لە کۆنگرەیەکدا لە تونس داوای هەموارکردنەوەی یاسای لەباربردنی منداڵ و فراوانکردنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان کرا

گروپی ''تەوحیدە بن شیخ'' داوای ڕێزگرتن لە خۆسەری جەستەیی ژنان لەڕێگەی گەرەنتیکردن و پاراستنی مافی لەباربردنی سەلامەتیان بەبێ جیاوازی و پێشوەختە و دوور لە فشارەکانی پەیوەست بە چەواشەکاری کۆمەڵایەتی و ئایین و کەلێنی یاسایی کرد.

زوهور ئەلمەشریقی

 

تونس - سەرەڕای زیاتر لە پەنجا ساڵ لە بە یاساییکردنی لەباربردنی منداڵ لە تونس، ژنان هێشتا ڕووبەڕووی بەربەستی یاسایی و کۆمەڵایەتی دەبنەوە کە ڕێگرییان لێدەکات بە شێوەیەکی کاریگەر سود لەم مافە وەربگرن، لەباربردنی منداڵ وەک بابەتێکی قەدەغە دەمێنێتەوە، هەستکردن بە تاوانباری دروست دەکات و ڕێگە بە هەندێک دەدات کە ژنان لە دەستڕاگەیشتن بە چاودێری تەندروستی بێبەش بکەن.

 

گروپی ''تەوحیدە بن شیخ'' دوێنێ پێنجشەممە ٢٥ی ئەیلول کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییان ئەنجامدا بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی مافی لەباربردن کە دەکەوێتە ٢٨ی ئەم مانگەوە، لە کۆنگرەکەدا تیشک خرایە سەر ئەو ئاستەنگانەی کە ڕووبەڕووی ژنان دەبنەوە دوای نیو سەدە، دوای ئەوەی یاسای تونس لەباربردنی منداڵی بێ مەرجی کرد تا ١٢ هەفتە، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵێکی فراوانتر بۆ دەستەبەرکردنی سەربەخۆیی ژنان، بەشداربووان جەختیان لەوە کردەوە کە یاساکە نوێنەرایەتی بەدیهێنانی سەربەخۆیی جەستەیی دەکات و سەرەڕای تێڕوانینی کۆمەڵایەتی لەسەر بنەمای ئایین، ژنان بەرگرییان لەم مافە کردووە.

 

لە پەراوێزی کۆنگرەکەدا، هادیە بێلهاج، سەرۆکی گرووپی تەوحیدە بن شیخ، ئاماژەی بەوەدا، کە ئۆتۆنۆمی جەستەیی نیشاندەرێکی چارەنووسسازە بۆ دەستڕاگەیشتن بە مافە سێکسی و زاوزێیەکانی ژنان، ئاماژەی بەوەشکردووە، تونس پێشەنگ بووە لە دەرکردنی یاسایەک لە ساڵی ١٩٧٣ کە ڕێگە بە لەباربردنی منداڵ دەدات بە هەڵبژاردن لە ماوەی سێ مانگی یەکەمی دووگیانیدا، بەڵام سوودمەندبوونی ڕاستەقینەی ئەم مافە بۆ ژمارەیەکی زۆرلە ژنان بەهۆی چەندین ئاڵانگاری بە نایەکسانی دەمێنێتەوە.

 

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، یاساکە ئەو تەکنەلۆژیایە لەبەرچاو ناگرێت کە پشت بە لەباربردنی پزیشکی دەبەستێت، کە لە ساڵی ٢٠٠١ لە تونس خرایە بواری جێبەجێکردنەوە، جگە لەوەش حاڵەتی تایبەت هەیە بۆ ژنانی خاوەن پێداویستی تایبەت یان ژنان لە دۆخە سەختەکاندا، هەروەها یاساکە بە ناڕوونی ماوەتەوە سەبارەت بە بڕیارەکان، جگە لەوەش ئاڵانگاری لە سەرچاوە مرۆییەکاندا هەیە، کە زۆرجار کاریگەری لەسەر بۆچوونی ژنان لەسەر بنەمای ئایین یان ئاڵۆزکردنی بابەتەکە بە داوای پشکنین هەیە کە بە زۆری گرنگ نییە بۆ ئەوەی کاریگەرییان لەسەر دروست بکات کە دووگیانیەکەیان کۆتایی پێ نەهێنن کە هادیە بێلهاج پشتڕاستی کردەوە، ئاماژەی بەوەشکرد، لەباربردنی منداڵ بە پزیشکی لە هەموو ناوەندە تەندروستییەکان، چ حکومی بێت یان تایبەت، بەردەست نییە و تەنها لە فەرمانگەی خێزان و دانیشتووان بەردەستە، ئەو پێی وایە کە پێویستە ئەو خزمەتگوزاریانە پێشکەش بکرێت، بەو پێیەی پرۆسەکە لە سەرجەم نەخۆشخانەکان و بنکە تەندروستییەکان ئاسانکاری دەکەن.

