لە کانوونی دووەم لە عێراق ٧ هەزار جیابوونەوە تۆماركراوە

ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق بڵاویكردەوە، لە مانگی كانوونی دووەمی ئەمساڵدا زیاتر لە ٧ هەزار حاڵەتی جیابوونەوەی هاوژینان تۆماركراوە، كە ڕۆژانە دەكاتە ٢٤٨ حاڵەتی جیابوونەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراقی لە بارەی ئاماری جیابوونەوەی هاوژینان لە مانگی كانوونی دووەمی ٢٠٢٤دا ڕاگەیاندراوێكی بڵاوكردەوەو تێیدا هاتووە: ژمارەی هاوسەرگیری نوێ لە مانگی كانوونی دووەمی ئەمساڵدا ٣٠ هەزار و ٨٩٥ پرۆسە بووە، هاوكات ژمارەی جیابوونەوەى هاوسەران گەیشتووەتە ٧ هەزار و ٤٥٣ حاڵەت، واتە ڕۆژانە نزیكەی ٢٤٨ حاڵەتی جیابوونەوە لە دادگاكانی عێراق تۆماركراوە.

 

ئاماژە بەوەشكراوە، بەغدای پایتەخت پێشەنگی لیستەكەی گرتووە، لە زۆری ژمارەی ئەنجامدانی  هاوسەرگیری و جیابوونەوە، لە پارێزگای موسەننا كەمترین حاڵەتی جیابوونەوە و هاوسەرگیری تۆمار كراوە، كە ٨٠١ پرۆسەی هاوسەرگیری ئەنجامدراوە، هەروەها ١٤٧ حاڵەتی جیابوونەوەش تۆماركراوە.

 

بەپێى بۆچوونى شارەزایان هاوسەرگیری لە تەمەنی زووداو بە منداڵی، خراپی دۆخی ئابووری، توندووتیژی خێزانی، لەسەرەكیترین هۆكارەكانن بۆ بەرزبوونەوەی ڕێژەی جیابوونەوە لە عێراق.