لە جەزائیر توندوتیژی خێزانی دژی منداڵانی کچ بەردەوامە

کوشتنی منداڵانی کچ لەناو خێزانە جەزائیرییەکان پەرەسەندنێکی مەترسیدار لە توندوتیژی خێزانی ئاشکرا دەکات، کە لاوازی میکانیزمەکانی پاراستن و دەستێوەردانی پێشوەختە ئاشکرا دەکات، ئەمەش تیشک دەخاتە سەر پێویستی بەپەلە بۆ بەهێزکردنی پاراستنی منداڵان.

ڕابیعە خورەیس

 

جەزائیر – مانگی نیسانی ٢٠٢٦ مانگێکی ئاسایی نەبوو، بەو پێیەی کۆمەڵەی ژنانی جەزائیر بەردەوامبوونی ژنکوژییەکانیان بەڵگەدار کردووە، کە حەوت ژن کە منداڵامئ کچی لەنێویاندا بووە، لەلایەن باوکیانەوە کوژراون، ئەمەش پرسیاری بەرچاو دەوروژێنێت، گرنگترینیان بریتین لە: هۆکار و پاڵنەرەکانی تاوان لە ناو خێزاندا چین، کە بڕیارە ڕەفتاری تەندروست و خۆشگوزەرانی دەروونی لە کۆی کۆمەڵگەدا جێگیر بکات؟ تایبەتمەندی تاوانبار و زیانبەرکەوتوو چییە و کاردانەوە و دەرئەنجامەکانی تاوانەکە لەسەر ژینگەی خێزان چییە؟

 

لە نێوان ٢ و ٢٨ی نیساندا حەوت کوشتن لەناو خێزانە جەزائیرییەکان تۆمارکراوە کە دوو منداڵای کچیان تێدایە، سەرەتای مانگی ڕابردوو شاری باتنە بەهۆی کارەساتێکی خێزانییەوە شڵەژێنرا، کاتێک باوکێکی تەمەن چل ساڵ کچێکی کوشت و کچێکی دیکەی سووتاند، کە ئێستا لە چاودێری چڕدایە.

 

چیرۆکە کارەساتبارەکان

بەپێی زانیارییەکان، تاوانبارەکە دوو کچەکەی بانگهێشتی ماڵەکەی خۆی کردووە، کە دوای مردنی دایکیان و دووبارە هاوسەرگیری باوکیان لە ماڵی مامییان ماونەتەوە، کچە بچووکەکەی کە تەمەنی ١٢ ساڵ بوو کوشت و تەرمی کچەکەی پارچە پارچە کرد و لە باڵکۆنەکەی خۆی بە خاکی سپارد، پاشان ئاگری لە کچەکەی تری بەردا کە تەمەنی ٨ ساڵ بوو، توانی هەڵبێت بۆ نزیکترین بنکەی پۆلیس و ڕاپۆرتی تاوانەکەی بدات.

 

کارەساتی دووەمی خێزانی لە شارۆچکەی شەت ڕوویدا، کە باوکێک کچەکەی کوشت، کە تەمەنی بە نزیکەی ١٧ ساڵ بوو، لە خوێندنی ناوەندیدا دەیخوێند و خۆی بۆ ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی بەکالۆریۆس ئامادە دەکرد، تاوانەکە لەناو ماڵی خێزانەکەدا بووە، کە باوکەکە بە توندی لێیداوە و کچەکەی گیانیلەدەستداوە.

