پزیشکانی باشووری کوردستان داوای دانانی بنکەی تەندروستی لە سنووری ڕۆژئاوای کوردستان دەکەن
پزیشکانی خۆبەخش، بۆ چارەسەرکردنی برینداران و هاووڵاتیانی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان، داوا لە حکومەتی هەرێم و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەن، کە بنکەیەکی تەندروستی لە سەر سنووری سێمێلکا بکەنەوە.
سلێمانی
ئەمڕۆ، لەبەردەم باخی گشتی شاری سلێمانی، لە لایەن بەشێک لە پزیشکانی شاری سلێمانی، بە ئامانجی ناردنی پێداویستی پزیشکی و پزیشکی پسپۆڕ، بۆ هاوکاریکردنی کوردان و برینداران لە ڕۆژئاوای کوردستان، هەروەها دانانی بنکەی تەندروستی لەسەر سنووری ڕۆژئاوای کوردستان، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیان ئەنجامدا.
ڕەوا قوربانی، پزیشک، لە کۆنگرەکەدا ڕاگەیاندراوێکی خوێندەوە و وتی: لە ئێستادا کورد لەبەردەم جەنگێکی مەترسیداردایە، ڕۆژئاوا پەلکێشی جەنگێکی مەترسیدارکراوە، لە ڕابردوودا هەر یەکێکمان ڕووبەڕووی ئەو کارەساتە جەنگاوییە بووینەتەوە، هەروەها یەکێک لە پێداویستییە گرنگەکان لە کاتی هەبوونی جەنگدا، بوونی تیمی پزیشکی و پێداویستی پزیشکییە کە لە خزمەت بریندار و ئاوارەکاندابێت، هەروەها ئێمە وەک نوێنەرانی ئەنجوومەنی پزیشکانی هەرێمی کوردستان، لە سۆنگەی هەستکردن بە بەرپرسیارێتیمان، ئامادەین زیاتر لە ١٠٠ پزیشک لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان، بە خزمەتگوزاریی و پێداویستیە پزیشکییەکانە بگەیەنینە کوردان لە ڕۆژئاوای کوردستان، هەروەها بۆ کارکردنمان لە نێوان سنووری باشووری کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستان پێویستمان بە چەندین پێداویستی سەرەتای جێگیربوون لە سنووری سێمێلکادا هەیە، پاشان لایەنی پەیوەندیدار پێداویستییە سەرەتاییەکان بگەیەنن بە ئێمە تا بتوانین خزمەتی هاووڵاتیانی لەوێ پێبکەین، هەروەها ئەو شارانەی لە سەر سنووری سیمێلکاوە نزیکن، وەک دهۆک و زاخۆ، پێویستە پزیشکی تایبەت بە نەشتەرگەری گشتی ئامادەبکەن تا بتوانن نەشتەرگەرییەکان ئەنجامبدەین.
ئاماژەی بەوەشدا، بۆ ئەنجامدانی ئەم هاوکارییە پزیشکیانە، چەندین پێداویستی بۆ پزیشکان هەیە، کە بریتین لە: کردنەوەی سنوور بەڕووی پزیشکان و هاووڵاتیاندا تا بتوانن چارەسەر وەربگرن، دابینکردنی کامپ و پێدانی چەندین کەرەستەی پزیشکی و مرۆیی بۆ پزیشکان، مۆڵەتدان و کارئاسانی کردن بۆ پزیشکانی هەریمی کوردستان بۆ ئامادەبوونیان لە ڕۆژئاوای کوردستان، دروستکردنی پەیوەندی لە نێوان شارەکانی رۆژئاوای کوردستان و پزیشکانی نێردراو لەوێدا تا بتوانین بارودۆخی برینداران بزانین.
"پزیشکان لە ڕێگەی دابینکردنی پێداویستی پزیشکی و مرۆییەوە خۆبەخشانە هاوکاری بریندارانی ڕۆژئاوای کوردستان دەکەن"
چلچرا سەعید، هاوکار لە تیمی پزیشکانی ڕۆژئاوای کوردستان، وتی: لە ڕێگەی کۆمەک و هاوکارییە پزیشکییەکانەوە پزیشکانمان ئامانجیانە چارەسەر بۆ برینداران و هاووڵاتیان لە ڕۆژئاوای کوردستان بکەن، هەروەها بتوانرێت لە ڕێگەی لایەنی پەیوەندیدارەوە لەسەر سنوورەکان کامپیان بۆ بونیادبندرێت بۆئەوەی بتوانن لە سەر سنووری سیمێلکا هاووڵاتیانی بریندار تیماربکرێن، هەروەها لە ڕێگەی دروستکردنی پەیوەندییەوە توانیومانە ئەو پێداویستیە پزیشکیانە دەستنیشان بکەین کە بۆ برینداران پێویستە، بەڵام هاوکاری کەسانی دستڕۆیشتوومان دەوێت، بۆئەوەی پێداویستییەکانمان بۆ دابین بکەن و ئێمەش بتوانین بیگەیەنین.
لە کۆتایی قسەکانیشیدا، وتی: هەموو هەوڵەکانمان بۆ چوونی تیمێکی پزیشکییە تا لەسەر سنووری سێمێلکا نیشتەجێببن بۆ خزمەتکردنی بریندارەکان، بەڵام ئەوانیش پێویستیان بە پارێزگاری و دابینکردنی هاوکاری و پێداویستییە پزیشکییەکانە.