لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری لوبنان ٢١ کەس کوژران...لە نێویاندا دوو منداڵی سووری تێدایە
بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی نیشتمانیی لوبنان، بە هۆی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر چەند ناوچەیەک لە باشووری لوبنان، ٢١ کەس کوژراون کە دوو منداڵی سووری تێدایە.
ناوەندی هەواڵ
هێرشەکانی ئیسرائیل لە باشووری لوبنان لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا پەرەی سەندووە، سەرەڕای ڕێککەوتنی ئاگربەست لە نێوان هەردوولا، ئەمەش ترسی دووبارەبوونەوەی ململانێ و بەرفراوانتری دروستکردووە.
بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵدەریی نیشتمانیی لوبنان، ٥ی حوزەیران لە باشووری لوبنان ٢١ کەس کوژراون کە دوو منداڵی سووریان تێدایە.
وەزارەتی تەندروستی لوبنان هێرشەکەی سەر شارۆچکەی زەبدینی شەرمەزار کرد، جەختی لەوە کردەوە، کە بە ئامانجگرتنی کارمەندانی فریاگوزاری لە کاتی ئەنجامدانی ئەرکەکانیاندا پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکانە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا، کە دوێنێ بڵاویکردەوە، وەزارەتی تەندروستی لوبنان ڕایگەیاند، هێرشەکانی ئیسرائیل لە ٢ی ئادارەوە تا ئێستا لانیکەم ٣٥٥٨ کەس گیانیان لەدەستداوە و ١٠٨٧٠کەسی دیکەش لە سەرانسەری لوبنان برینداربوون، هێرشەکان لە باشووری لوبنان بەردەوامن، سەرەڕای ڕێککەوتنی ئاگربەست.