لە هاوسەرگیری منداڵانەوە بۆ خۆکوشتن و لەسێدارەدان: زنجیرەیەک پێشێلکاری دژی ژنان لە ئێران
لەناو شەڕ و قەیرانە کۆمەڵایەتییەکان، لانیکەم ٢١ ژن لە ڕووداوەکانی توندوتیژی خێزانی و ڕەگەزیدا کوژراون و حەوت لەسێدارەدان و حەوت حاڵەتی خۆکوشتنی ژنانیش تۆمارکراون، جگە لەوەش منداڵێک کوژراوە، ئەم ئامارانە ئاماژەن بۆ پەرەسەندنی توندوتیژی دژی ژنان لە ئێران.
ناوەندی هەواڵ
لە کاتێکدا، کە چەند مانگی ڕابردوو هاوکات لەگەڵ ناڕەزایەتییەکان، شەڕ و ئاگربەستێکی لاواز، شایەتی شەپۆلێکی بەردەوامی ژنکوژی، خۆکوشتن، لەسێدارەدان، توندوتیژی خێزانی، هاوسەرگیریی منداڵان، کوشتنی خێزانی لە شارە جیاوازەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بووە، ئاژانسی هەواڵمان بەهۆی بەردەوامبوونی پچڕانی ئینتەرنێت و پچڕانی بەربڵاو لە سەرەتای مانگی مانگی کانوونی دووەمی٢٠٢٦، ڕووبەڕووی کێشەی بەرچاو بووەتەوە لە دەستگەیشتن بە سەرچاوە هەواڵییە ناوخۆییەکان.
ئەم سنووردارکردنانەی پەیوەندیکردن بوونەتە بەربەست لە کۆکردنەوە و بەڵگەنامەکردن و پشتڕاستکردنەوەی زانیارییەکان، ئەمەش وایکردووە چاودێریکردنی ئامار و ڕووداوەکان قورستر بێت، هەروەها بووەتە هۆی دواخستنی بڵاوبوونەوەی چەندین حاڵەتی پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ، ژنکوژی، لەسێدارەدان و توندوتیژی ڕەگەزی یان ڕێگری لە پشتڕاستکردنەوەی سەربەخۆ کردووە لەو کاتەی ڕوویانداوە.
بەشێکی بەرچاو لەم ڕووداوانە لە پێکهاتەی پیاوسالاری باو، فشارە ئایینییەکان و نەریتە کۆمەڵایەتییەکان، جیاکاری یاسایی و نەبوونی پاراستنی کۆمەڵایەتی و یاسایی بۆ ژنان سەرچاوە دەگرێت، بەڵام داخستنی ئینتەرنێت و سنووردارکردنی ڕۆیشتنی ئازادانەی زانیارییەکانیش بەشدارییان کردووە لە ئاڵۆزکردنی ڕادەی ڕاستەقینەی ئەم قەیرانانە و شاردنەوەیان لە چاوی خەڵک.
لە کاتێکدا دەسەڵاتدارانی ئێران بەشێکی بەرچاو لە هێزە ئەمنییەکانیان بۆ کۆنترۆڵکردنی شەقامەکان و سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان و بەرتەسککردنەوەی ئازادییە تاکەکەسییەکان تەرخان دەکەن، ماڵ بۆ زۆرێک لە ژنان بووەتە مەترسیدارترین شوێن، زۆرجار توندوتیژی لە پشت دەرگا داخراوەکانەوە لە ژێر ناوی ناڕوونی "ناکۆکییەکانی خێزان"دا دەشاردرێتەوە.
ژنان لە ماڵەکانیاندا کوژراون
لە یەکێک لە حاڵەتە هەرە شۆککەرەکاندا، ژنێکی بەتەمەن لە تاران کوژرا و دواتر لە هەوڵێکدا بۆ پەردەپۆشکردنی تاوانەکە، تەرم و ماڵەکەی ئاگریان تێبەردرا، پۆلیس ڕایگەیاند، کە پاڵنەرەکەی دزینی زێڕەکانی بووە، لە ڕووداوێکی دیکەی تاران، ئاگرێکی پڕ لە نهێنی لە ماڵێکدا کوژرانی ژنێکی بەتەمەن ئاشکرا بوو، دوای ئەوەی تاوانباران بۆ شاردنەوەی تاوانەکەیان ئاگریان لە ماڵەکە بەردا.
