لە مانگی ئاداردا ٢٩ ژن و دوو منداڵ لە باکووری کوردستان و تورکیا کوژراون
بە گوێرەی ئاماری ژن نیوز، لە باکووری کوردستان و تورکیا لە ماوەی مانگی ئاداردا لانی کەم ٢٩ ژن و دوو منداڵ لە ئەنجامی توندوتیژی کوژراون. لە هەمان کاتدا ٢٠ ژن و دوو منداڵی تریش بە شێوەی گوماناوی گیانیان لەدەستداوە.
ناوەندی هەواڵ
بەهۆی توندوتیژیی پیاوەوە لە مانگی ئاداریشدا ژنان و منداڵان کرانە ئامانج. بە گوێرەی ئاماری توندوتیژیی ژن نیوز، لە ماوەی مانگێکدا لە باکووری کوردستان و تورکیا لانیکەم ٢٩ ژن و دوو منداڵ کوژراون و ٢٠ ژن و دوو منداڵی تریش بە شێوەی گوماناوی گیانیان لەدەستداوە.
داتاکان جارێکی تر نیشانیاندا کە توندوتیژی دژی ژنان تەنها لە گۆڕەپانی گشتی نا، بەڵکوو زیاتر لەناو 'خێزان'، 'هاوسەرگیری' و 'پەیوەندییە نزیکەکان'ـدا ڕوودەدات.
ڕاگەیاندرا کە ١٠ ژن لەلایەن هاوژینەکانیانەوە، حەوت ژن لەلایەن ئەو پیاوانەوە کە لەگەڵیاندا لە پرۆسەی جیابوونەوەدابوون، دوو ژن لەلایەن ئەو پیاوانەوە کە پەیوەندییان لەگەڵیاندا هەیە، ژنێک لەلایەن هاوژینی پێشووی و ژنێکیش لەلایەن ئەو پیاوەوە کە وازی لێهێنابوو، کوژراون.
هەروەها ژنێک لەلایەن براکەیەوە، ژنێک لەلایەن کوڕەکەیەوە، ژنێک لەلایەن خاڵیەوە، ژنێک لەلایەن زاواکەیەوە، ژنێک لەلایەن خوێندکارەکەیەوە، ژنێک لەلایەن کەسێکی نەناسراوەوە، ژنێک لەلایەن پیاوێکەوە کە پەیوەندییەکەی لەگەڵیدا ڕوون نییە و ژنێک لەلایەن هاوژینی خوشکەکەیەوە کوژراوە.