لە دانیشتنێکی ڕۆشنبیری لە بەغداد باس لە پاراستنی ژنان لە زانیاری هەڵەی میدیایی کرا

بەشداربووانی دانیشتنێک لە عێراق جەختیان لە گرنگی هاوبەشی نێوان ڕێکخراوەکان کردەوە بۆ پڕکردنەوەی کەلێنەکانی ناو کۆمەڵگە، بە لەبەرچاوگرتنی ئاستەنگە بەرچاوەکانی بەردەم ژنان.

ڕەجا ‌‌‌‌‌‌‌‌‌حەمید ڕەشید

 

عێراق- لە چوارچێوەی چالاکییەکانی مانگانەی ساڵۆنی ڕۆشنبیری ژنان، بە هاوکاری پڕۆژەی " تاء " بۆ بەهێزکردنی ژنان و "دار رواق" بۆ سیاسەتی گشتی لە عێراق، دانیشتنێکی ڕۆشنبیری بە ناوی "کێ ڕاستی دروست دەکات؟" ئێوارەی ١٦ی ئایار بەڕێوەچوو، لە دانیشتنەکەدا تیشک خرایە سەر چۆنیەتی پاراستنی ژنان لە زانیاری هەڵەی میدیاکان و میکانیزمەکانی یارمەتیدانیان بۆ جیاکردنەوەی ڕاستی و هەواڵی ساختە.

 

لە دانیشتنەکەدا، کە لەلایەن دکتۆر.شەهد روبەیعی بەڕێوەبەری پرۆژەی " تاء " بۆ بەهێزکردنی ژنان پێشکەشکرا و سارا سەراف، بەڕێوەبەری "دار سوسة" بۆ ڕۆشنبیری و سارا سەباح، بەڕێوەبەری "دار رواق" بۆ سیاسەتی گشتی تیایدا باس لەو میکانیزمانە کرا کە بەکارهێنراون بۆ دروستکردنی زانیاری چەواشەکارانە بەئامانجکردنی ژنان، ڕۆڵی میدیا لە ئاشکراکردنی ڕاستییەکان و بونیادنانی هۆشیاری، بەرپرسیارێتیی دامەزراوە بەناوبانگەکان لە دەستپێکردنی هەڵمەتی هۆشیاری کاریگەر، کارامەیی پراکتیکی کە یارمەتی پشتڕاستکردنەوەی زانیاری و جیاکردنەوەی سەرچاوە متمانەپێکراوەکان دەدەن.

 

ناوەڕۆکی کوالیتی نزم و نەبوونی پشتڕاستکردنەوە زانیاری هەڵە دەوروژێنێت

سارە سەراف، بەڕێوەبەری "دار سوسة" بۆ ڕۆشنبیری ڕایگەیاند، ناتوانین دووپاتی بکەینەوە کە زانیاری هەڵە بە شێوەیەکی سیستماتیکی بڵاودەبێتەوە، ئەمەش بەهۆی کراوەیی گەورەی پەیوەندی مەجازییەوە، وەک چۆن ئێستا هەموو کەسێک دەتوانێت هەواڵ دروست بکات و لە ڕێگەی شاشە و پلاتفۆرمە جیاوازەکانیەوە قسە بکات، هەروەها کێشەی ڕاستەقینە لەوەدایە کە کێ قسە دەکات؟ و کێ هەواڵەکە بڵاودەکاتەوە؟ هیچ قەوارەیەک نییە کە بتوانرێت بە زانیاری هەڵەی سیستماتیکی تۆمەتبار بکرێت، چونکە تۆڕی کۆمەڵایەتی جیهانی داگیرکردووە و چووەتە ناو هەموو لایەنەکانی ژیانەوە، ئێمەش بەشێکین لە دروستکردنی، تەنانەت ئێمەش بووینەتە ئەستێرەکانی، هەربۆیە کۆنتڕۆڵکردنی ئەم پرسە ئەستەمە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، پرسیار زۆر هەیە لەسەر ئەوەی بۆچی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی ناوەڕۆکی کوالیتی نزمیان هەیە بڵاودەبنەوە، هۆکارەکەشی ئەوەیە کە زۆرجار خەڵک سەیری ئەو شتانە دەکەن کە ئاسانترین و سەیرترینە، تەنانەت ئەگەر قسەی ناشرینیشی تێدابێت کە تەمەنە جیاوازەکان سەیری دەکەن، وەک ئەوەی ئەمە کۆمەڵگەی ڕاستەقینە بێت، لەکاتێکدا ئەمە هەڵەیە، بەم شێوەیە زانیاری هەڵە دروستدەبێت، هەروەها ئەو ژنانەی کە پەرە بە بەرهەمە بازرگانییەکان دەدەن لەڕێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتیەوە، وەک ئەوە پیشانی دەدەن کە لەبەردەم فرۆشگایەکدا بین کە بەرهەمەکانیان نمایشدەکەین، کە ئەمەش جۆرێکە لە زانیاری هەڵە کە ئاراستەی ژنانی گەنج و گەنجان دەکرێتەوە.