لە شاری نهاوەند پیاوێک تەقەی لە چوار ئەندامی خێزانەکەی کردووە کە سێیانیان ژن بوون، لە ئەنجامی هێرشەکەدا خوشک و مامی گیانیان لەدەستدا، دایکی و داپیرەی بەهۆی سەختی برینەکانیان لە نەخۆشخانە خەوێندراون.
لە ئێرانشهر، گەنجێکی بەلوچی پێش ئەوەی ژیانی کۆتای بە ژیانی خۆی بهینێت، دایک و خوشکەکەی بە دەمانچە کوشتووە، سەرچاوە ناوخۆییەکان باسیان لەوە کردووە کە پێش ئەنجامدانی تاوانەکە دەرگای ماڵەکەی داخستووە، دیمەنێک کە جارێکی دیکە تیشک دەخاتە سەر ئەو توندوتیژیانەی کە لەناو کایەی داخراوی خێزانەکاندا ئەنجامدراون.
شارەکانی تەبرێز، کرمان، دەماوەند، مەراند، شەهریار، یاسوج و مەشهەد هەروەها شاهیدی کوشتنی دیکە بوون کە ژنانیان کردە ئامانج لە دەستی هاوژینەکانیان، هاوژینەکانی پێشوویان، کوڕەکانیان، یان خزمەکانیان، لە زۆربەی ئەم حاڵەتانەدا، دەزگاکانی ڕاگەیاندنی فەرمی تەنها دەستەواژەی "ناکۆکییەکانی خێزان"یان بەکارهێناوە کە زۆرجار دووبارە دەبێتەوە، دەستەواژەیەک کە بەدرێژایی ساڵان بووەتە بەرگێک بۆ توندوتیژی سیستماتیکی دژی ژنان.
کاتێک باجی وتنی "نا" مردنە
کوشتنی زەینەب حاتەمی لە یاسوج یەکێکە لە نموونە هەرە دیارەکانی ژنکوژی کە پەیوەستە بە ئەقڵیەتی خاوەندارێتی و کۆنترۆڵکەری پیاوەوە، ئەو ژنە لەلایەن ئامۆزاکەیەوە لەبەردەم منداڵەکەیدا کوژرا تەنها لەبەر ئەوەی پێشنیاری هاوسەرگیرییەکەی ڕەتکردەوە.
کەسانی نزیک لە زەینەب حاتەمی وتیان: ئەو شایەتحاڵ بووە لە دۆسیەیەکی پێشوودا کە پەیوەندی بە کوشتنی برای تاوانبارەکەوە هەبووە لەسەر کێشەی میرات و بڕیار بوو لە دادگا شایەتحاڵی بدات، بۆیە زۆر کەس پێیان وایە تاوانەکە تەنها "ململانێیەکی کەسی" نەبووە، بەڵکو ڕەنگە هەوڵێک بووبێت بۆ بێدەنگکردنی شایەتحاڵێکی ئەگەری و ڕێگریکردن لە شایەتحاڵی کردنی.
جیابوونەوە و سەربەخۆیی کەسی لە دیارترین پاڵنەرەکانن
لە حاڵەتێکی دیکەدا، کە شۆکێکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، سەمیرە ساکی، خوێندکاری پزیشکی ددان لە زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی قەزوین، لە ناو کامپدا لەلایەن هاوژینەکەیەوە تەقەی لێکرا و کوژرا، بەپێی هەواڵی میدیاکان، داوای جیابوونەوەی ئەو ژنە پاڵنەری پشت تاوانەکە بووە.
لە ڕووداوە جیاجیاکاندا، میدیا ناوخۆییەکان باسیان لە کوشتنی سێ ژن لە شارەکانی ئاق قەڵا، لاهیجان و تاران لەسەر دەستی هاوژینەکانیان کردووە، لە یەکێک لەو حاڵەتانەدا، تۆمەتبار دانی بە کوشتنی ژنەکەیدا ناوە و پشتڕاستی کردەوە کە لە ناوچەیەکی نزیک ئاستانە ئەشرەفیە تەرمەکەی فڕێداوە.
لە گوندی باری ئاباد لە نزیک شاری مەشهەد، ژنێکی تەمەن ٢٩ ساڵ بە دەستی هاوژینەکەی کوژرا، لە کاتی لێکۆڵینەوەکاندا، تۆمەتبارەکە بانگەشەی کردووە کە گومانەکانی لە "پەیوەندییەکی نائاسایی" لە نێوان هاوژینەکەی و پیاوێکی دیکەدا پاڵنەر بووە بۆ ئەنجامدانی تاوانەکە.
