لە فەرمانی ٧٤ـەمەوە بەرەو دۆزو ناسنامەو دادوەری- ٤
نەسرینی تەمەن ١٥ ساڵ، لەگەڵ خێزانەکەی، دەرفەتی هەڵهاتنیان نەبوو کاتێک داعش لە کاتژمێر سێی بەیانی لە ٣ی ئاب دەستی بەسەر سیبادا گرت، خوشک و برا و دایک و باوک و کەسوکاری دەستگیرکران، چاوەکانی خوشکەکەی دەرهێنران، براکەی تا باری دەروونی تێکچوو بوو لێیدرا.
”ئەم چل رۆژە داخراو مایەینەوە”
جیهان زامۆ / گوڵستان عەزیز
شنگال – ئەمڕۆ جانتای کامێراکەمان کۆکردەوە و بەڕێکەوتین، بەرەو گوندی سیبای بەڕێکەوتین، سیبای شێخ خیدر. لە ٣ی ئابی ٢٠١٤، شوێنی بەرخۆدانی ئێزدی، خاوەنی شەهیدان، بێسەروشوێنەکان، برینە گەورەکانی شنگال... ناوی ژنێکی ئێزدیمان پێدرا: نەسرین فەیسەل میا کە لە دەستی داعش ڕزگاری بوو، دەبێت دەنگی ئەو ببیسترێت.
دوای ئەوەی داعش فەرمانی بە سەر ئێزدییەکاندا هێنا، زۆر منداڵای کچ و ژنی ئێزدیشی لەگەڵ خۆیدا بردنە شوێنی جیاواز. تل عەفەر، ڕەققە، مووسڵ... سەرەڕای هەموو هێرشەکانیش شنگال بە هۆی گەریلاکانی ئازادییەوە نەکەوتە دەست داعش، ڕزگار کرا، کە ڕزگار کرا لە دواییشدا بە پێشڕەویی یەپەگە، یەژەشە و یەبەشە هەنگاوەکانی ئازادکردنی دیلکراوانی ئێزدی بەردەوام بوون، بەم هەنگاوانە زۆر ژن و منداڵ ڕزگار کران و گەڕانەوە شنگال.
نەسرین لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا دەکەوێتە دەستەکانی داعش
هەندێکیان بە هەوڵی خێزانەکانیان ڕزگار کران، وەک نەسرین فەیسل میا، نەسرین لەگەڵ هەموو خێزانەکەی خۆیدا کە لە ٢٢ کەس پێکهاتووە دەکەوێتە دەست داعش، کە هێشتا ١٥ ساڵە، هێشتا منداڵە. کاتژمێر سێی شەوی ٣ی ئابە داعش دەگاتە سەر سیبای، دەرفەت نادەن ڕابکەن، هێشتا لەسەر ڕێگان دەکەونە دەست داعش، خوشک و براکەی، دایک و باوکی لە ناو دیلکراواندان، ئەوان دەگرن و دەیانهێننە ناوەندی سیبای، لەوێوە دەیانهێننە پارکەی شنگال و لەوێ ژن، پیاو و منداڵ لە یەکتر جیا دەکەنەوە.
نەسرین لە شنگالەوە دەبەنە تل عفەر، لەوێشەوە بۆ بادووش. ٤٠ ڕۆژ لەوێ دەمێننەوە، نەسرین وتی: ئەو ٤٠ ڕۆژە زۆر سەخت بوون، نە ئاو هەبوو، نە خۆراک، خوشکە بچووکەکەم م لە برسێتی هەمیشەی دەگریا، شیر نەبوو بیدەینێ.
