لە پاکستان بەهۆی بارانی بەخوڕەوە ٩ کەس گیانیان لەدەستدا

باران بارینی وەرزی کە پاکستانی گرتەوە، ٩ کەس گیانیان لەدەستداو چەندین باڵەخانە و ماڵی وێران کرد، هەروەها زیانی بە بەرهەمە کشتوکاڵییەکانیش گەیاند.

ناوەندی هەواڵ

 

گۆڕانی کەشوهەوا کە لە پاکستان بووەتە هۆی باران بارین و دروست بوونی لافاو، لە ٢١ی تەمووز، لە پارێزگای بەلوچستان ٩  کەس گیانیان لەدەستداو زیاتر لە ٢٥  کەسی دیکەش برینداربوون.

 

دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی کارەساتەکانی پاکستان ڕایگەیاندووە، ئەو بارانە زۆرەی وڵاتەکەی گرتووە، بووەتە هۆی ئەوەی ٨٨ ماڵ بەتەواوی زیانیان پێگەیشتووە، هەروەها ١٧٠ ماڵی دیکەش بەشێکیان زیانیان بەرکەوتووە، ئەمە جگە لە وێرانبوونی ڕێگاوبانەکان و زیانگەیاندن بە ٣١٠دۆنم زەوی کشتوکاڵی.

 

 ئاماژە بەوەشکراوە، بارانبارینەکە زیانی بە هەزار و ٧٩٩کەس گەیاندووە، شایانی باسە پاکستان بەدەست لاوازییەکی بەرچاوەوە دەناڵێنێت لە ژێرخانی ئابووریدا، بۆیە ئەو بارانە زۆرەی وەرزی گەرما و لافاو کە لەم دواییانەدا شاهیدی بووە لە ئەنجامی گۆڕانی کەشوهەوا، ئازار و کارەساتی دانیشتووانەکەی زیاتر کردووە.