لە بۆردوومانەکەی ئەمڕۆی چوارتا سێ کەس گیانیان لەدەستداو منداڵیان تێدایە

کەمێک پێش ئێستا دەوڵەتی تورک بۆردوومانی ئۆتۆمبێلێکی هاوڵاتییانی مەدەنی لە گوندی هەرمێلە لە سنووری شارۆچکەی چوارتا کردو بە هۆیەوە سێ هاوڵاتی گیانیان لەدەستدا کە یەکێکیان منداڵە.

ناوەندی هەواڵ

 

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ٥ی ئاب، دەوڵەتی داگیرکەری تورک، بۆردوومانی ئۆتۆمبێلێکی مەدەنیی لە گوندی هەرمێلەى سەربە شارۆچکەی چوارتا لە پارێزگای سلێمانی کرد.

 

عوسمان ئەنوەر، قائیمقامی چوارتا بە ئاژانسی ڕۆژنیوزی ڕاگەیاندووە، بۆردوومانەکە بە فڕۆکەی تورکیا بووە و ئۆتۆمبێلێک لە جۆری پیکاب بە ژمارەی سلێمانی بە ئامانج گیراوە، بە هۆیەوە سێ هاوڵاتی مەدەنیی گیانیان لەدەستداوە، یەکێکیان خەڵکی گوندی چەمەکە لە سنوورى شارباژێر، یەکێکی دیکەشیان منداڵێکە کە نەخۆشبووە و کانوولای لەدەست بووە.

 

هەرچی دەربارەی ناسنامەی سێیەمیانە قائیمقامی چوارتا ڕایگەیاند، بە هۆی زۆری ڕێژەی سووتاوییەکەیەوە تا ئێستا نەناسراوەتەوە.

 

ئەمە لە کاتێکدایە، دەوڵەتی داگیرکەری تورک دوێنێ ٤ی ئاب بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆردوومانی ئۆتۆمبێلێکی دیکەی مەدەنی لە نزیکی شارەدێی خەلەکان لە سنووری پارێزگای سلێمانی کرد کۆمەڵکوژیی ئەنجامدا و بە هۆیەوە “موزەفەر حسێن” و دوو منداڵەکەی بەناوەکانی “محەمەد موزەفەر تەمەن ١٨ ساڵ و موبین موزەفەر تەمەن ١٤ ساڵ” گیانیان لەدەستدا.

 

ژمارەی ئەو کەسانەی ئەمساڵ بەهۆی بۆردوومان و هێرشی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە باشووری کوردستان گیانیان لەدەستداوە بووە ٢٣ کەس، هەروەها ١٧ـی دیکەش برینداربوون.