لە خێزانەکە هەر یەکێکیان بە شوێنێکدا برد
لە بادووشدا پێیان دەوترێت ئەوانەی خێزانیان هەیە با بچنە لای خێزانەکەیان و دەمانبەنە قوتابخانەیەک لە تل عفەر، لەوێ نەسرین دەگاتە ئەندامانی خێزانەکەی و لە ماڵێکدا دەمێنێتەوە، سەیری ڕەز و ئاژەڵەکان دەکەن کە لە شیعەکان دزیویانە، ئەم بارودۆخە هەتا نۆ مانگا ئاوا بەردەوام دەبێت، ڕۆژێک چەکدارانی داعش دەڵێن: با پیاوان لە مزگەوت کۆ ببنەوە، لەو ڕۆژەوە بە دواوە دووبارە خێزانەکە پەرتەوازە دەبێت، هەر یەکێک دەبەنە شوێنێک، ئیتر کەس لە کەسانی تر هەواڵ نازانێێت.
نەسرین وای بۆ دەچێت، کردوای ٩ مانگان ئێمەیان دیسان هێنایەوە تل عفەر، باوکمیان بردە شوێنێکی تر، من، خوشکەکانم، دایکم بە تەنها ماینەوە، لە لێرەدا ژنە گەنجەکانیان جیا کردەوە و بریاننە شوێنی جیاواز، دوای ئەو ڕۆژە ئێمە لە باوک، دوو خوشک و لە دوو مەتیمان هیچ هەواڵێکمان نەبوو، دەوڵەت هەتا ئێستا دەربارەی ئاکامەکەیان هیچ شتێکی بە ئێمە نەوتوە. کەمتر ئەوەبوو بزانین زیندوون یان مردوون، ئەگەر مردوون با ئێسقانەکانیان بدەنە ئێمە بۆ ئەوەی لە جەژنەکاندا بچین سەردانیان بکەین.
”چاوی خوشکەکەم دەرکرا”

نەسرین و خوشکەکەی بە تەنها خۆیان نزیکەی دوو ساڵ و نیو لە ناو دەستەکانی چەتەکاندا دەمێننەوە، بیر دەکاتەوە کە ئەگەر خوشکەکەی وەکو کچی خۆی نیشان بدات ئەوا لە دەستی ئەوان ڕزگاری دەبێت، ئەو بە خۆی نایەوێت باسی ئەو شتانە بکات کە ژیاون، دەم بە شتێک نەڵێت بەڵام چاوەکان دەیدەنە دەست، ئێمە لێرەدا بۆشاییەک دەهێڵینەوە؛ ئەم بۆشاییە ئێوە بەو شتانە پڕی بکەنەوە کە نەسرین نەیویست باسی بکات، ئایا کەم کچی ئێزدی لە بازاڕەکاندا کڕران و فرۆشراون؟ ئایا کەم ژنی ئێزدی تووشی دەستدرێژی و توندوتیژیی چەتەکانی داعش بوون؟
هێشتا ئەو بۆ خۆی منداڵە، ئەو چۆن بزانێت ئاگاداری منداڵێک بێت؟ نەسرین وتی: شیر نەبوو، من هەموو جارێک ماستاوم بۆ خوشکەکەم دروست دەکرد و دەمدایێ، کاتێک تێگەیشتن کچی من نییە، لە بەر چاوی.، چاوی خوشکەکەمیان دەرکرد، بە پەنچە گۆشتی گیانیان هەڵدەگرت، ئێستا خوشکەکەم بە چاوێکە و هەتا ئێستاش کە من ئەو لەم دۆخەدا دەبینم زۆر ئازار دەچێژم، زۆر جار دەگریم، دۆخی ئێمە هیچ دۆخ نەبوو، هەموو ڕۆژێک ئەشکەنجەیان دەکردین.
”ئەم ٤٠ رۆژە داخراو مایەینەوە”
ئێمە دەمانهەێت کە نەسرین زیاتر باسی خۆی بکات بەڵام ئەو نزیک ئەم بابەتە نابێتەوە، هەندێکیش بە تووڕەییەوە وتی: چی بڵێم؟ ئەگەر لە سەر ئێمەی ژنانی ئێزدی کڕین و فرۆشتن هەبێت ئەوا دۆخی ئێمە چۆن دەبێت، نامەوێت زیاتر باسی بکەم، لە سەر ئێمە موسڵمانێتییان دەسەپاند، کاتێک دەچوون بۆ شەڕ دەرگایان لە سەر ئێمە دادەخست، جارێک ئاوا ٤٠ ڕۆژ ئێمە لە ماڵدا تینوو و برسی بە داخراوی مایەینەوە.