هەروەها منداڵێکی کچی تەمەن ١٨ ساڵ لە شاری مەردوشت سەر بە پارێزگای فارس لەلایەن دەزگیرانەکەیەوە بە بەکارهێنانی چەکی ئاگرین کوژرا، میدیای دەوڵەتی ڕووداوەکەیان بە سەرچاوەی "ناکۆکییەکانی خێزان" پێناسە کردووە.
لە گوندی دارامرود لە نزیک هەرسین، پیاوێک دەچێتە ماڵی خێزانی هاوژینەکەی و تەقەی کردووە و سێ کەس گیانیان لەدەستداوە کە لە نێویاندا مەهتاب مستەفا، هاوژینەکەی بووە.
لە شاری یەزد، ژنێکی تەمەن ٢٠ ساڵ لەلایەن هاوژینەکەیەوە کوژرا، هەروەها میدیا ناوخۆییەکان هۆکاری تاوانەکەیان بۆ "ناکۆکییەکانی خێزان" گەڕاندووەتەوە، تاوانێکی هاوشێوە لە تاران ڕوویدا و ژنێکی تەمەن ٣٨ ساڵ کوژرا، هاوژینەکەی بامگەشەی کردووە کە گومانەکانی لە پەیوەندی هاوژینەکەی لەگەڵ پیاوێکی دیکە هۆکاری کوشتنەکەیە.
هاوسەرگیری منداڵان و بە زۆرەملێ... کۆتایی هێنان بە ژیان
توران ئەحمەدپور، ژنێکی گەنجی خەڵکی پیرانشهر، دوای ئەوەی هاوژینەکەی بەبێ ڕەزامەندی دووبارە هاوسەرگیری کردەوە، گەڕایەوە ماڵی دایک و باوکی، پاشان کۆتای بە ژیانی هێنا، پێشتر منداڵ بووە کە هاوسەرگیری کردبوو، هەروەها ژنێکی گەنجی دیکە بە ناوی سارینا محەمەدی کە خێزاندارە و دایکی منداڵێکە و خەڵکی گوندی دیماب سەر بە پارێزگای نەغدایە، کۆتایی بە ژیان خۆی هێنا.
چالاکوانانی مافەکانی ژنان وتیان: زۆرێک لەو ژنانەی کە خۆیان دەکوژن یان دەکۆژن، لە تەمەنی خوار تەمەنی یاساییدا هاوسەرگیریان کردووە، بە زۆرەملێ یان فشاری نەریتی توندیان کەوتووەتە سەر، بەمەش مافی هەڵبژاردن و سەربەخۆیی دارایی و تەنانەت توانای بڕیاردان لەسەر ژیانی خۆیان بێبەش کراون.
لە تەبرێز، حەنیفە ئاوەندی، تەمەن ٢٤ ساڵ زیانبەرکەوتووی هاوسەرگیری منداڵان، دوای ئەوەی بە تاوانی کوشتنی هاوژینەکەی سزا درا، لە سێدارە درا، چالاکوانانی مافی مرۆڤ جەخت لەوە دەکەنەوە، کە زۆرێک لەو ژنانەی کە بە تاوانی کوشتن لە سێدارە دراون، پێش تاوانەکە چەندین ساڵ بەرگەی توندوتیژی خێزانییان گرتووە.
لەسێدارەدانی ژنان: زیانبەرکەوتووان دوو جار سزا دراون
لە چەند مانگی ڕابردوودا شایەتحاڵی لەسێدارەدانی چەند ژنێک لە زیندانە جیاوازەکانی سەرتاسەری ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە، لەوانە ئالناز عەزیزی لە مەشهەد، مینا حوسێن زادە و سەدیقە قوربانی لە ورمێ، ڕازیە عەباسی لە قەزلحسار، مەهدیە کیهانی لە هەمەدان و ئەکرەم ڕەزایی لە ڕەشت.
هەرچەندە زۆربەی تۆمەتەکانی ئەم ژنانە بە ناسیاسی پێناسە کران، بەڵام ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ئاماژە بەوە دەکەن، کە زۆربەیان زیانبەرکەوتووی توندوتیژی خێزانی، هاوسەرگیری زۆرەملێ یان یاسای خێزانی جیاکاری بوون، هەروەها ئەم ڕێکخراوانە جەخت لەوە دەکەنەوە کە هەندێک کەیس بەهۆی کێشەکانی پێشکەشکردنی ڕاوێژکاری یاسایی سەربەخۆ یان پشتیوانی دەروونی گونجاوەوە تێکچووە، ئەمەش ڕەخنەی بەرفراوانی لە دادپەروەری ڕێوشوێنە دادوەرییەکان لەم جۆرە کەیسانەدا لێکەوتەوە.
