لە ماوەی چوار ڕۆژدا، ١٨٠ هەزار کەس لە خان یونس ئاوارە بوون

لە دوای ئەوەی هێزەکانی ئیسرائیل خێرایی شەڕەکانیان لە شاری خان یونس لە باشووری کەرتی غەززە پەرەپێدا، ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاوارەبوونی زیاتر لە ١٨٠ هەزار کەسی لە ماوەی چوار ڕۆژدا پشتڕاستکردەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

شەڕ و پێکدادانێکی چڕ لە شاری خان یونس، دوای زیاتر لە ٩ مانگ لە دەستپێکردنی شەڕ لە کەرتی غەززە، بووەتە هۆی دروستبوونی شەپۆلی نوێی ئاوارەبوونی ناوخۆیی لە سەرتاسەری غەززە.

 

لە ٢٦ی تەمووز نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، زیاتر لە ١٨٠ هەزار کەس ناچاربوون لە شاری خان یونس لە باشووری کەرتی غەززە هەڵبێن بۆ ئەوەی لە شەڕ و توندوتیژ ڕزگاریان بێت.

 

نووسینگەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هەماهەنگی کاروباری مرۆیی ڕایگەیاندووە، شەڕە توندەکانی ئەم دواییە لە شاری خان یونس، دوای زیاتر لە ٩ مانگ لە دەستپێکردنی شەڕی نێوان هێزەکانی ئیسرائیل و حەماس، بووەتە هۆی دروستبوونی شەپۆلی ئاوارەبوونی ناوخۆیی لە سەرانسەری غەززەدا، بە نزیکەیی لە ماوەی چوار ڕۆژدا لە هەفتەی ڕابردوودا ١٨٢ هەزار کەس لە ناوەندی غەززە و ڕۆژهەڵاتی غەززە ئاوارە بوون، سەدان کەسیش هێشتا لە ڕۆژهەڵاتی خان یونس گیریان خواردووە، پێشتر هێزەکانی ئیسرائیل فەرمانی چۆڵکردنی بەشێکی باشووری شارەکەی ڕاگەیاند.

 

لە ٢٤ی تەمووز، هێزەکانی ئیسرائیل بڵاویانکردەوە کە لە کاتی ئۆپەراسیۆنێکدا لە خان یونس تەرمی ٥ کەسیان دۆزیوەتەوە کە ژنێکیان تێدابوو، لە کاتی هێرشی حەماس لە ٧ی تشرینی یەکەم کوژراون.

 

بەگوێرەی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەهۆی شەڕ لە کەرتی غەززەدا ٤٠٠ هەزار کەس ئاوارەبوون، هەروەها کۆمەڵەی پزیشکی ناسر دوێنێ ڕایگەیاند، ٢٦ کوژراو و دەیان برینداری بۆردومانی ناوچە جیاجیاکانی خان یونسیان بەدەست گەیشتووە.