لە گوندی ئاڵی ڕەش مەراسیمی ڕۆژی جیهانی منداڵان بە بەشداریی منداڵانی قەندیل بەڕێوەچوو

بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی منداڵان، کۆمیتەی منداڵانی قەندیل لە گوندی ئاڵی ڕەش، سەر بە هەرێمی ماردووی بناری قەندیل، مەراسیمێکی تایبەتی ڕێکخست کە تێیدا منداڵان بە چالاکییە فەرهەنگی، هونەری و یارییە جۆراوجۆرەکان بەشدارییان کرد.

قەندیل

 

دوێنێ لە گوندی ئاڵی ڕەش لە هەرێمی ماردووی بناری قەندیل، کۆمیتەی منداڵانی قەندیل مەراسیمێکی تایبەتی بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی منداڵان بەڕێوەبرد.


مەراسیمەکە بە خولەکێک وەستان بۆ ڕێزلێنان لە گیانی شەهیدان دەستیپێکرد. دوای ئەوە نامەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان  تایبەت بۆ منداڵان خوێندرایەوە کە تێیدا باس لە گرنگیی منداڵ، ئازادی، زانست و ڕۆڵی نەوەی نوێ لە دروستکردنی داهاتووی گەلان کرابوو.


هەروەها لە چوارچێوەی بەرنامەکەدا، نامەیەکی پیرۆزبایی ئەنجومەنی گەلی بناری قەندیل  بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی منداڵان خوێندرایەوە و تێیدا جەخت لەسەر ڕۆڵی منداڵان وەک هیوای داهاتوو، گرنگی پاراستنی سروشت و پەرەپێدانی زانست و بەها مرۆییەکان کرایەوە.


بەشێکی گرنگی مەراسیمەکە تەرخان کرابوو بۆ چالاکییە هونەری و فەرهەنگییەکان، کە لەوانەدا منداڵان هۆنراوە، گۆرانی و ژمارەیەک پێشبڕکێیان پێشکەش کرد. ئەم چالاکیانەش لە کەشێکی خۆش و پڕ لە شادمانی بەڕێوەچوون.

 

لە کۆتایی مەراسیمەکەدا،  پەرتوکی "ئازادی سەردەکەوێت" کە تایبەتە بە خەباتی ڕێبەری  گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و گەلی کورد، وەک خەڵات بە منداڵان درا بەمەبەستی هاندان و پشتگیری لە خوێندنەوە و پەرەپێدانی هۆشیاریی زانستی لە ناویاندا.


بەپێی ڕێکخەران، ئامانجی سەرەکیی ئەم چالاکییە بریتی بوو لە بەرزکردنەوەی هۆشیاریی منداڵان، پشتگیری لە خوێندنەوە و زانست، و دروستکردنی کەشێکی پڕ لە خۆشی و ئومێد بۆ نەوەی داهاتووی قەندیل و کوردستان