لە چیاکانی کوردستانەوە بۆ ناو شارەکان؛ ژنان پاسەوانی سروشتن و ڕووبەڕووی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری دەبنەوە
لەکاتێکدا جیهان بەرەو یادی ٨ی ئادار هەنگاو دەنێت، ڕووبەڕووی قەیرانە گەورەکانی کەشوهەوا دەبێتەوە ڕۆڵی ژنان وەک کارەکتەری سەرەکی لە پاراستنی هاوسەنگی سروشت و گۆڕینی ڕەفتارە زیانبەخشەکان دەردەکەوێت بە تێکەڵکردنی فەلسەفەی ئازادی و پاراستنی سروشت، تێدەکۆشن.
هێڤی سەڵاح
سلێمانی_پەیوەندیی نێوان ژن و سروشت لە فەلسەفەی ئازادی کوردستاندا ڕەگێکی مێژوویی و جەوهەریی قوڵی هەیە، چونکە هەردوولا بەدرێژایی مێژوو زیانبەرکەوتووی یەکەمی سیستەمی پیاوسالاری و دەسەڵاتخوازی بوون. لەم ڕوانگەیەوە، تێکدانی ژینگە و تاڵانکردنی سەرچاوە سروشتییەکان بەشێکە لە هەمان ئەو زیهنیەتەی کە ژن دەچەوسێنێتەوە، بۆیە ڕێبەر ی گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان جەخت لەوە دەکاتەوە کە "بەبێ ڕزگارکردنی سروشت لە چنگی داگیرکاری، ئازادیی ڕاستەقینەی ژن و کۆمەڵگە مەحاڵە" ژنانی کورد لە ڕێگەی زانستی ژنۆلۆژییەوە ئەم ڕاستییەیان کردووەتە بنەمای تێکۆشان و لە هەموو گۆڕەپانەکاندا دژی "قڕکردنی ژینگە" دەوەستنەوە، چونکە تێکدانی سروشت بە هێرش بۆ سەر کولتوور، مێژوو و ناسنامەی گەلی کورد دەبینن، نموونەی وەک گوندی ژنوار و ئەنجومەنە ئیکۆلۆژییەکان دەری دەخەن کە ژن دەتوانێت پێشەنگایەتی ئابوورییەکی سروشتپارێز بکات کە تێیدا مرۆڤ و ژینگە لە تەباییەکی تەواودا بن، ئەمەش وەک وەڵامێکی کرداری بۆ ئەو هێرشانەی کە دەیانەوێت بە سووتاندنی دارستانەکان و وشککردنی سەرچاوە ئاوییەکان، ئیرادەی گەل و ژنانی ئازادیخواز بشکێنن.
٨٠٪ی ئەو کەسانەی بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە ئاوارە دەبن ژنانن
مێژووی مرۆڤایەتی ئەوەی سەلماندووە کە ژنان هەمیشە لە ڕیزی پێشەوەی ئەو کەسانە بوون کە کاریگەرییە نەرێنییەکانی تێکچوونی ژینگەیان لەسەر بووە و ئامارە نێودەوڵەتییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە نزیکەی ٨٠٪ی ئەو کەسانەی بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە ئاوارە دەبن ژنانن و ئەمەش وای کردووە هۆشیارییەکی قوڵیان لا دروست بێت بۆ پاراستنی خاک و ئاو و هەوام چونکە لە زۆربەی کۆمەڵگەکاندا ئەرکی دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکان لە ئەستۆی ئەوانە و هەر گۆڕانکارییەک لە سروشتدا ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر ژیانیان دروست دەکات.
پرسی پاراستنی ژینگە لە لایەن ژنانەوە تەنها دروشمێکی جیهانی نییە بەڵکو کردارێکی ڕۆژانەیە کە لە ناو جەرگەی ماڵەکانەوە دەست ێدەکات و تا ناوەندە گەورەکانی بڕیاردانی سیاسی دەڕوات بەو پێیەی ژنان وەک پەروەردەکارێکی ژینگەیی ڕۆڵ دەبینن لە گۆڕینی بیرکردنەوەی منداڵان بەرامبەر بە سروشت و فێرکردنیان بۆ ئەوەی ڕێز لە هەر پێکهاتەیەکی ژینگەیی بگرن. لە لایەکی دیکەوە لە کەرتی کشتوکاڵ و پیشەسازیدا ژنان بە بەکارهێنانی داهێنانە ژینگەییەکان و کەمکردنەوەی پاشماوە زیانبەخشەکان دەبنە هۆی کەمکردنەوەی پەستانی سەر زەوی و پاراستنی جۆرە جیاوازەکانی ڕووەک و ئاژەڵ لە لەناوچوون کە ئەمە بەشێکی گرنگە لە ستراتیژی گەشەپێدانی بەردەوام.