 

ڕوونیشیکردەوە، ئەم زانیارییە هەڵانە بەربڵاوە و تەنها لە عێراقدا سنوردار نییە، هەندێک کەس لە تۆڕی کۆمەڵایەتیدا باسی مافەکان دەکەن بەبێ ئەوەی باس لە بەرپرسیارێتیەکان بکەن، هەروەها باسی پێشکەوتنی پیشەیی یان گەشەپێدان ناکەن، بەڵکو سەرنجیان لەسەر چۆنیەتی کۆکردنەوەی سامانە، یەکێک لەو شتە گرنگانەی کە دەبێت ئاگاداری بین، زانینی ئەوەیە کە کێ قسە دەکات پێش ئەوەی باوەڕ بەو کەسە بکەین کە ئەم پلاتفۆرمە میدیاییە دەکاتەوە و ئامۆژگاری پێشکەش دەکات بەبێ ئەوەی قسە لەگەڵ لایەنی بەرامبەر بکات، وەک: ئایا خۆتان بونیاد ناوە؟ ئەمەش بۆ دیدگایەکی هاوسەنگ زۆر گرنگە.

 

سارە سەراف جەختی لە گرنگی هۆشیاری کردەوە، وتی: ئەم بەرپرسیارێتییە دەکەوێتە ئەستۆی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، هیچ چەکێکمان نییە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم دیاردەیە جگە لە هۆشیاری و دیالۆگ لە ڕێگەی دانیشتن و سیمینارەوە.

 

جەختی لە گرنگی پابەندبوونی ڕۆژنامەگەری و میدیاکان بە کۆدی ڕەفتاری پیشەیی و پاراستنی بێلایەنی و خۆبەدوورگرتن لە بڵاوکردنەوەی زانیاری چەواشەکارانە یان زیادەڕەویکردن لە دۆخەکە کردەوە، هەروەها پێویستی بەرزڕاگرتنی ڕەوشتی پیشەیی لە ڕێگەی ڕاستگۆیی و وردبینییەوە لە گەیاندنی زانیاری بە خەڵک کردەوە.

 

دامەزراوەکان هاوبەشی سەرەکین لە پاراستنی ژنان لە زانیاری هەڵە

سارە سەباح، بەڕێوەبەری "دار رواق" جەختی لەسەر پاراستنی ژنان لە زانیاری هەڵەی میدیایی کردەوە، وتی: ئەمڕۆ هەموو ژنێک نوێنەرایەتی دامەزراوەیەک یان ڕێکخراوێک دەکات کە کاری بۆ دەکات و زۆرێکیان بەدەست دەنگۆ یان هەڵمەتی زانیاری ناڕاست لەناو شوێنی کارەکانیاندا دەناڵێنن، ئەمەش پرسیاری ڕۆڵی دامەزراوەکە لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم دیاردەیە و چۆنیەتی پاراستنی ژنان لەو زانیارییە هەڵانە دەوروژێنێت کە بەرکەوتەی دەبن.

 

دووپاتی کردەوە، کە "دار رواق" گرنگی بە ڕۆڵی ژنان دەدات لە کۆمەڵگەدا، تیشک دەخاتە سەر بڕوانامە و لێهاتوویی و گرنگییان وەک بەردی بناغەی بونیادنانی خێزان و کۆمەڵگە.

 

جەختی لە ڕۆڵی گرنگی دامەزراوەکان کردەوە لە ڕۆشنایی خستنە سەر پرسەکانی ژنان، وتی: دامەزراوەکان لە جددیەتی زیاتریان لە پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان جیاوازن، ئەوان پشت بە پشتڕاستکردنەوەی ڕاستی هەواڵەکان دەبەستن پێش بڵاوکردنەوەیان، بە پێچەوانەی ئەوەی هەندێک جار لە پلاتفۆرمی تۆڕی کۆمەڵایەتیدا ڕوودەدات، کە بەبێ لێکۆڵینەوەی پێویست هەواڵ و زانیاری بڵاودەکەنەوە، هەروەها باسی لە گرنگی دامەزراوەکان کردەوە کە چاودێری وردی هەواڵەکان بکەن لە ڕێگەی شیکاری قووڵی زانیارییەکان و گەیاندنی وردی بە ئامادەبووان.

 

وتیشی: کە هەندێک دامەزراوە "بە هەمان خێرایی بازاڕکردن کارناکەن" وەک پلاتفۆرمەکانی تۆڕی کۆمەڵایەتی،هەروەها ڕۆڵی ئەمڕۆمان، تەنانەت ئەگەر ژمارەیەکی زۆر بینەر(فۆڵۆوەر)یشمان نەبێت، لە خێزان و شوێنی کارەوە دەستپێدەکات، بە هۆشیارکردنەوەی تاکەکان سەبارەت بە پێویستی پشتڕاستکردنەوەی زانیارییەکان پێش هاوبەشکردن یان قبوڵکردنی.

 

سارە سەباح جەختی لە گرنگی هاوبەشی نێوان ڕێکخراوەکان کردەوە بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییەکان و چارەسەرکردنی کەموکوڕییەکانی ناو کۆمەڵگە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ئاستەنگە بەرچاوانەی کە ڕووبەڕووی ژنان و کۆمەڵگە بە گشتی دەبنەوە، ئەم دانیشتن و دەستپێشخەری و هەڵمەتانە سەکۆیەک بۆ ژنان دەڕەخسێنن بۆ گەورەکردنی دەنگەکانیان لە ڕێگەی پلاتفۆرمە کولتوورییەکان و ڕێکخراوەکان و دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکان.

 

لە کۆتایدا، کۆبوونەوەکە بە دەستێوەردان و بەشداری ئامادەبووان و دەوڵەمەندکردنی گفتوگۆکە و ئاسانکاری بۆ ئاڵوگۆڕی بیروڕا و زانیاری لەسەر ڕێگاکانی بەرەنگاربوونەوەی زانیاری هەڵە و بەرزکردنەوەی هۆشیاری کۆمەڵگە کۆتایی هات.