 

لە کۆتایی مانگی کانوونی دووەمدا شارۆچکەی سیدی عەکاشە لە شاری شلف بەهۆی تاوانێکەوە هەژێندرا کە کۆمەڵگەی ژنان و چالاکوانانی مافی مرۆڤی بە قووڵی تووشی شۆک کرد، کە داوای جێبەجێکردنی خێرای ڕێوشوێنی پاراستنی منداڵانی کەم تەمەنی لاوازیان کرد، لەوانەش پەناگەی دەستبەجێ و دوورخستنەوەی ئەنجامدەری توندوتیژییەکان و چالاککردنی دەستبەجێی میکانیزمەکانی پاراستنی منداڵان، دۆسیەکە پەیوەندی بە ئەسما ئومەیمە مومنە، منداڵێکی کچێکی ١٦ ساڵانەوە هەبووە کە لەلایەن باوکیەوە بە بەکارهێنانی "مدراة" (کەرەستەیەکی تیژی کشتوکاڵی) کوژراوە، بە توندی لێیداوە و بووە هۆی برینداربوونی سەخت و شێواوی لە هەموو جەستەیدا،.

 

کارەساتی حەنان و ئومەیمە چەندین کارەساتی تری لاوازی خێزانیمان بیردەخاتەوە، دیارترینیان چیرۆکی ئیمان بونویفە، تەمەن ٢٦ ساڵ، خوێندکاری دەروونناسی و خوشکە بچووکەکەی مەلەک بونویفە ، ١٨ ساڵ، کە لەلایەن باوکیانەوە کوژراون، ئەم تاوانە قێزەونە درێژەپێدەری یەکەم تاوانی  بوو کە ١٦ ساڵ پێشتر ئەنجامیدا، کاتێک ژنەکەی کوشت، کە دووگیانیەکەی لە ٣٨تەمین هەفتەیدا بوو، لەبەردەم دوو کچەکەیدا گیانی لەدەستدا، ئیمان کە ئەوکات تەمەنی ١١ ساڵ بوو، مەلاک کە ئەوکات تەمەنی ٣ ساڵ بوو، دوای ئازادبوونی لە زیندان، خوشکەکان ناچاربوون بگەڕێنەوە بۆ ئەوەی لەگەڵ باوکە بکوژەکەیان لە ژێر یەک سەقفدا بژین، بێ ئاگا لەوەی کە ڕووبەڕووی هەمان چارەنووسی دایکیان دەبنەوە.

 

ئەم دیاردەیە تازە نییە

کوشتنی ژنانی گەنج، وەک ئەوەی لەگەڵ حەنان، ئومەیمە، ئیمان و مەلەکدا ڕوویدا، تەنها "ڕووداو" یان "کارەساتی گۆشەگیر" نییە، بەڵکو بە ڕوونی مەترسی و دەرئەنجامەکانی توندوتیژی کۆبووەوە لەناو خێزانەکانەدا ئاشکرا دەکەن، کە پاراستن دەبێ لە پێش هەموو شتێکەوە بێت.

 

سەمیە غەزولی، ڕاوێژکاری خێزان و چالاکوانی ژنان لە شیکردنەوەی ئەو هۆکارە دامەزراوەییانەی کە پاڵپشتی بڵاوبوونەوەی ئەم دیاردەیە دەکەن، وتی: ئەم دیاردەیە بۆ کۆمەڵگە تازە نییە، بەڵکو درێژکراوەی چەندین ساڵە، بەڵام جیاوازی لە نێوان ڕابردوو و ئێستادا هەیە، لە ڕابردوودا حاڵەتەکانی دەستدرێژیکردن، بەتایبەتی دژی منداڵانی کچ، لە پشت دەرگا داخراوەکانەوە بە شاراوەیی دەمانەوە، بەهۆی هەڕەشە، ترس یان فشاری خێزانی کە بێدەنگییان بۆ پاراستنی ناوبانگی خێزانەکە دەسەپاند یان نەبوونی کەناڵەکانی ڕاپۆرتکردن.

