لە بەرامبەر سیاسەتەکانی هەژموون و برسێتی لە غەززە بانگەواز بۆ ئاشتی دەکرێت
خوناف خەلیل، ئەندامی کۆنگرەی ستار جەختی لەوەکردەوە برسێتی لە غەززە پێشێلکارییەکی ئاشکرای بنەما و پێوەرە مرۆییەکان پێکدەهێنێت، بانگەوازەکەی ڕێبەری گەلی کورد عبدولا ئۆجالان نوێنەرایەتی ڕێبازێک دەکات کە دەتوانێت چارەسەری دادپەروەرانە بۆ غەززەش بکات.

بەرچەم جودی
کۆبانێ-غەززە لە ژێر قورسایی برسێتی و بۆردوومانەکاندا بەردەوامە لە خوێنبەربوون، ئەمەش لە کاتێکدایە کە هێرشە توندوتیژەکانی ئیسرائیل بەردەوامن کە ژیانی هاوڵاتیانی مەدەنییان کردووە بە کارەساتێکی ڕۆژانە، لە سەرەتای سەرهەڵدانی شەڕەوە لە ساڵی ٢٠٢٣ەوە، دانیشتوانی کەرت لە دۆخێکی بەرگە نەگیراودا دەژین، وەزارەتی تەندروستی ڕایگەیاند، زیاتر لە ٦٠ هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە، هاوکات ژمارەی بریندارانیش ١٠٠ هەزاری تێپەڕاندووە، کە زۆربەیان ژن و منداڵن.
لە ڕۆشنایی ئەو ڕاستییە ترسناکە لە غەززە، زۆرێک لە ڕێکخراوە مرۆییەکان هۆشداریی بەپەلەیان سەبارەت بە خراپتربوونی قەیرانی برسێتی بڵاوکردەوە و جەختیان لەوە کردەوە کە غەززە لە لێواری کارەساتێکی بێ وێنەدایە لە سەدەی بیست و یەکەمدا، ئەوەی لەوێ ڕوودەدات تەنها قەیران نییە، بەڵکو داڕمانی تەواوەتی کەرامەتی مرۆڤە، داوای هەنگاوی بەپەلەی جیهانی دەکات بۆ ڕزگارکردنی ئەوەی لەم شوێنە لێدراوەدا لە ژیان دەمێنێتەوە.
لەو چوارچێوەیەدا، خوناف خەلیل، بەڕێوەبەری لیژنەی تەندروستی لە کۆنگرەی ستار لە ناوچەی فورات لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، هەڵسەنگاندنی بۆ دۆخی غەززە کرد و ئاماژەی بەوەدا کە ئەم پرۆسەیە یەکێکە لە دەرئەنجامەکانی شەڕی هەژموون.
"کۆمەڵگە لە شەڕی هەژموونیدا وێران دەبێت"
خوناف خەلیل تیشکی خستە سەر ئەو سیاسەتانەی کە زلهێزە باڵادەستەکان پەیڕەوی لێدەکەن و دەستوەردانی قووڵیان لە کۆمەڵگەکاندا، ئاماژەی بەوەدا کە ئەو قەیران و ململانێیانەی کە ئەمڕۆ شاهیدییانین، ڕەنگدانەوەی ڕاستی شەڕی جیهانی سێیەمی ڕانەگەیەندراو، پەرەسەندن و وەرگرتنی فۆرمی جۆراوجۆرە.
ڕوونیکردەوە کە ئەم زلهێزانە بەهۆی بەرژەوەندییە تەسکەکانیان و بەدواداچوونی بەردەوامی کۆنتڕۆڵکردنەوە، قەیرانی مرۆیی و ئابووری و کولتووری خنکێنەر لەناو کۆمەڵگەکاندا دروست دەکەن، ئامرازەکانی چەوساندنەوە و برسێتی و لەناوبردنی وەک ئامراز بۆ چەسپاندنی باڵادەستی خۆیان و بەردەوامکردنی دەسەڵاتەکەیان بەکاردەهێنن.
