لە غەززە ٦٠ تەرم لە ژێر داروپەردوودا دۆزرانەوە
بەگوێرەی بەیاننامەی بەرگری شارستانی فەڵەستین، دوای ئۆپەراسیۆنی ئیسرائیل لە شوجایە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی غەززە، نزیکەی ٦٠ تەرم لە ژێر وێرانەکاندا دۆزرایەوە.

ناوەندی هەواڵ
سوپای ئیسرائیل ئەمڕۆ ١٢ی تەمووز، بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، ئۆپەراسیۆنی ٢٧ی حوزەیران لە شوجایە دەستیپێکردبوو کۆتایی هاتووە، لەم ئۆپەراسیۆنەدا ٨ تونێل تێکشکێندرا و دەیان کەسیش گیانیان لەدەستدا.
لە ئێستادا کارمەندانی فریاکەوتن بەدوای تەرمەکاندا دەگەڕێن لەناو باڵەخانە ڕووخاوەکاندا، وتەبێژی بەرگری شارستانی فەڵەستین ڕایگەیاند ٨٥%ی بیناکان زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە و ڕایگەیاندووە کە تا ئێستا نزیکەی ٦٠ تەرم دۆزراونەتەوە.
ئۆپەراسیۆنی سوپای ئیسرائیل لە ناوەندی شاری غەززە لە بارەگای UNRWA بەردەوامە، ئیسرائیل وتی: چەکدارانی حەماس لەو ناوەندەدا هەن، هەروەها لە باشووری شارەکە پێکدادان بەردەوامە و لە ڕۆژئاواش بۆردومانەکان بەردەوامن.