لە هەڵەبجە و سلێمانی فەرمانبەرانی گرێبەست و مامۆستایانی وانەبێژ گردبوونەوە
بە دروشمی "با بەشێک بین لە بودجە"، "بەڵێ_بۆ_بەهەمیشەی_كردنی_فەرمانبەرانی_گرێبەست"، فەرمانبەرانی گرێبەست و مامۆستایانی وانەبێژ لە سلێمانی و هەڵەبجە کۆبوونەوە.
بە دروشمی "با بەشێک بین لە بودجە"، "بەڵێ_بۆ_بەهەمیشەی_كردنی_فەرمانبەرانی_گرێبەست"، فەرمانبەرانی گرێبەست و مامۆستایانی وانەبێژ لە سلێمانی و هەڵەبجە کۆبوونەوە.
هەڵەبجە
بەشێوەیەكی خۆڕسكانە و دوور لە هەموو باگراوندێكی سیاسی و حیزبی، بۆ داواکردنی مافە ڕەوا و سەرەتایییەکانیان سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لە باخی گشتی شاری هەڵەبجە، ژمارەیەک فەرمانبەری گرێبەست گردبوونەوە.
لە سەرەتای گردبوونەوەکەدا بەیاننامەیەک لەلایەن بوشرا سازانی خوێندرایەوە و تێیدا هاتبوو: لە ئیستادا کە پرۆژەیاسای بودجە ئامادەکراوە، ستەمێکی گەورە لە فەرمانبەرانی گرێبەست دەکرێت و ڕێژەی سەدا بیست و یەک لە موچەکانمان دەبڕدرێت، وە لە یاسای بودجەدا بە سانایی مافی گرێبەستەکان پێشێلدەکرێت، داواکارین ئەمڕۆ بکەینە فشار لەسەر دەسەڵات بۆ ئەوەی فەرمانبەرانی گرێبەست بکرێنە هەمیشەیی.
شانۆ محمود وەک فەرمانبەرێکی گرێبەست هاتووین داوای مافی خۆمان دەکەین چونکە دامەزراندن نامانگرێتەوە، هەیە ماوەی پانزە ساڵە گرێبەستە و نەکراوەتە هەمیشەیی.
سلێمانی
لە شاری سلێمانیش مامۆستایانی وانەبێژ لە بەردەم بینای پەروەردەی ڕۆژئاوادا بە دروشمی "ئەی حکومەتی هەر بێنە.. مامۆستا دامەزرێنە، نیوەی کەرتی پەروەردە .. لەسەر وانەبێژ بەندە" گردبوونەوەیان ئەنجامدا و بە بەیاننامەیەک داواکارییەکانیان خستەڕوو.

مامۆستایانی وانەبێژ ویستیان ڕێگە لە کاروانی ئۆتۆمبێلەکانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی بگرن، بەڵام بەهۆی نەوەستانی ئۆتۆمبێلەکانی مەسرور بارزانییەوە، نەیانتوانی ڕێگەکە بگرن، دواتر بە ڕێپێوان ڕێکەوتن بۆلای فەرمانبەرانی گرێبەست.

فەرمانبەرانی گرێبەستیش لەبەردەم بینای پاریزگاری سلێمانیدا گردبوونەوەیان ئەنجامدا و لەگەڵ مامۆستایانی وانەبێژدا بە یەکدەنگ داوای مافەکانی خۆیان بەرزکردەوە.
هەر ئەمڕۆ لە گەرمیان و ڕانیە گردبوونەوەی مامۆستایانی وانەبێژ و فەرمانبەرانی گرێبەست گردبوونەوە و داوای دامەزراندن و جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان کرد، ئەمە لە کاتێکدا لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا مامۆستایانی وانەبێژ لە سەیدسادق چادریان هەڵدا و لە هەڵەبجە گردبوونەوەیان کرد بەڵام تا ئێستا وەڵامی داواکارییەکانیان نەدراوەتەوە.
ت.پ