ئاماژەی بەوەشکرد، هاوڵاتیان ناچارن سەرنجیان لەسەر دەستەبەرکردنی بژێوی ژیان و ڕووبەڕووبوونەوەی بارودۆخی نەهامەتی بێت، لەبری ئەوەی سەرنجیان لەسەر پرسە گرنگەکانیان و داواکارییە دادپەروەرەکانیان بێت، ئەو ململانێیانەی کە دروست دەبن تەنها ئامرازێکن بۆ سەرقاڵکردنی هاوڵتیان لە ناوەکی مافەکانیان و هێشتنەوەیان لە سووڕێکی ئازاری ڕۆژانەدا.
باسی لە دۆخی کارەساتباری غەززە کرد و ڕایگەیاند کە زۆرێک لە وڵاتان و گەلان لەم قۆناغە گرنگەی مێژوودا زیانێکی گەورەیان بەرکەوتووە، بەڵام غەززە ئەمڕۆ تووشی ئازارێکی پێناسە نەکراو دەبێت و دەچێتە قۆناغێکی ئازارەوە کە جیهان پێشتر نەیبینیوە، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ هەزاران هاوڵاتی مەدەنی ڕووبەڕووی برسێتی دەبنەوە، لە کاتێکدا سەدان منداڵ و ژن و گەنج و پیاو لە قورسایی بۆردوومان و بێبەشییدا دەکوژرێن.
بە خەمەوە زیادی کرد: ژیانی سەدەی بیست و یەکەم، قسەکردن لەسەر ئاشتی و سەقامگیری و یەکسانی و ئازادی، لە کاتێکدا هێشتا بە ئەنقەست هاوڵاتیان دەکوژرێن و برسی دەکرێن وەک بەشێک لە سیاسەتە سیستماتیکییەکان، بەردەوامبوونی برسێتی لەم سەردەمەدا تەنها شکستێکی ئەخلاقی نییە، بەڵکو تاوانێکە دژی مرۆڤایەتی بە گشتی.
"نە ئاگربەستەکان کار دەکەن، نە یارمەتییەکان دەگەنە ئەو کەسانەی کە پێویستیان پێیەتی"
خوناف خەلیل ئاماژەی بەوەدا کە لە ئێستادا غەززە بە گەمارۆیەکی خنکێنەردا دەژی و هێرشی ڕۆژانە و چڕ و پڕی لەگەڵدایە کە بێ وەستان گیانی هاوڵتیانی مەدەنی لێدەگرن، زلهێزە باڵادەستەکان چیتر پابەند نین بە پێوەر و بنەما مرۆییەکانەوە، بەڵکو بە ئاشکرا پێشێلی دەکەن، لەکاتێکدا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بێدەنگە.
جەختی لەوە کردەوە کە قسەکردن لەسەر یاسا و ڕێکەوتنەکانی مافی مرۆڤ لە ڕۆشنایی ئەم ڕاستییەدا کەم دەردەکەوێت، هەرچەندە ئەم یاسایانە لە بنەڕەتدا لەسەر بنەمای بەها ئەخلاقی و ویژدانییەکان دامەزراون کە بڕیارە ڕێزیان لێبگیرێت.
ڕوونیشیکردەوە کە هەوڵ هەیە لەلایەن هەندێک وڵاتەوە بۆ شکاندنی ئەو گەمارۆیەی بەسەر غەززەدا سەپێنراوە و هاوکاری مرۆیی پێشکەش بە گەلی فەڵەستین بکەن، بەڵام ئەو هەوڵانە هێشتا بەرهەمیان نەبووە، نە ئاگربەستەکە جێبەجێ دەکرێت، نە یارمەتییەکان دەگەنە ئەو کەسانەی کە زۆرترین پێویستیان پێیەتی.
"غەززە تەنیا نییە، سیاسەتی برسێتی و ئاوارەبوون لە سەرانسەری کیشوەرەکاندا درێژدەبێتەوە"
خوناف خەلیل جەختی لەوە کردەوە کە ئەوەی لە غەززە دەگوزەرێت کەیسێکی ناوازە نییە، بەڵکو بەشێکە لە سیاسەتێکی سیستماتیک کە کاریگەری لەسەر زۆرێک لە ناوچەکانی جیهان هەیە، ئەوەی لە غەززە ڕوودەدات جارێکی دیکە تیشک دەخاتە سەر ڕاستییەکی پڕ لە ئازار، ئەویش ئەوەیە کە هاوڵاتیان بوونەتە قوربانی ململانێی زلهێزە باڵادەستەکان، کە فەڵەستینییەکان بەهۆی برسێتی و تینوێتی لە ئەنجامی شەڕێکدا کوژراون کە تاکە ئامانجی چەسپاندنی دەسەڵات و کۆنترۆڵکردنە.
