لە نێوان پێشێلکارییەکان و ئیرادەی ڕزگاربوون ژنان ڕێگای بەرخۆدان دادەنێن
خوناف خەلیل، ئەندامی کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستار دەڵێت: بەردەوامی بەڕێوەبردنی وڵات لە لایەن حکومەتی کاتی بە بیرکردنەوەی ڕادیکاڵەوە قەیرانی سووریا زیاتر قووڵتر دەکاتەوە، هۆشداریدا لەوەی ئەم سیاسەتانە وڵات بەرەو کۆمەڵکوژی زیاتر دەبات.
سیلڤا ئیبراهیم
کۆبانێ- چەتەکانی هەتەشە سیاسەتێکی سیستماتیکی جێبەجێ دەکەن کە ژنان لەو ناوچانەی کۆنترۆڵیان کردووە بە ئامانج دەگرن، ئەمەش سیاسەتێکی جیاواز نییە لەوەی پێشتر داعش پەیڕەوی لێدەکرد، ئەم سیاسەتەش بەشێکە لە هەوڵێک بۆ ژێردەستەکردنی ژنان و دوورخستنەوەیان لە بەشداری کۆمەڵایەتی، کە پێشێلکارییەکی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤ پێکدەهێنێت.
ڕۆژئاوای کوردستان شایەتی پەرەسەندنی سەربازیی نوێ بووە لەلایەن چەتەکانی هەتەشەوە، ئەمەش پێشێلکارییەکانی دژی ژنان توندتر کردووە، دوایینیان کوشتنی سێ ژن بوو لە شاری عەفرینی داگیرکراو، ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدایە کە بێبایەخکردنی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکان و بێدەنگی نێودەوڵەتی سەبارەت بەو پێشێلکارییانەی کە چەتەکان لە کاتی هێرشەکانی ئەم دواییانەدا بۆ سەر ناوچەکە ئەنجامیان داوە، هەروەها چالاکوانان ئەم پێشێلکاریانەیان بە تاوانی جەنگ پێناسە کردووە و جەختیان لەوە کردووەتەوە، کە بەردەوامبوونی ئەم پێشێلکارییانە نیشاندەرێکی مەترسیدارە کە وڵات بەرەو قەیرانێکی قووڵتر دەبات.
خوناف خەلیل، ئەندامی کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستار لە کانتۆنی فورات وتی: ناوچەکە لەم دواییانەدا شایەتی پەرەسەندنی سەربازی بووە لە لایەن چەتەکانی هەتەشە، بە ئامانجی قڕکردنی خەڵک و چاندنی ڕق و کینە لە نێوان ئەو پێکهاتانەی کە لە مێژە لە ژێر چەتری پڕۆژەی نەتەوەی دیموکراتیکدا پێکەوە دەژین، ئەمەش لە ڕێگەی هاندانی میدیایی و هەوڵدان بۆ هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ بەتایبەتی لەنێوان پێکهاتەی عەرەب و کورددا ئەنجام دەدرێت، ئەو دیمەنە توندوتیژیانەی کە بە شێوەیەکی بەرفراوان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیدا بڵاوبوونەتەوە، ڕەنگدانەوەی ئەم سیاسەتەن، هەروەها ئەم سیاسەتانە لە بەرامبەر یەکێتی و پێکەوەبوونی گەلاندا شکست دەهێنن.
باسی لە کوشتنی سێ ژن لە شاری عەفرینی داگیرکراو و کوشتنی شاری ڕەققە کە لەژێر دەسەڵاتی هەتەشەدایە و ڕووداوی بڕینی کەزی ژنە شەڕڤانێکی کورد و فڕێدانی ژنە شەڕڤانێکی دیکەی لە باڵەخانەکەوە کرد، کوشتنی ژنان لە پێشەنگی ئەو ڕووداوانەدایە کە لە عەفرین و ڕەققە و هەموو ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی جیهادییەکان و چەتەکانی داگیرکەری تورکیا ڕوودەدەن، ئەم تاوانانە دەگەنە تاوانی جەنگ، چونکە یاساکانی جەنگ و یاسا نێودەوڵەتییەکان پشتگوێ دەخەن، دوورن لە پێوەرە ڕەوشتی و مرۆییەکان.
