لە ساڵیادی کوشتنی ژینا ئەمینی ئەکادیمیای ژینا دەکرێتەوە

ڕۆژین موکریان شرۆڤەکاری سیاسیی لە پێگەی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک پەیامێکی بڵاوکردەوەو ڕایگەیاند، ڕۆژی ١٦ی ئەیلوولی ئەمساڵ لە ساڵیادی شەهیدبوونی ژینا ئەمینی ئەکادیمیای ژینا دەکرێتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ١٣ی ئەیلوولی ٢٠٢٢ ژینا ئەمینی خەڵکی سەقزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە شاری تاران پایتەختی ئێران بەبیانووی پابەندنەبوونی بە باڵاپۆشی لە لایەن ئەفسەرانی پۆلیسی بەناوئەخلاق بە بەکارهێنانی توندوتیژی دەستگیر کرا و بەهۆی ئەشکەنجەدانی زۆری جەستەیی لە ڕۆژی ١٦ـی ئەیلوول لە نەخۆشخانەی کەسرای شارەکە خەوێندراوە و کەوتە بێهۆشییەوە و لە ئەنجامدا گیانی لەدەستدا، بەو هۆیەوە لەسەرجەم شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران سەرهەڵدانی “ژن ژیان ئازادی” سەریهەڵدا و لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی کاردانەوەیەکی بەرفراوانی لێکەوتەوە.

 

ڕۆژین موکریان، شرۆڤەکاری سیاسیی لە پێگەی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بە نزیکبوونەوە لە ساڵیادی کوشتنی ژینا ئەمینی پەیامێکی بڵاوکردەوەو ڕایگەیاند، ڕۆژی ١٦ی ئەیلوولی ئەمساڵ لە ساڵیادی شەهیدبوونی ژینا ئەمینی ئەکادیمیای ژینا دەکرێتەوە بە مەبەستی فێربوون، پرسیارکردن و خەیاڵکردنی ئازادی بەیەکەوە، ئەم هەوڵە بەکۆمەڵە یارمەتیدەر بێت بۆ بەرەوپێشبردنی ڕۆحی “ژن ژیان ئازادی”.

 

وتیشی: لەگەڵ کردنەوەی ئەکادیمیای ژینا گفتوگۆیەک بە ئامادەبوونی شکۆفە سەخی، نەستەرەن سارمی، نیلوفەر گەلکار، هاوژین بەقالی، سەردار سەعدی، شاهۆ مەحموودی بەشێوەی ئۆنلاین بەڕێوەدەچێت.

 

ڕۆژین موکریان لە کۆتایی پەیامەکەیدا کاتی گفتوگۆکردنەکەی بەمشێوەیە دیاری کردووە: بەکاتی ئێران ٠٥:٣٠ـی ئێوارە، بە کاتی پاریس کاتژمێر ٠٤:٠٠ـئ ئیوارە، بە کاتی تۆرنتۆ کاتژمێر ١٠:٠٠ پێشنیوەڕۆ.

 

لینکی بەشداریکردنەکە:

https://us06web.zoom.us/j/87128171428