 

 

''زۆر بەربەست ڕێگرن لە مافی ژنان بۆ لەباربردنی منداڵ''

لێکۆڵینەوەکان کە لەلایەن کۆمەڵەکە ئەنجامدراون ئاماژەن بۆ بەردەوامبوونی ئەو ئاستەنگانەی کە کۆمەڵگەی مەدەنی لە مێژە داوای چارەسەرکردنیان کردووە و دەوڵەت دەبێت لە ڕێگەی هەڵمەتی میدیایی و هۆشیارییەوە بەرەنگاری ببێتەوە، لەوانە چەواشەکاری کۆمەڵایەتی، چونکە لەباربردن وەک بابەتێکی قەدەغەو دەمێنێتەوە کە هەستکردن بە تاوانباری پەروەردە دەکات و ڕێگە بە هەندێک دەدات ژنان لە خزمەتگوزارییەکانی چاودێری تەندروستی بێبەش بکەن، جگە لەوەش نەبوونی زانیاری و پەروەردەی گشتگیری سێکسی، ژنان لە مافەکانیان بێبەش دەکات، ئامارەکانی کۆمەڵەکە ئاماژە بەوە دەکەن کە چارەکێک لە پیاوانی تەمەن ١٩ بۆ ٢٩ ساڵ و کەمتر لە نیوەی ژنانی گەنج دەزانن کە تونس یاسای لەباربردنی منداڵی هەیە، ئەمەش مشتومڕی لەسەر تەندروستی سێکسی لە قوتابخانەکان و دامەزراوە پەروەردەییەکان بە گشتی هەڵگیرساندووە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، دەستڕاگەیشتنێکی نایەکسان بە زانیاری لە نێوان ناوچە گوندنشینەکان و شارەکاندا هەیە، کێشەکانیش زیاتر بۆ ژنانی گەنج و ئە ژنانەیە کە لە دۆخێکی سەختدان، وەک ئەوانەی سەرچاوەیان کەم بووە یان ئەوانەی خاوەن پێداویستی تایبەتن یان ئەوانەی لە توندوتیژی ڕزگاریان بووە یاخود ئەوانەی لەگەڵ ئایدز دەژین، هەروەها  کۆچبەران، ئەمەش بێبەشیان دەکات لە زانیاری و خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان، جگە لەوەش بۆشایی یاسایی و ڕێکاری ئاڵۆز و ناڕوون بۆ ژنانی بێهاوژین یان منداڵانی خوار تەمەنی یاسایی هەیە.

 

 

''داوای هەموارکردنەوەی یاسای لەباربردنی منداڵ دەکات''

ئاماژەی بەوەشکرد، کۆمەڵەکە داوای هەموارکردنەوە و بەهێزکردنی یاساکە دەکات بۆ داننان بە لەباربردنی پزیشکی، فراوانکردنی بەکارهێنانی بۆ ئەوەی هەموو دامەزراوەکانی چاودێری تەندروستی بگرێتەوە، هەروەها  دانانی کات بۆ هەندێک حاڵەت کە ژنان لە دۆخە سەختەکاندا بەشدارن، هەروەها جەختی لە گرنگی ئاسانکاری دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییەکان کردەوە لەڕێگەی ڕێکخستنی دانپێدانانی ویژدانی، پابەندکردنی ناڕازییان بە ئاراستەکردنی ژنان بۆ دەزگای گونجاو، ڕاهێنانی کارمەندانی چاودێری تەندروستی بۆ ڕێزگرتن لە مافەکان، دڵنیابوون لەوەی ڕێکارەکان بێ بەرامبەرە، وە کارکردن بۆ شکاندنی تابۆکان لەڕێگەی هۆشیاری و ڕێنماییکردنەوە.

