لە گەڵ بەردەوامی ناڕەزایەتییەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران چارەنووسی ئەو خوێندکارانەی دەستگیرکراون نادیارە
دەزگاکانی ڕاگەیاندنی خوێندکاران لە سەرەتای دەستپێکردنی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییانە بڵاویان کردووەتەوە، دەیان خوێندکار لە شارە جیاوازەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەستگیرکراون و هیچ وردەکارییەکی فەرمیان سەبارەت شوێنی دەستگیرکردنیان لەبەردەستدا نییە
ناوەندی هەواڵ
شەپۆلی دەستبەسەرکردنی بەکۆمەڵ لە زانکۆکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لەدوای ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییانە، لەگەڵ دەستبەسەرداگرتنی ئامێرە ئەلیکترۆنیەکانی خوێندکاران، نیگەرانییەکی بەربڵاوی لای خێزانەکان و خوێندکارانی لێکەوتۆتەوە.
میدیاکانی خوێندکارانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ٣ی شوبات بڵاویان کردەوە، کە لە سەرەتای دەستپێکردنی ناڕەزایەتییەکانەوە دەیان خوێندکار لە شارە جیاوازەکان دەستبەسەر کراون، لەنێو ئەوانەی دەستنیشانکراون، ''تارا داوودی، خوێندکاری پێشووی ڕاپرسی لە زانکۆی ئیسفەهان، کیمیا داوودی، خوێندکاری پێشووی یاسا لە زانکۆی ڕازی لە کرماشا، مهتاب ساڵحی، خوێندکاری تەمەن ٢٣ ساڵ لە زانکۆی تەبرێز، سومەیە حەیدەری، خوێندکاری فیزیا لە زانکۆی تەبرێز و ئەندامی دەستەی نووسەرانی ڕۆژنامەی قەدەغەکراوی خوێندکارانی یول''.
بە پێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، تارا و کیمیا داوودی ١٤ی کانوونی دووەم لە تاران لێیان دراوە، تا ئێستا دەسەڵاتداران هۆکار و شوێنی دەسگیرکردنیان ئاشکرا نەکردووە، ئەمەش خێزانەکانیانی لە حاڵەتی دڵەڕاوکێ و سەرلێشێواویدا بەجێهێشتووە.
مەهتاب ساڵحی، خوێندکاری زمانی فەڕەنسی لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی تەبرێزدا بۆ ماوەی زیاتر لە ٢٠ ڕۆژە بەبێ هیچ پەیوەندییەک لەگەڵ خێزانەکەی دەستبەسەر کراوە، کەسوکارەکەی ڕایانگەیاندووە، هێزەکانی ئاسایش هەڕەشەیان لێکردوون کە ناتوانن قسە لەگەڵ میدیاکان بکەن و کەفالەتیان بە بڕی یەک ملیار و ٣٠٠ ملیۆن تمەن داناوە بۆ ئازادکردنی کاتی، هەروەها مۆبایل و لاپتۆپەکەی دەستی بەسەردا گیرا.
دەزگاکانی ڕاگەیاندنی خوێندکاران دەستگیرکردنی ١١ خوێندکاری زانکۆی تەبرێزیان پشتڕاستکردەوە، لەنێویاندا سەمەیە حەیدەری، بەبێ ئەوەی هیچ تۆمەتێک ئاشکرا بکرێت، دەست بەسەر ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانیاندا گیراوە.