ئاماژەی بەوەشکرد، نموونەی هاوشێوەی زۆر هەیە، لە ئێستادا کیشوەری ئەفریقا بەدەست هەژاری و برسێتیەوە دەناڵێنێت و سووریاش شاهیدی ڕووداوە دڵتەزێنە بەردەوامەکانە کە هەموویان ڕەنگدانەوەی هەمان شێوازی لەناوبردنی سیستماتیکن.
ڕوونیشیکردەوە، ئەو ململانێیانە، چ لە نێوان زلهێزە جیهانییەکاندا بێت یان هێزە ناوخۆییەکان، دەبێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵگەکان بە ڕێگەی جۆراوجۆر، لە کۆمەڵکوژی و ئاوارەبوونی زۆرەملێیەوە بۆ برسێتی و بڵاوبوونەوەی نەخۆشی، ئەمەش لە هەوڵێکدایە بۆ دووبارە کێشانەوەی نەخشە جوگرافی و سیاسییەکان لەسەر حیسابی ژیان و کەرامەتی مرۆڤ.
"دیدگای ڕێبەری گەلی کورد عەبوڵا ئۆجالان بۆ چارەسەرکردنی ململانێ جیهانییەکان"
خوناف خەلیل جەختی لە گرنگی بانگەوازی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بۆ ئاشتی و بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتی کردەوە و بە دیدێکی هەمەلایەنەی زانی بۆ چارەسەرکردنی ئەو قەیرانانەی کە جیهان تووشی دەبن، زۆرجار لێدوان یان هەڵوێستی تاکەکەسی دەخرێنەڕوو کە گۆشەگیر دەردەکەون، بەڵام لە ڕاستیدا لە پڕۆژەیەکی سیاسی گشتگیرەوە سەرچاوە دەگرن، ئەگەر ئیرادەیەکی ڕاستەقینە بۆ جێبەجێکردنی ئەم ڕێبازە هەبوایە، لە مێژە دۆخی غەززە چارەسەر دەکرا، ئەوەی ئەمڕۆ ڕوودەدات پێویستی بە کردەوەی بەپەلە هەیە، نەبوونی ڕێوشوێنی بناغەیی نەک هەر هەڕەشە لە غەززە دەکات، بەڵکو هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی ئەو کارەساتە بۆ وڵاتانی دیکە و کۆمەڵگەکانی دیکە دەکات.
ئاماژەی بەوەشکرد، ناتوانرێت جیهان لەسەر بناغەکانی ستەم و برسێتی و لەناوچوون بونیاد بنرێت، بەڵکو پێویستی بە دیدگایەکی مرۆڤدۆستانە هەیە کە پێکەوەژیان و دادپەروەری بەرەوپێش ببات، زلهێزە باڵادەستەکان بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵگەکان، لە کاتێکدا بانگەوازی ڕێبەری گەلی کورد عبدوڵا ئۆجالان بۆ ئاشتی و دیموکراتی وەک چارەسەر و کلیلی ڕاستەقینەی چارەسەرکردنی پەرەسەندنی ململانێکان دەمێنێتەوە.
خەناف خەلیل، لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: پێمانوایە گەلانی جیهان لەگەڵ ئەم بانگەوازەدا دەوەستن و هەوڵدەدەن بۆ ئەوەی بیکەنە ڕاستی، ئەگەر ئەمە بەدیبهێنرێت، دەتوانین جیهانێک بونیاد بنێین کە هەمووان بە سەلامەتی بژین، ناسنامەکان ڕێزیان لێ بگیرێت و کەرامەت بپارێزرێت، فرەیی بە هەموو شێوەکانییەوە گەشە بکات.