لە عەربەت ٣٠٠ دۆنم پوش و پاوان سووتان
بە هۆکارێکی نادیار ئاگرێكى بەرفراوان لە سنوورى شارەدێى عەربەتی سلێمانی٦ کەوتەوە، بەهۆیەوە نزیکەی ٣٠٠ دۆنم لە پوش و پاوان و داری سرووشتی سووتا.

ناوەندی هەواڵ
لەگەڵ هاتنی وەرزی گەرماو هاوین، ئاگرکەوتنەوە لە دەشت و چیاکان و بە تایبەت زەوییە کشتوکاڵییەکان زیاد دەبێت، ئەمەش زیانی بە ژینگەو ڕێژەی سەوزایی گەیاندووەو نەتواندراوە سیستمێک بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی ئەو ئاگرانە دابندرێت کە بەدەستی مرۆڤەکان روودەدات.
ساڵانە هەزارەها دۆنم لە پوش و پاوان و داری سروشتی لە باشووری کوردستان دەسووتێن و سەرەڕای دەستگیرکردنی بکەرانیش هێشتا سووتانەکان بەردەوامن.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی، لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویانکردووەتەوە، بە هۆکارێکی نادیار ئاگرێكى فراوان لە سنوورى عەربەت کەوتەوە.
بەهۆى ئاگرەکەوە نزیکەی ٣٠٠ دۆنم لە پوش و پاوان و داری سروشتی سووتا، بەڵام بەهاوکارى دانیشتووانى ناوچەکە و تیمەکانى ئاگرکوژێنەوە تواندراوە ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکرێت.