لە ماوەی سێ رۆژدا ٢٠٠٠ واژوو کۆکراوەتەوە

بۆ پشتیوانی کردن لە هەڵمەتی "١٠٠ هۆکار بۆ دادگاییکردنی دیکتاتۆر" ژنانی باشور دەستیان بە واژوو کۆکردنەوە کرد و ماوەی سێ رۆژ لە سلێمانی بەردەوام بوو.

بۆ پشتیوانی کردن لە هەڵمەتی "١٠٠ هۆکار بۆ دادگاییکردنی دیکتاتۆر" ژنانی باشور دەستیان بە واژوو  کۆکردنەوە کرد و ماوەی سێ رۆژ لە سلێمانی بەردەوام بوو.

ناوەندی هەواڵ

 

رێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان لە شاری سلێمانی بەر لە سێ ڕۆژ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بەشداریکردنی خۆیان لە کۆکردنەوەی واژوو بۆ دادگایی کردنی ئەردۆغان دەستپێکرد و تا ئەمرۆ لە بەردەم باخی گشتی بەردەوام بوون لە کۆکردنەوەی واژووکان لە ناو خەڵکدا.

 

ڕیکخراوەکە ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایانگەیاند تەنها لە شاری سلێمانی لە ماوەی سێ ڕۆژدا ٢٠٠٠ واژوو کۆکراوەتەوە، بانوو هەڵەبجەیی ئەندامی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان لە کۆنگرەکەدا باسی لەوە کرد وەک ئەرکێکی ئەخلاقی و مرۆڤایەتی بەشداریان لەم کەمپینەدا کردووە بۆ پاڵپشتی کردنی بزوتنەوەی ژنانی کورد لە ئەوروپا و ئامانجیانە درێژە بەو کەمپینە بدەن بۆ کۆکردنەوەی ١٠٠ هەزار واژوو، ئاماژەشی بەوەدا دیکتاتۆریەتی ئەردۆغان تا دێت تەشەنە دەستێنێت لە کوشتنی ژن و منداڵ و کاولکاریدا، هەروەها سێ ژنە تێکۆشەری تیرۆرکراو لە پاریس ساکینە جانسز، فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەز بە بیرهێنرانەوە و وەک یەکێک لە تاوانەکانی ئەردۆغان هێنرایە سەر زمان، وتیشی: "ئەردۆغان لە ساڵی ٢٠١٤دا هێرشی کردە سەر شەنگال و ٣٥٠٠ ژنی کورد کڕین و فرۆشتنیان پێوەکرا، لە عەفریندا بە پۆل ژنان دەستگیردەکرێن و بێسەروشوێن دەکرێن، ژنە سەرکردنە هەڤرین خەلەف لەسەر دەستی چەتەکانی ئەردۆغان تیرۆر دەکرێت، بێ شک ئەردۆغان داگیرکارە".

بانوو هەڵەبجەیی لە درێژەی قسەکانیدا وتیشی: " باشووری کوردستان بێ بەش نییە لە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکی فاشیست بە سەرۆکایەتی ئەردۆغان، لە باشووری کوردستان قەتڵ و عامی خەڵک دەکات، گوندەکان چۆڵکراون و بۆردومانی ناوچە شاخاوییەکان دەکات و ژن دەکوژێت، چەندین خێزان لە بناری قەندیل بەهۆی بۆردومانی فڕۆکەوە گیانیان لەدەست داوە".

بانوو باس لە گەلی کورد دەکات و کە ئێستا ئاگاداری دۆخی کوردستانن و دەڵێت: "وەک ساڵانی ٧٠کان و ٨٠کان نەماوە گەلی کورد ئەمڕۆ هۆشیارە و ئاگاداری دۆخی کوردستانە، لە ئێستاشدا ٢٠٠٠ واژوومان کۆکردۆتەوە ئەمڕۆ کۆتا ڕۆژیەتی لە سلێمانی".

 

لە کۆنگرەکەدا ئاماژە بەوە درا بڕیارە ئەو واژووانەی کۆکراونەتەوە بدرێنە نەتەوە یەکگرتووەکان و کەمپینەکەش لە شار و شارۆچکەکانی دیکەی باشوری کوردستان و ئەوروپاش بەردەوامی هەیە تا کۆکردنەوەی ١٠٠ هەزار واژوو.

 

ت.پ