دوای ساڵان گەڕاینەوە بۆ ماڵەوە و ساڕێژکردنی برینەکان

دواتر لەگەڵ خێزانەکەیدا دەکەوێتە پەیوەندییەوە، بەو شێوەیە ڕزگاری دەبێت، کاتێک دێتەوە ماڵەوە دەبینێت کە دایکیشی ڕزگار بووە، نەسرین وتی: دایکی من بە تەنها خۆی ئێمەی بەخێو کرد، خوشک و براکانمی گەورە کرد، کاتێک باوکی نەبێت زۆر سەختە، دایکی ئێمە بۆ ئێمە هەموو شتێکی کرد، دایکم هەتا ئێستاش بۆ ئێمە بەرخۆدانی زۆری داوە، من بە دایکی خۆم سەربەرزم.
خێزانەکە بە گشتی برینەکانی یەکتر سارێژدەکات، لە یەکتری ڕا دەبنە هاوکار، نەسرین وتی: سەرەتایەک وترا ئەو ژنانەی کەوتوونە دەست داعش نابێت بگەڕێنەوە و هاوسەرگیری بکەن، بەڵام کۆمەڵگەی ئێمە، زۆر باش پێشوازییان لێ کردین، من بە خۆشم هاوسەرگیریم کرد و خودا منداڵیشی پێ بەخشیم، ڕێزلێنانی کۆمەڵگە بۆ ئێمە، بارەکەمانی زۆر کەمکردەوە، بەم وتنانەی خۆی بانگەواز لە ژنانی ئێزدیی ناو دەستەکانی داعش دەکات کە بگەڕێنەوە ماڵەکانیان.
”ئێستا خوشکە دوو ساڵانەکەم گەورە بووە و دەربارەی ئێمە هیچ نازانێت”
برایەکی نەسرینیش گەڕاوەتەوە، بەڵام بە هۆی لێدانی زۆری داعش بۆی شێت بووە، هەر لەبەر ئەوەی کە شێت بووە، ئازاد کراوە، هێشتاش ٥ کەسی خێزانەکە ونن، هیچ شتێک نازانن دەربارەیان، تەنها داواکارن هەواڵێک لە ئەوان ببیستن، نەسرین وتی: کە ئێمە نزیکی ساڵڕۆژی فەرمانەکە دەبین، ئێمە ئەو ڕۆژانە دووبارە دەژینەوە، چ بکەین ناتوانین ئەوەی ئێمە ژیاوین لەبیری بکەین، باوکی من، خوشک و برام هەموو کاتێک لە بیرەمەندیدا هەن، من دەڵیم ئێستا لە دەستەکانی داعشدان، کاتێک خوشکە بچووکەکەی منیان برد هێشتا نەیادەگۆڕی، دوو ساڵیش نەبوو، ناوی ناڤین بوو، ئێستا گەورە بووە و دەربارەی ئێمە هیچ نازانێت، خوشکەکەم ڕەنگین ئێستا ٢٥ ساڵە، مەتەکانم جۆنۆ و زەیتوونیش بە هەمانشێوە.
بە نزیکبوونەوەی ساڵڕۆژی فەرمانەکە نەک تەنها ڕۆژ، کاتژمێرەکانیش بۆ نەسرین و ئەوانەی وەک ئەون سەختتر دەبن، کەمترین داواکاری ئەوەیە کە ونبووەکانیان بدۆزرێنەوە و ئێزدییە ونبووەکان بگەڕێنەوە...
بەردەوام دەبێت...