ژنان ژینگەپارێزن
مێژووی چالاکییە ژینگەییەکان پڕە لە نموونەی ژنانی بوێر وەک وانگاری ماتای کە یەکەم ژنی ئەفریقی بوو خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی وەربگرێت بەهۆی دامەزراندنی بزووتنەوەی پشتێنی سەوز و چاندنی ملیۆنان دار لە کینیا کە کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر بوژاندنەوەی سروشت هەبوو هەروەها گەنجێکی وەک گریتا تێنبێرگ کە توانی ملیۆنان گەنج لە سەرانسەری جیهان بۆ پاراستنی زەوی بجوڵێنێت و سەرنجی سەرکردەکان بۆ لای مەترسییەکانی گەرمبوونی زەوی ڕابکێشێت. توێژینەوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەریانخستووە ئەو کۆمپانیایانەی کە ژنان لە دەستەی بەڕێوەبردنیاندان زیاتر پابەندن بە کەمکردنەوەی گازە ژەهراوییەکان و بەکارهێنانی وزەی پاک چونکە دیدگای ژنانە زیاتر بەرەو پاراستنی تەندروستی گشتی و دابینکردنی ژینگەیەکی سەلامەت بۆ هەمووان دەڕوات.
بەمەش سەرکەوتنی هەر پلانێکی ژینگەیی لە جیهاندا بەستراوەتەوە بە ڕادەی بەشداریپێکردنی ژنان وەک هاوبەشێکی ڕاستەقینە و کاریگەر چونکە بێبەشکردنیان بە واتای لەدەستدانی گەورەترین وزەی مرۆیی دێت کە دەتوانێت زەوی لە کارەساتە ژینگەییەکان ڕزگار بکات و ژیانێکی شایستە بۆ هەمووان دەستەبەر بکات.
سەیوان ڕۆستەم، چالاکوان و داکۆکی کاری مافی ژنان سەبارەت بە پرسی ژینگەو ژنان قسەی بۆ ئاژانسەکەمان کرد.
"خاک وەک دایکە"
سەیوان ڕۆستەم وتی: ژینگە و ژن دوو شتن کە هەرگیز لە یەک جیا ناکرێنەوە، چونکە بەراستی ژن پەیوەندییەکی زۆر بەهێزی هەیە لەگەڵ ژینگەدا، ئەگەر باس لەوەش ببکەین، دایک چۆن منداڵەکەی لە باوەش دەگرێت، خاک بەو شیێوەیە هەموومان لە باوەش دەگرێت، بۆیە خاک ژین ژینگە، سیانەیەکن لە یەک دابراون نین، زۆر گرنگە کە ژنان زیاتر هۆشیار بن لە بارەی مێژووەوە ئەگەر بگەرێینەوە بۆ مێژوو دەزانین کە هەر لە سەرەتای مرۆڤایەتییەوە، ژنان ڕۆڵیان هەبووە لە پاراستنی ژینگە و سەرچاوەکانی ئاو و لە هۆشیارکردنەوەی منداڵەکانیان سەبارەت کە ناسینی ژینگە و پاراستنی، هەمووی لە سیفاتەکانی ژنانە بەو واتایەی ژن و ژینگە جیا ناکرێتەوە، لە ئێستادا کە ژینگە بۆتە پرسێکی نێودەوڵەتی، کە لە ئێستادا بە هۆی بوونی کۆمەڵێک گۆرانکاری و بەکارهێننای تەکنەلۆجیاو فراوان بوونی کۆمەڵایەتی و زۆربوونی ئامێرەکان و ژیانی سەرمایەداری ژینگە بە تەواوەتی خەریکە تێکدەچیت و زۆر دەستکاری کراوە، زۆر گرنگە کە هەر کەسێک لە لای خۆیەوە بتوانێت ژینگە بپارێزێت بەو رێگەیەی کە خۆی پێی دروستە، ئەمە ئەرکی دایکانە و ژنانە کە زیاتر بایەخ بەوە بدەن کە ژینگە بونمانە دەبێت بیپارێزتین بۆیە ئەرکی سەرەکی ژنە کە دەبێت بەرنامەی هەبێت لەگەڵ هەموو لایەکدا پێکەوە ژینگە بپارێزن و نەبێتە ژینگەیەک کە دژی مرۆڤ بێت.
"لە ٨ی ئاداردا یەکدەنگی ژنان دووپات دەکەنەوە"
تایبەت بە ڕۆژی جیهانی تێکۆشانی ژنان، سەیوان ڕۆستەم لە کۆتایی قسەکانیدا وتی:٨یئادار ڕۆژێکە بۆ یەکدەنگی ژنان و پیشاندانی کارەکانیان،گەرنا ژنان بەردەوام پێکەوە کاردەکەن و لە ٨ی ئاداردا یەکدەنگی ژنان دووپات دەکەنەوە، بۆیە زۆر گرنگە ئەمڕۆژە ببێتە بۆنەیەک کە جەخت بکەنەوە سەر پاراستنی ژینگەو دووپاتی بکەنەوە پاکڕاگرتنی ژینگە سەرچاوەی ژیانی مرۆڤەکانە و داوا لە ژنان دەکەم، پێویستە بە بێ جیاوازی بیرو بۆچوونەکانیانەوە و بۆ پاراستنی ژینگە و بەدەستهێنانی مافەکانیان یەکدەنگ بن.