لە چیلى بەهۆی ئاگر کەوتنەوە ٤٦ كەس گیانیان لە دەستدا

شەوی ڕابردوو لە ئەنجامی ئاگر كەوتنەوە لە دارستانەكانی ناوەڕاست و باشووری چیلی لانیكەم ٤٦ كەس گیانیان لە دەستدا.

ناوەندی هەواڵ

 

 گابرێل بوریچ، سەرۆكی چیلی و بەرپرسانی ئەو وڵاتە ئاماژەی بەوەکرد، شەوی ڕابردوو ٣ی شوبات ئاگر لە دارستانەكانی باشوور و ناوەڕاستی وڵاتەکە كەوتووەتەوە، بەتایبەت لە ناوچەی گەشتیارییەكانی ڤالپارایسۆ و هاوینەهەواری بەناوبانگی ڤینا دێل مار کاریگەرى زیاتر بووە.

 

ئاماژەی بەوەشكرد، بەهۆی ئەو ئاگرەوە لانیكەم ٤٦ كەس گیانیان لە دەستداوە، هەروەها ئەگەری بەرزبوونەوەی ژمارەی گیان لەدەستدان و برینداران هەیە.

 

ئاگرکەوتنەوەی زیانی ژینگەیی لێکەوتووەتەوەو كارۆلینا تۆها، وەزیری ناوخۆی چیلی ڕایگەیاند، بەهۆی ئاگر كەوتنەوەكەوە نزیكەی ٤٣ هەزار هێكتار زەوى بە تایبەت لە كەناراوەكانی زەریای هێمن سووتاون و لە ناوچوون.

 

دەسەڵاتدارانی چیلی قەدەغەی هاتووچۆیان لە شەواندا ڕاگەیاند، ئەمەش بۆ ئاسانكاری لە دابینكردنی پێداویستی بۆ تیمەكانی فریاكەوتن، هەروەها داوا لە دانیشتووانی ناوچەكە کراوە ماڵەكانیان چۆڵ بكەن، بەڵام تا ئێستا نازاندرێت چەند خێزان لە ماڵەكانیاندا ماونەتەوە.