 

ئەمڕۆ، تۆڕی کۆمەڵایەتی "شکاندنی بێدەنگی دەوروبەری توندوتیژی، بەتایبەتی توندوتیژی خێزانی و ڕەگەزی، ئەو بڕوایەی بەخشی کە دیاردەکە لە هەڵکشاندایە"، وتی: ناتوانرێت بوونی هەندێک هۆکاری بەشداربوو ڕەت بکرێتەوە، وەک فشارە ئابوورییە کۆمەڵایەتییەکان، کە بە بزوێنەری سەرەکی توندوتیژی دادەنرێت، جگە لە میکانیزمە لاوازەکانی پاراستن و ڕێگریکردن، لەوانە وەرنەگرتنی لێدوانی زیانبەرکەوتووان و بەوپەڕی جددی مامەڵەکردن لەگەڵ هەموو ڕاپۆرتێک بۆ دڵنیابوون لە پارێزراویان، ئەمانە هەمان ئەو داواکاریانەن کە پێشتر گروپی "نا بۆ کوشتنی ژنان لە جەزائیر" کە ڕێکخراوێکی تایبەتە بە پێشخستنی مافەکان خستبووەڕوو، ئەوان جەختیان لەسەر پێویستی بەپەلە کردەوە بۆ پاراستنی منداڵانی کەم تەمەن لە ڕێگەی مسۆگەرکردنی پەناگەی دەستبەجێ، لابردنی کاریگەرانەی ئەنجامدەرانی توندوتیژی و چالاککردنی خێرای میکانیزمەکانی پاراستنی منداڵان.

 

ئەمڕۆ چی پێویستە؟

بەپێی ئامارەکانی گروپی "نا بۆ ژنکوژی لە جەزائیر" لە ساڵی ٢٠١٨ەوە زیاتر لە ٣٩٤ حاڵەتی کوشتنی ژن تۆمارکراوە، گروپەکە جەخت لەوە دەکەنەوە، کە ئەم ژمارەیە نوێنەرایەتی کەمترین ژمارەی دەکات، هەروەها ژمارەی ڕاستەقینەی زیانبەرکەتووان لە وڵاتەکەدا زۆر زیاترە بەهۆی سەختی دەستڕاگەیشتن و بەڵگەنامەکردنی حاڵەتەکانی دیکە.

 

سەمیە غەزولی ئاماژە بە فاکتەری دیکە دەکات کە گنگیەکەی لەوانی دیکە کەمتر نییە: ئەقڵیەتی کۆمەڵگە و کولتووری پیاوسالاری کە تا ئێستاش لە هەندێک ژینگەدا بۆ کۆنترۆڵکردنی منداڵانی کچ بەکاردەهێنرێت، یەکێک لە پاساو هەرە دیارەکان کە بۆ شەرعیەتدان بە توندوتیژی بەکاردەهێنرێت ئەوەیە کە کچەکە خۆی باوک و براکەیدە وروژێنێت بۆ ئەوەی توندوتیژی بەرامبەری ئەنجامبدات، ئەو باوترین دەستەواژە دەهێنێتەوە، وەک: کچەکە چی کردووە؟ هەر بپۆیە ژینگەی دەوروبەری ڕۆڵێکی دیار دەگێڕێت لە وروژاندنی ئەم دیاردەیە و بەهێزکردنی ڕەفتارە شەڕانگێزەکان.

 

لە شیکردنەوە قووڵەکەیدا، بۆ کەموکوڕییەکانی سیستەمی پاراستن وتی: کێشەکە لە بوونی یاساکاندا نییە، بەڵکو لە جێبەجێکردنی ڕاستەقینەیاندایە لەسەر زەوی، ئەمە جگە لەوەی کە میکانیزمی ڕاپۆرتکردن و پاراستنی دەستبەجێی نییە.

 

سەمیە غەزولی جەخت لەسەر بەهێزکردنی میکانیزمەکانی پاراستنی یاسایی دەکاتەوە لە ڕێگەی جێبەجێکردنی توندی یاساکان و خێراکردنی ڕێکارەکانی ڕاپۆرتکردن و پێشکەشکردنی پشتیوانی بۆ زیانبەرکەتووان لە هەمان کاتدا دڵنیابوون لە پاراستنیان لە فشار و هەڕەشەکان، ئەو جەخت لەسەر گرنگی دابینکردنی شوێنی پارێزراو و ناوەندی گوێگرتن دەکاتەوە لە پێناو کەمکردنەوەی توندوتیژی و پاراستنیان بەتایبەت منداڵانی کچ.