لە هەرات تەقە لە گەشتیاران کراو ١١ هاوڵاتی مەدەنی کە ژن و منداڵیان تێدایە کوژران

نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاوکاری لە ئەفغانستان "یونامی" ڕایگەیاند، لە ڕووداوێکی تەقەکردن لە دژی خەڵکی مەدەنی لە شاری هەرات، ١١کەس گیانیان لەدەستداوە کە ژن و منداڵیان تێدایە.

ناوەندی هەواڵ

 

دوێنێ نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاوکاری لە ئەفغانستان "یونامی" پشتڕاستی کردەوە کە ڕۆژی هەینی هێرشێکی چەکداری بۆ سەر خەڵکی مەدەنی لە پارێزگای هەرات بووە هۆی زیانی گیانی، یونامی داوای لە تاڵیبان کرد لێکۆڵینەوەی ورد لە ڕووداوەکە ئەنجام بدات.

 

١١ کەس کوژراون کە ژن و منداڵیشیان تێدایە

یونامی ئاماژەی بەوەشکردووە، هێرشەکە لە گوندی دێه مەهری سەر بە ئینجیل بووە و بەهۆیەوە لانیکەم ١١ کەس کوژراون و ١١ی دیکەش برینداربوون.

 

یونامی ئاماژەی بەوەشکردووە، هەرچەندە هێشتا ژمارەی قوربانییەکان نەزانراوە، بەڵام ژن و منداڵ لەنێو کوژراوەکاندا بوون.

 

لەلایەکی دیکەوە تۆمارەکانی نەخۆشخانەکانی هەرات دەریدەخەن کە لانیکەم پێنج ژن لەنێو کوژراو و بریندارەکاندا بوون، بەرپرسانی ناوخۆیی تاڵیبانیش کوژرانی دوو ژنیان لە ئاماری سەرەتایی خۆیاندا پشتڕاستکردەوە.

 

هاوڵاتیانی مەدەنی پێویستیان بە پاراستن هەیە

سەرۆکی ڕێکخراوی یونامی و جێگری نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی ئەفغانستان جەختیان لە سەر پێویستی پاراستنی خەڵکی مەدەنی کرد و داوای لێپرسینەوە و لێکۆڵینەوەی وردیان لە ڕووداوەکە کرد.