لە کاتی دەستبەسەرکردندا دەستدرێژی کراوەتەسەر ڕۆژنامەنووسێک
ڕۆژنامەنووسێکی ئێران ڕایگەیاند، لەکاتی دەستبەسەرکردنی لەلایەن ئەفسەرێکەوە دەستدرێژی کراوەتە سەری، ئەزموونەکانی کاتی زیندان کاریگەری قووڵیان لەسەر تەندروستی دەروونی هەبووە.
ناوەندی هەواڵ
ویدا ڕەباتی، ڕۆژنامەنووسی ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی سەبارەت بە بارودۆخی دەستبەسەرکراوی خۆی لە ژێر دەسەڵاتی ڕژێمی ئێران و توندوتیژی و خراپ مامەڵەکردن لە کاتی دەستبەسەرکردندا ڕایگەیاند، دوای دەستبەسەرکردنی ئەم دواییە بۆ دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی ساری گواسترامەوە و لە ماوەی دەستبەسەرکردندا بەهۆی پابەند نەبوونم بە باڵاپۆشی زۆرەملێ ڕووبەڕووی فشاری جۆراوجۆر بوومەوە و لەکاتی لێکۆڵینەوەدا لەلایەن یەکێک لە ئەفسەرەکان دەستدرێژی سێکسی کرایە سەرم.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەزموونی زیندان و ئەو بەریەککەوتنانەی کە تووشی من بووە، کاریگەری قووڵیان لەسەر تەندرووستی دەروونی هەبووە، دوای ئازادکردنم ڕووبەڕووی چەندین کێشە بوومەتەوە لەوانە، کەمخەوی بەردەوام، هێرشی دڵەڕاوکێ، هەستکردن بە نائەمنی و پێویستی خواردنی دەرمانی هێورکەرەوە.
جەختی لەوە کردەوە کە کاریگەرییە دەروونییەکانی ئەم ئەزموونە تەنانەت دوای کۆتایی هاتنی دەستبەسەرکردنیشی بەردەوام بووە و کاریگەری لەسەر ژیانی ڕۆژانەی هەبووە.
هەرچەندە دەسەڵاتدارانی ئێران بەردەوام بەشێکی بەرچاو لەم تۆمەتانەیان ڕەتکردووەتەوە، بەڵام بەردەوامی بڵاوکردنەوەی گێڕانەوەی هاوشێوە لە لایەن زیندانیانی پێشوو، ڕۆژنامەنووسان، چالاکوانانی مەدەنی و ناڕازییانەوە، بەردەوام بووە لە دانانی پرسی چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ دەستبەسەرکراوان.
بڵاوبوونەوەی ئەم جۆرە گێڕانەوەیانە لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار کاردانەوەی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی لەگەڵدا بووە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی داوای لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ و شەفاف لەو تۆمەتانە بکرێت کە لە ناوەندەکانی دەستبەسەرکردندا خراونەتەڕوو .