لە ساڵیادی ڕۆژنامەگەری کوردیدا داوای ئازادکردنی زیندانییان کرا

لە ساڵیادی ڕۆژنامەگەری کوردیدا، لقی سلێمانیی سەندیکای ڕۆژنامەنووسان و سەنتەری میترۆ، چەند پڕۆژە و داواکارییەکیان بۆ باشکردنی دۆخی ئازادیی ڕادەربڕین و پاراستنی مافی ڕۆژنامەنووسان ڕاگەیاند، داواشیان کرد کۆتایی بە زیندانیکردنی قەڵەمە ئازادەکان بهێنرێت.

سلێمانی 

 

ئەمڕۆ لە هۆتێل ڕامادا لە شاری سلێمانی، لە ١٢٨هەمین ساڵیادی ڕۆژنامەگەری کوردی، لقی سلێمانی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان  و سەنتەری میترۆ کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییان ئەنجامدا.

 

دیاری محەمەد، بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافی ڕۆژنامەنووسان، پەیامێکی ئاراستەی دەسەڵاتی دادوەری کرد و وتی: لە کاتێکدا ئەم یادە دەکەینەوە، هێشتا ژمارەیەک لە هاوڕێ و هاوپیشەکانمان لە زیندانەکاندا ماونەتەوە.

دیاری محەمەد داوای لە دەسەڵاتی دادوەری کرد، بەو کەیسانەدا بچێتەوە کە بۆ ڕۆژنامەنووسان کراونەتەوە و ڕێز لە ئازادیی کاری ڕۆژنامەوانی بگیرێت، نەک قەڵەمەکان ڕەوانەی زیندان بکرێن.

 

کاروان ئەنوەر، سکرتێری لقی سلێمانیی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان ئاماژەی بە مێژووی پڕ سەروەریی ڕۆژنامەگەریی کوردی کرد و ڕایگەیاند: گەلی کورد تاقە میللەتە کە لە خاکی بێگانە و لە ناو ئەشکەوتەکانیشدا ڕۆژنامەی دەرکردووە، بەڵام ئێستا میدیاکاران لە دۆخێکی سەختدان، پێویستە حکومەت بیمەی کۆمەڵایەتی، تەندرووستی و زەوی بۆ ڕۆژنامەنووسان دابین بکات، ڕەخنەی لەوەش گرت کە لەبری یاسای ڕۆژنامەگەری، کار بە یاسای سزادانی عێراقی دەکرێت بۆ لێپرسینەوە لە ڕۆژنامەنووسان.

 

هاوکات تیشکی خستە سەر قۆرخکاریی زانیاری و داوای کرد یاسای مافی دەستکەوتنی زانیاری کارا بکرێت، هەر ڕۆژنامەنووسێکیش زانیاریی لێ قۆرخ کرا، مافی خۆیەتی سکاڵا تۆمار بکات.

 

لە کۆتایی کۆنگرەکەدا، تیشک خرایە سەر ئەوەی کە زۆرجار لە کاتی واژۆکردنی گرێبەستەکاندا پێشێلکاری بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان دەکرێت، بۆیە پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان چاودێرییەکی وردی مافی کارمەندانی میدیا بکەن.