 

 

''کەمی هۆشیاری ژنان بووەتە هۆی بەربەستەکانی بەردەم دەستڕاگەیشتن بە لەباربردنی منداڵ''

هاجەر ناسر، ڕێکخەری گرووپی تەوحیدە بن شیخ، جەختی لەوە کردەوە، کە یاسای لەباربردنی منداڵ شۆڕشێکە لە یاسادانان کە بەرگری لە سەربەخۆیی جەستەیی ژنان دەکات، بەو پێیەی بە یاسایەکی پێشکەوتوو دادەنرێت کە مافی ئەوە دەداتە ژنانی تونس تا ١٢ هەفتە بەبێ فشار کۆتایی بە دووگیانی بێنن، ئەو پێی وایە سەرەڕای ئەمەش، ڕاستییەکە هێشتا جیاوازە و لەگەڵ یاسادا ناگونجێت، بەو پێیەی ژنان ڕووبەڕووی ئاستەنگی زۆر دەبنەوە بۆ سوودموندبوون لەم مافە، هەروەها ئەو پرسە وەک قەدەغەیەک دەمێنێتەوە کە لەلایەن میدیاکان و تەنانەت خێزانیشەوە قسەی لەسەر ناکرێت، وەک ئەوەی "شەرمەزارییەک" بێت، بەڵکو پەنجەی تاوانبارکردن ئاراستەی ئەو ژنە دەکرێت کە بڕیاری کۆتاییهێنان بە دووگیانیەکەی دەدات بەهۆی ئەو بارودۆخەی کە پەیوەندی بەوەوە هەیە و ئەمەش ماف دەدات بە پیشەییەکانی چاودێری تەندروستی کە ڕەتیبکەنەوە ئەم خزمەتگوزارییە پێشکەش بکەن یان زانیاری دروست پێشکەش بکەن.

 

هەروەها جەختیشی لە گرنگی چارەسەرکردنی کەمی هۆشیاری ژنان بۆ تێپەڕاندنی ئاستەنگەکان و دەستەبەرکردنی دەستڕاگەیشتن بە لەباربردنی سەلامەت بە بێ فشار و بە پشتبەستن بە بڕیاری خودی ژنەکە بە ئاسانی کردەوە، وتیشی: "پێویستە کۆمەڵگەی مەدەنی کاربکات بۆ باشترکردن و هۆشیارکردنەوەی ژنان سەبارەت بەم مافە، چۆن و لە کوێ، وە چۆن لە یاسا تێبگەن بۆ ئەوەی نەبنە قوربانی فشارەکان لەسەر بنەمای هەندێک ڕەوت".

 

ئاماژەی بەوەشکرد، کۆمەڵەکە ساڵانێکە بەو ئاراستەیە کاردەکات و هەوڵدەدات مامانەکان ڕابهێنێت بۆ باشترکردنی هەڵوێستەکانیان بەرامبەر بە لەباربردنی منداڵ بۆ ئەوەی هۆشیارییەکی تەواویان هەبێت لەکاتی وەرگرتنی ژنان، زیاتر لە ١٦٠ پسپۆڕی تەندروستی لە ویلایەتە جیاوازەکاندا ڕاهێنران بۆ هۆشیارکردنەوەی خەڵک سەبارەت بە ڕێزگرتن لە مافەکان و ئاسانکردنی ڕێکارەکان.

 

بەشداربووان جەختیان لەوە کردەوە، کە کاتی ئەوە هاتووە دڵنیابین لەوەی هەموو ژنێک بەبێ گوێدانە بارودۆخی خۆی، دەتوانێت بە کەرامەت و بەبێ جیاوازی و لەسەر بنەمای بڕیاری خۆی دەستی بە لەباربردنی منداڵ بگات.