لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئامارەکانی کۆچی گەنجان لە هەرێمی کوردستان خرایەڕوو
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، ئامارەکانی کۆچی گەنجان بۆ ساڵی ٢٠٢٥ لە لایەن سەرۆکی ڕێکخراوی گەنجانی دەڤەری ڕاپەڕینەوە خرایەڕوو، کە بە پێی ئامارەکان شەش هەزارو ۸٠٠ کەس کۆچیان کردووە، کە دوو هەزارو ۳٠٠ گەنجیان لە دەڤەری ڕاپەڕین بوون.
سلێمانی
پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە هۆڵی کۆنگرێسی زانکۆی سلێمانی، لە لایەن سەرۆکی ڕێکخراوی گەنجانی دەڤەری ڕاپەڕین و بە هاوکاری زانکۆی سلێمانی و وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران و بەشێک لە باوکی کۆچکردوان و ونبوانی ڕێگەی ئەورووپا، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئامارەکانی کۆچی گەنجان لەساڵی ٢٠٢٥، لەلایەن ئەحمەد حەسەن، سەرۆکی ڕێکخراوی گەنجانی دەڤەری ڕاپەڕین خرایەڕوو.
لەسەرەتایی کۆنگرەکەدا ئامادەبوان باسیان لە خراپی گوزەرانی گەنجانی هەرێمی کوردستان و لە ناویاندا دەڤەری ڕاپەڕینکرد، کە زۆرێکیان لەبەر نەبوونی هەلی کار و دامەزراندن ناچار بە کۆچکردن دەبنەوە.
ئەحمەد حەسەن، سەرۆکی ڕێکخراوی گەنجانی دەڤەری ڕاپەڕین، وتی: دەڤەری ڕاپەڕین بە دەروازەی کۆچکردن ناسراوە لە دوای کۆچێکی زۆری گەنجان و گەڕانەوەی زۆرێک لە تەرمی قوربانیان، هەروەها چارەنووسی بەشێکی زۆری ئەو گەنجانەی کە کۆچیان کردووە نادیارە و نازانرێت کە ئایا لە ژیاندا ماون یان مردوون، نەبوونی هەلی کار لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە هۆکارە بۆ دروستبوونی کۆچی گەنجان، بە گوێرەی ئامارەکان لە ماوەی ساڵێکدا شەش هەزارو ۸٠٠ کەس لە هەرێمی کوردستان کۆچیان کردووە، کە بەس لە دەڤەری ڕاپەڕین دوو هەزارو ۳٠٠ گەنج ڕوبەڕووی کۆچکردن بونەتەوە، داواکارین حکومەت و لایەنەکان پڕؤژەکانیان بخەنە دەڤەری ڕاپەرین، تا گەنجان بەهۆی بارودۆخی ئابورییەوە کۆچ نەکەن، هەروەها لایەنی پەیوەندیدار بەرپرسە لە کۆچی گەنجان و هەرمەترسیەکی دیکە کە ڕوبەڕوویان دەبێتەوە.