەگەر کۆگای دەرمانیش هەبێت، هۆکارەکانی وەک سنووردارکردنی هاوردەکردن، کێشەی گواستنەوە، زیادبوونی کتوپڕی خواست و لاوازی تۆڕی دابەشکردن،  نەخۆشەکان بە ئاستەم دەتوانن بە ڕاستی دەستیان بە دەرمان بگات. لەم حاڵەتەدا، کەلێنی نێوان "دابینکردنی ئاستی ماکرۆ" و "دەستگەیشتن بە ئاستی تاکەکەسی" فراوانتر دەبێت.

 

نەخۆشانی تالاسیمیا کە بەردەوام پشت بە دەرمان و خزمەتگوزاری چارەسەرکردن دەبەستن، زیاتر لە گروپەکانی تر تووشی ئازار دەبن. هەندێک لە ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە نەخۆشەکان ڕوو لە بازاڕی نافەرمی دەکەن بۆ بەدەستهێنانی ئەو دەرمانانەی کە پێویستیان پێیەتی؛ ئەم بازاڕە مەترسی بەرزبوونەوەی نرخ و دابەشکردنی دەرمانی ساختە هەڵدەگرێت.

 

بە گشتی ئەزموونی ئەم جۆرە قەیرانانە لەم ساڵانەی دواییدا دەرکەوتووە کە دەستەواژەی "دابینکردنی جێگیر" هەمیشە بە مانای دەستڕاگەیشتنێکی بەردەوام بۆ هەموو نەخۆشەکان نییە، بەتایبەتی کاتێک ژێرخانی ئابووری و لۆجستی لە ژێر فشاری شەڕدایە.