لە مامەیارە نەورۆز پیرۆز کرا

لە گردی مامەیارەی شاری سلێمانی جەژنی نەورۆز پیرۆزکرا، گروپی هەڵپەڕکی و گۆرانیبێژان ئاهەنگەکەیان گەرمتر کرد، ژنان بە جلوبەرگی کۆنی کوردییەوە بەشدارییان کرد.

ناوەندی هەواڵ

 

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە گردی مامەیارە لە شاری سلێمانی ئاهەنگی نەورۆز بە بەشداری هەزاران کەس ئەنجامدرا، چەند کەسێک هاوشێوەی پیرەمێردی شاعیر جلوبەرگیان لەبەرکرد.

 

لە ساڵانی سییەکانی سەدەی ڕابردوودا لەلایەن پیرەمێردی شاعیرەوە ئاگری جەژنی نەورۆز لە گردی مامەیارە کراوەتەوە و ژنان و منداڵان بە جلی ڕەنگاوڕەنگی کوردییەوە بەشداری ئاگر کردنەوە بوون و خوێندکاران بە گروپ لە قوتابخانەکانی ئەو سەردەمەوە چالاکییان ڕێکدەخست و لە مامە یارە پێشکەشکیان دەکرد، هەر لەبەر ئەوەشە بووەتە کلتورێک ساڵانە لە جەژنی نەورۆزدا لە گردی مامەیارە ئاگر دەکرێتەوە، چەندی کەسیش هاوشێوەی پیرەمێردی شاعیر خۆیان دەگۆڕێت.

 

لە ئاهەنگەکەدا چەندین ژن هاوشێوەی ژنانی کۆنی کورد جلوبەرگی کوردییان لەبەرکرد، کۆڵوانە و سەروبەستیان کردووە، چەند گروپێکی هەڵپەڕکێش پارچەیەک هەڵپەڕکێیان پێشکەشکرد، هاوڵاتیان بە گڕوتینەوە هاتبوون بۆ گردی مامەیارە و نەورۆزیان پیرۆز کرد.

 

ت.پ