خۆکوشتن و خۆسووتاندن: قەیرانێکی بێدەنگ فراوانتر دەبێت
لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە تا بەلوچستان، لە نێوان پەرەسەندنی فشارە کۆمەڵایەتی و دەروونییەکان، ڕاپۆرتەکان لەسەر خۆکوشتن یان گیانلەدەستدانی ژنان بە خۆسووتاندن زیاتر دەبن.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کورد ڕایگەیاند، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان تەنها لە ماوەی دوو هەفتەدا هەشت کەس کە لە نێویاندا ژنە گەنجەکان بوونەتە هۆی خۆکوشتن.
ژنێکی دووگیانی بەلوچ بە ناوی ”پاری” (ناوی خێزانی نادیارە)، تەمەنی نزیکەی ٢١ ساڵ، خەڵکی گوندی کورتی سەر بە ناوچەی لیردۆڤی شاری جاسک، بە خۆسووتاندن کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.
ژنانی بەلوچی دوو هێندە دەبنە زیانبەرکەوتووی توندوتیژی و هەژاری و هەڵاواردن
لە پارێزگای بەلوچستان، ئەفسانە بامری تەمەن ٣١ ساڵ لە ناوچەی بامپور بە تەقەی چەند چەکدارێک کوژرا، زاهیدە بەلوچ دوای ئەوەی لەلایەن هاوژینەکەیەوە بە شێوەیەکی دڕندانە دەستدرێژی کرایە سەر، لە شاری تشابەهار گیانی لەدەستدا، لە ڕووداوێکی دیکەدا مەهسا براهویی لە سەراوان بە زیندووی سووتێنرا.
تاوانە ترسناکەکەی دژی فاتمە زەهرا حسێن بەر، منداڵێکی کچی بەلوچی تەمەن نۆ ساڵ توڕەیی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، ڕفێندرا و ئەندامەکانی جەستەی پارچە پارچە کرا و سووتێنرا و دواتر پاشماوەکانی لە زبڵدانێکدا دۆزرایەوە.
هێرشی تێزاب و دەستدرێژی و توندوتیژی شاراوە
بەپێی ئامارەکانی گروپی چالاکوانانی مافی مرۆڤ لە ئێران، لە ساڵی ٢٠٢٥دا لانیکەم هەشت هێرشی تێزاب، ١٧٩ حاڵەتی توندوتیژی خێزانی، ١١٥ حاڵەتی کوشتنی ژن و ٦٣ حاڵەتی دەستدرێژی یان دەستدرێژی سێکسی تۆمارکراون.
لە شاری شهر کورد، ژنێکی گەنج دوای ئەوەی لەلایەن شۆفێرێکەوە ڕفێندرا کە لە ڕێگەی ئەپەکانی هاتووچۆی ئەلکترۆنیەوە کاردەکات، بەرەنگاری هەوڵی دەستدرێژی سێکسی بووەوە کوژرا، هەروەها ژنێکی گەنج بە ناوی رعنا لە تاران دوای ئەشکەنجەدان گیانی لەدەست دا و بە دوای دیارنەمانی جەستەی سووتاوە.
کاتێک خێزان دەبێتە سەرچاوەی هەڕەشە
ڕاپۆرتەکانی مافی مرۆڤ ئاماژە بەوە دەکەن، کە بەشێکی بەرچاو لە توندوتیژی دژی ژنان لە ئێران لە کەشی گشتیدا ڕوونادات، بەڵکو لە ناو ماڵەکاندا ڕوودەدات، زۆرێک لە ژنان لە ژێر فشاری خێزانی و داب و نەریتی و بیروباوەڕی توندی ئایینی و باڵادەستی پیاودا دەژین.
بە بڕوای کۆمەڵناسان، سیستەمی یاسایی لە کۆماری ئیسلامیشدا لە ڕێگەی ئەو یاسایانەوە کە پێگەی "پارێزەر" یان بڕیاردەری سەرەتایی لە ناو خێزاندا بە پیاوان دەبەخشێت، بەشدارە لە بەردەوامبوونی ئەم توندوتیژییە، ئەمەش ژنان دەخاتە دۆخێکی نایەکسانەوە و ئامادەیییان بەرامبەر بە جۆرەها توندوتیژی زیاد دەکات.