”زیندووکردنەوەی عەقڵییەتی داعش”
ڕوونیشیکردەوە، بەئامانجگرتنی ژنان بەو شێوەیە دڕندەیی ئامانجی تێکدانی ئیرادەی ئەوانە، بەتایبەتی دوای ئەوەی بوونەتە پێشەنگ لە کۆمەڵگەکانیان لەسەر هەموو ئاستەکان، بەڵام هەموو ئەم پێشێلکاریانە نەک تەنها لە ئاستی ناوچەیی بەڵکو لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا قبوڵ ناکرێت، وتی: ئێمە لەم پێوەندییەدا هەڵمەتی هاوپشتی جیهانیمان بۆ ژنانی ڕۆژئاوای کوردستان بینیوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوەی لە شارەکانی سووریا ڕوودەدات، بوژانەوەی عەقڵیەتی داعشە، لەو ساڵانەی کە ئەم عەقڵیەتە شارەکانی سووریای کۆنترۆڵکردبوو، ژنان بەردباران دەکران و ناچاریان دەکردن ڕەش لەبەر بکەن و لە بازاڕەکانی کۆیلەدا دەفرۆشران، ئەمە جگە لە حاڵەتەکانی ڕفاندن و دەستدرێژیکردنە سەر، ئەو پێی وایە ئەوەی لە ئێستادا جیهادییەکان بەرامبەر ژنان دەیکەن، ڕەنگدانەوەی هەمان عەقڵیەتییە، بەڵام بە شێوازی جیاواز و وردتر.
خەناف خەلیل وتی: ئەو عەقڵیەتەی کە جیهادیەکانی هەتەشە وڵاتی پێ بەڕێوە دەبەن، جگە لە درێژکردنەوەی شێوازەکانی داعش هیچی تر نییە، بەردەوام بوون لە بەڕێوەبردنی وڵات بەم عەقڵیەتە قەیرانی سووریا زیاتر قووڵتر دەکاتەوە، ئەم سیاسەتانەش دەبێتە هۆی کۆمەڵکوژی زیاتر، نەک تەنها دژی گەلی کورد بەڵکو دژی هەموو پێکهاتەکانی ناوچەکە.
خەناف خەلیل ڕەخنەی لە بێدەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گرت و وتی: ئێمە بانگەواز بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ناکەین کە بێدەنگییان بشکێنن، چونکە ئەوان بە هەڵوێستی شەرمەزارانەی خۆیان سەبارەت بەو پێشێلکارییانەی بەرامبەر گەلی کورد و ژنان ئەنجام دەدرێن، شکستیان هێنا، هیچ کەسێک لە گەلی کورد و ژنان لە هەر چوار پارچەی کوردستان شایستەی بانگەوازەکەمان زیاتر نابینین، تەنها هاوپشتی و یەکڕیزی دەتوانێت ئەو پێشێلکارییانە سنووردار بکات و مافەکانیان وەک گەل و ژن لە سووریادا مسۆگەر بکات، هەروەها یەکێتی ژنان لە چوار بەشەکەدا زنجیرەیەکی جیانەکراوە پێکدەهێنن، کە هێز و ئیرادەی ژنان نیشان دەدات بۆ شکستپێهێنانی هەموو پیلانگێڕییەکان لە دژی ئەوان و تێپەڕاندنی هەموو ئاستەنگەکان لە ڕێگەی یەکگرتووییەوە.
خوناف خەلیل لە کۆتایی قسەکانیدا پەیامی بۆ هەموو ژنان ناردو وتی: هەموو ژنان دەبێت لە ڕێگەی خولی پەروەردەیەوە خەباتیان چڕتر بکەنەوە لەسەر هەموو ئاستەکانی سیاسی و سەربازی وکولتووری، بۆ ئەوەی بتوانن خاوەنی ئیرادەیەکی نەبڕاوە بن بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی شۆڕشەکەیان، بەم شێوەیەش ببنە نموونەیەک کە لە سەرانسەری جیهاندا پەیڕەوی لێبکرێت.