لە چەمچەماڵ قەڵغانی ڕێزلێنان پێشکەشی هونەرمەندانی نەتەوەیی کرا

لەشارۆچکەی چەمچەماڵ بە ئامادەبوونی ژمارەیەک کەسایەتی سنووری گەرمیان و چەمچەماڵ و کوردستان، لەمەراسیمێکدا قەڵغانی ڕێزلێنان پێشکەشی ژمارەیەک هونەرمەندی نەتەوەیی کراو هونەرمەند نەسرین بۆتان گۆرانی "ژن، ژیان، ئازادی" پێشکەش کرد.

ناوەندی هەواڵ

 

دوێنی لە بارەگای کۆمەڵەی ڕوناکبیری و کۆمەڵایەتی یارسان مەراسیمێکی ڕێزلێنان بۆ ژمارەیەک هونەرمەندی نەتەوەیی ڕێکخرا و خەڵاتیان پێشکەش کرا.

 

لەسەرەتای مەراسیمەکە هەرێم کاکەیی سەرۆکی کۆمەڵەی ڕوناکبیری و کۆمەڵایەتی یارسان وتەیەکی پێشکەشکرد و وتی، دەمانەوێت بەدوژمنەکانمان بڵێین ئەو سنوورە دەستکردانەی ئومێدتان لەسەر هەڵچینووە خەیاڵتان خاوە، ئەمڕۆ هونەرمەندی ڕۆژئاوا و باکوور و باشوور لێرەن و خەڵاتێکی ڕێزلێنانیان پێشکەش بکەین.

 

پاشان هونەرمەند لوقمان سەلیم وتەیەکی پێشکەشکرد و وتی: شۆڕشی ڕۆژئاوا وەرچەرخخانێکی گەورەی بەدیهێنا، بەدرێژایی مێژوو کورد وەک ئێستا یەکگرتوو نەبووە، شۆڕشی ڕۆژئاوا هۆکاری ئەم یەکگرتنەی کورد بوو، لەسەردانیاندا بۆ ڕۆژئاوا لەکاتی بینینی سەرکردە دیارەکانی ڕۆژئاوا دڵخۆشی خۆیان دەربڕی بۆ ئەو پشتیوانیانەی باشوور و بەتایبەتی سلێمانی، کە پاڵپشتیەکی باشی ڕۆژئاوە بوون.

 

هونەرمەند دەلیل میرسازیش  بەناوی سەرجەم هونەرمەندانی ڕۆژئاواوە سڵاوی ئاڕاستەی ئامادەبووان کرد و وتی: بە ڕوحیەتی گەرمی ڕۆژئاواوە لێرە ئامادە دەبین، ڕووحیەتی باشوور لە ڕۆژئاوا گۆڕانکاری زۆر گەورەی درووستکرد.

 

هونەرمەند نەسرین بۆتان گۆرانی ژن ژیان ئازادی پێشکەشی ئامادەبووان کردو لەکۆتایی مەراسیمەکەشدا قەڵغانی ڕێزلێنان پێشکەشی هونەرمەندان کرا.