لە کۆبانێ و حەسەکە ڕێپێوان بۆ باشوری کوردستان ئەنجامدرا

هاوڵاتیان و گەنجان لە کۆبانێ و حەسەکە لە ڕۆژئاوای کوردستان، دژ بە هێرش و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر خاکی باشوری کوردستان ڕێپێوانیان ئەنجامدا و هێرشەکانیان شەرمەزار کرد.

 

کۆبانێ

دەوڵەتی تورکیا ٢٣ی نیسان/٤ هێرشەکانی بۆ داگیرکردنی هەندێک ناوچەی باشوری کوردستان دەستپێکرد، لە دژی ئەو ‌هێرشانە شەوی ڕابردوو، تەڤگەری گەنجانی شۆڕشگێڕ و یەکێتی ژنانی گەنجی کۆبانێ بە دروشمی "بە سەرکەوتنی گارە و بازەکانی زاگرۆس، داگیرکاری تێکدەشکێنین و سەردەکەوین" ڕێپێوانێکی بە مەشخەڵیان ڕێکخست، لە ڕێپێوانەکەدا دروشمەکانی بژی بەرخۆدانی گەریلا، بێ سەرۆک ژیان نابێ وترانەوە.

لە کۆتایی ڕێپێوانەکەدا لەلایەن محەمەد ئەحمەد ئەندامی تەڤگەری گەنجانی شۆڕشگێر خوێندرایەوە، تێیدا هاتبوو: ئێمە وەک گەنجان دەبێت لە دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بوەستینەوە، ئێمە ئامادەی شەڕ و سەفەر بەرین، پێویستە گەنجان لە هەموو شوێنکدا خۆیان بەڕێکخستن بکەن و لە دژی هێرشەکان بێدەنگ نەبن.

 

ژنانی گەنج لە کۆبانی بۆ ژنها دوان و ئاماژەیان بەوەدا : وەک ژنانی گەنج لە کۆبانێ هێرش و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک شەرمەزار دەکەین و هەمیشە لەسەر پێین بۆ پوچەڵکردنەوەی پیلانەکانی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر.

حەسەکە

هەر دژ بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا، هاوڵاتیانی شاری حەسەکە لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، بە بەشداری پێکهاتەکانی کورد، عەرەب و سوریان بە ڕێپێوانێکی جەماوەری هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیان شەرمەزارکرد و ئەندامانی ڕێکخراوە مەدەنییەکان لە ڕێپێوانەکەدا بەشداربوون، دروشـمی "پێکهاتەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا داگیرکاری عوسمانییەکان قبوڵ ناکات" بەرزکرابوونەوە.

لە کۆتایی ڕێپێوانەکەدا دوای خولەکێک ڕێزگرتن، وتەبێژی کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستار لە کانتۆنی حەسەکە ئەڤن پاشۆ، سڵاوی لە بەرخۆدانی باشوری کوردستان کرد و وتارێکی پێشکەشکرد، لە وتارەکەدا ئاماژەی بەوەدا: هێرشی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر خاکی باشوری کوردستان درێژەی کۆمپلۆی نێودەوڵەتییە، ئەمڕۆ هێرش بۆ سەر ئێرە دەکات و لە ئیمرالی گۆشەگیری توندتر دەکات، هەموو هێرشەکان هەوڵی لەناوبردنی نەتەوەی دیموکراتیکە، بەڵام دەوڵەتی تورکیا ناتوانێت جارێکی دیکە ئەو گەلەی هۆشیارە و خۆی بەڕێکخستن کردووە لەناوببات.

 

ژنانی حەسەکە بۆ ژنها دوان و هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیان شەرمەزارکرد و سڵاویان لە بەخۆدانی باشوری کوردستان کرد.

 

ت.پ