لە قوشتەپەی هەولێر ژنێک بە گوماناوی گیانی لەدەستدا
لە شارۆچکەی قوشتەپەی سەر بە پارێزگای هەولێر ژنێک بە شێوەیەکی گوماناوی بە ئاگر گیانی لەدەستدا.
ناوەندی هەواڵ
گیان لەدەستدانی گوماناوی ژنان بەردەوامی هەیەو، زۆربەی کات بکوژانی ژن بۆ شاردنەوەی تاوانەکەو دەرچوون لە یاسا بە خۆکوشتن ناوی دەبەن، یاخود ژنەکە هاندەدەن بۆ خۆکوژی، لە نوێترین ڕووداودا ژنێک لە هەولێر بەشێوەیەکی گوماناوی گیانی لەدەستدا.
ئەمڕۆ ٦ی کانوونی دووەم، لە شارۆچکەی قوشتەپەی سەربە پارێزگای هەولێر، ژنێکی بەڕەگەز عەرەب بە گوماناوی بە ئاگر سووتاو گیانی لەدەستدا، دەوترێت خۆی سوتاند و دەستبەجێ لەشوێنی ڕووداوەکە گیانی لەدەستداوە.
بەپێی زانیارییەکان، هاوژینەکەشی هەردوو دەستی سووتاوەو تیمەکانی لێکۆڵینەوە لەشوێنی ڕووداوەکەن.
ئەوە لە کاتێکدایە، ٣ی کانوونی دووەم، لە گەرەکی هوانەی سلێمانی ژنێک بە شێوەیەکی گوماناوی بەهۆی ئاگر گیانی لەدەستداو ئێوارەی ٤ی کانوونی دووەم، تەرمی ژنێک بەشێوەیەکی نامۆ لە بەنداوی خاسەی کەرکوک دۆزرایەوە، شەوی ١ی کانوونی دووەمیش لەگەڕەکی گازینوی شارچکەی کەلار دوو خووشک لەماڵێکدا غاز لێی داون و یەکێکیان گیانی لەدەستداو ئەوی دیکەیان برینداربوو.