لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەتەشە ٧٥١ ژن کوژراون و ڕفێندراون
لەماوەی دەسەڵاتی هەتەشە لە سووریا ٧٥١ ژن لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەودا کوژراون، ڕفێنراون یان بێسەروشوێنکراون.
ناوەندی هەواڵ
ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ "SOHR"، ‘پلاتفۆرمی کوشتنی ژنانی سووریا ڕابگرن’ و ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە راپۆرتێکدا ئاماری پێشێلکارییەکانی دژ بە ژنانی لەماوەی دەسەڵاتی هەتەشە لە سووریا ئاشکرا کرد.
کوشتنی ژنان زیاد دەکات
بەپێی ئامارەکانی “ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ”، لە دوای هاتنە سەردەسەڵاتی هەیئەی تەحریر شام (هەتەشە) لە سووریا و تا بڵاوبوونەوەی ئەو ڕاپۆرتە، ٦٥٠ کەس لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتیدا کوژراون، واتە دوو کەس لە ڕۆژێکدا، لە نێو قوربانییەکان ١٢٧ ژنیش هەن کە لە شوێنە گشتییەکان لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی کاتی سووریا گوللەباران کراون.
تەنها لە سووەیدا ١٣٠ ژن کوژراون
زۆرینەی ٥٢٠ کوشتنی دیکە لە دیمەشق و گوندەکانی سنووری حەما، حومس، لازقیە، تەرتوس، ئیدلب و حەلەب ڕوویانداوە، بە هۆکاری تەقینەوەکان کە بەهۆی پاشماوەی جەنگ و تەقەی نیشانەشكێنەکان و تۆڵەسەندنەوە یان کوشتنی مەزهەبی ئەنجامدراون، ئەمە جگە لەو کوشتنانەی کە بەهۆی توندوتیژی خێزانی و کۆمەڵایەتییەوە ئەنجامدراون.
سەرەڕای ئەم دۆخە، هیچ ڕێکخراوێک نییە کە پێشێلکارییەکانی دژی ژنان بەڵگە بکات و حکومەتی کاتیش ڕێگریی لە دەستڕاگەیشتن بە زانیارییەکان دەکات.
زیاتر لە ١٠٠ ژن ڕفێندران و بێسەروشوێن بوون
دەیان ژن و ژنی گەنج لە شارە جیاوازەکانی سووریا لە هەلومەرجێکی پڕ لە نهێنی ڕفێندراون، تا ئێستا هیچ لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوەیەک بۆ دیاریکردنی چارەنووسیان ئەنجام نەدراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی “ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی” و “پلاتفۆرمی کوشتنی ژنانی سووریا ڕاوەستێنن”، لە مانگی شووباتی ٢٠٢٥ـەوە لانیکەم ٣٦ ژنی عەلەوی کە تەمەنیان لە نێوان ٣ بۆ ٤٠ ساڵدایە لە لازقیە، تەرتوس، حومس و حەما ڕفێنراون.
لەو ژمارەیەش هەشت حاڵەتیان بە ڕوونی بەڵگەی لەسەرە کە پێنج ژن و سێ منداڵیان تێدایە. بەڵام تا ئێستا هێزە ئەمنییەکان بەدواداچوونیان بۆ هیچ کامیان نەکردووە.
لە باشووری سووریا، بە پێی ڕاپۆرتە ناوخۆییەکانی سووەیدا، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا ٦٥ ژن بێسەروشوێن بوون، هەروەها کۆمیسیاریی باڵای مافەکانی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان، ڕفاندن یان بێسەروشوێنکردنی ٩٧ کەسی لە مانگی یەکی ئەمساڵەوە بەڵگە کردووە.
پەراوێزخستنی سیاسیی
جگە لە توندوتیژی جەستەیی، ژنانی سووریا بەردەوام تووشی پەراوێزخستنی سیاسی دەبن. سەرەڕای ڕۆڵی مێژووییان لە هەموو لایەنەکانی ژیاندا، ژنان لە سەردەمی بەعسدا سنووردار بوون و تەنیا بەشدارییەکی ناوەکییان لە دامودەزگاکانی ڕژێمدا هەبوو.
دوای ڕووخانی ڕژێم، ژنان بە تەواوی لە گۆڕەپانی سیاسی قۆناغی کاتی دوور خرانەوە.
ساڵی ١٩٤٩ مافی دەنگدان بە ژنان بەخشرا و لە ساڵی ١٩٥٨ بۆ یەکەمجار چوونەتە پەرلەمان. بەڵام نوێنەرایەتی ژنان لە پەرلەمان بە لاوازی مایەوە و لە سەردەمی بەعسدا ٦٪ بۆ ١٣٪ بوو.
لە یەکەم هەڵبژاردنی بەناو “ئەنجوومەنی گەل”ـی حکومەتی کاتی سووریا، ژنان لە کۆی ١١٩ کورسی تەنیا شەش کورسییان بەدەستهێنا، هەرچەندە ڕێژەی کاندیدی ژن ١٤٪ بوو، ئەمەش بەهۆی سیستەمی هەڵبژاردنی ناڕاستەوخۆ و نەبوونی دەنگی ژنان و ڕەگەزپەرستییەوە.