لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە ٢١ فەڵەستینی کوژراون
دوابەدوای هێرشە بەردەوامەکانی ئیسرائیل، ژمارەی کوژراوانی کارمەندانی فریاگوزاری لە کەرتی غەززە بەرزبووەتەوە، نەتەوە یەکگرتووەکان ڕەخنەی لە فەرمانەکانی چۆڵکردنی دێر بەلاح گرتووە.

ناوەندی هەواڵ
لەگەڵ بەردەوامی شەڕی کە لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ دەستیپێکرد و لەگەڵ بێ بایەخکردنی فەرمانە نێودەوڵەتییەکان و دادگای نێودەوڵەتی هێزەکانی ئیسرائیل، پێشێلکارییەکان بەرەو پەرەسەندندان و نزیکەی دەیان هەزار فەڵەستینی بە ژن و منداڵەوە گیانیان لەدەستداوە و دەبێتە هۆی ئەوەی هەزاران کەس بێسەروشوێن ببن و سەدان هەزار کەسیش بە بارودۆخی مرۆیی کارەساتباردا ئاوارە دەبن.
بەرەبەیانی ڕۆژی ٢١ی تەمووز، هێزەکانی ئیسرائیل ٢١ فەڵەستینییان کوشت کە چاوەڕێی یارمەتییە مرۆییەکان بوون، کوژراوەکان لە ئەنجامی هێرشی ئاسمانی و تۆپباران و تەقەی چەکەوە بوون کە چادری ئاوارەکان و ناوەندەکانی دابەشکردنی یارمەتییەکان لە باکوور و ناوەڕاست و باشووری کەرتی غەززەیان کردە ئامانج.
دوێنیش لانیکەم ٩٣ هاوڵاتیی مەدەنی فەڵەستینی لە باکووری کەرتی غەززە لە کاتی چاوەڕوانی یارمەتییە مرۆییەکان بە دەستی هێزەکانی ئیسرائیل کوژران، فەرمانەکانی چۆڵکردن لە زیادبووندایە و بارودۆخەکان بە شێوەیەکی مەترسیدار خراپتر دەبن، ئەمەش لە کاتێکدایە کە نەتەوە یەکگرتووەکان جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئەم ڕووداوانە "لێدانێکی یەکلاکەرەوە" لە هەوڵەکانی فریاگوزاری پێکدەهێنن.
هەروەها بەرنامەی خۆراکی جیهانی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاشکرای کردووە کە کاروانێکی ٢٥ بارهەڵگری یارمەتییەکان ڕووبەڕووی قەرەباڵغی هاوڵاتیانی مەدەنی برسی بوون، کە دوای بەزاندنی خاڵەکانی پشکنینی ئیسرائیل تەقەیان لێکرا، بەرنامەی خۆراکی جیهانی جەختی لەوە کردەوە کە هەر توندوتیژییەک بەرامبەر بە هاوڵاتیانی مەدەنی چاوەڕێی یارمەتییەکان بێت قبوڵ ناکرێت، جەختی لەسەر پێویستی پاراستنی هەردوو کارمەندانی مرۆیی و مەدەنی کردەوە.
سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند کە تەقەکردنەکە "هۆشدارییەکە" بە ئامانجی "لابردنی هەڕەشەیەکی دەستبەجێ"، وەڵامێک کە لەگەڵ قەبارەی قوربانییەکانی تۆمارکراودا ناگونجێت.
لە مانگی ئاداری ساڵی ڕابردووەوە، هێزەکانی ئیسرائیل هەموو دەروازەکانی لەگەڵ کەرتی غەززە داخستووە و ڕێگرییان لە هاتنە ناوەوەی هاوکارییەکان کردووە، ئەمەش برسێتی بەرفراوانی لێکەوتەوە، بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی لە غەززە، سیاسەتی برسێتی، بەهۆی بەدخۆراکییەوە گیانی ٨٦ فەڵەستینی کە ٧٦یان منداڵ بوون لەدەستداوە.
دامەزراوەی مرۆیی غەززە لە کۆتایی مانگی ئایاردا دەستی بە چالاکییەکانی کرد، دوای گەمارۆیەکی هەمەلایەنەی هێزەکانی ئیسرائیل بۆ ماوەی زیاتر لە دوو مانگ، ئەمەش لە کاتێکدایە کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە هۆشدارییان لەسەر هەڕەشەی برسێتی هەبوو، نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە ناحکومییەکان بەهۆی نیگەرانییەکان لەبارەی بێلایەنی و سەرچاوەی داراییەوە، هاوکاری ئەو دامەزراوەیە ڕەتدەکەنەوە.
فەرمانی چۆڵکردن
هاوکات هێزەکانی ئیسرائیل فەرمانی چۆڵکردنی دەستبەجێیان بۆ فەڵەستینییەکانی ناوەڕاستی کەرتی غەززە دەرکرد، فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنە زەمینییەکانیان لە جەبەلیە بۆ باکووری وڵاتەکەیان ڕاگەیاند.
نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کۆردیناسیۆنی کاروباری مرۆیی (ئۆچا) هۆشداریدا لەوەی کە فەرمانی سەربازی ئیسرائیل بۆ ئاوارەبوونی بەکۆمەڵ لە دێر بلحەوە "لێدانێکی وێرانکەری دیکەیە لە هێڵی ژیانی غەززە کە لە ئێستاوە ناسک بووە".