پشتگیری چاپەمەنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا بۆ ئاژانسەکەمان
ئاژانسەکەمان نوژنها شایەتی شەپۆلێکی هاودەنگیی ژنانی ڕۆژنامەنووس، چالاکوانان، ڕێکخراوە میدیاییەکانی ناوچەکە بووە، ئەمەش دووپاتی دەکاتەوە کە بەرگریکردن لە ئاژانسەکە بەرگریکردنە لە ئازادی ڕادەربڕین و مافی ژنان بۆ دەستڕاگەیشتن بە زانیاری.
ناوەندی هەواڵ
بەئامانجکردنی ژێرخانی دیجیتاڵی نوژنها لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا توڕەیی چالاکوانان و ڕۆژنامەنووسانی لێکەوتەوە، کە وەک هەوڵێکی ئاشکرا بۆ بێدەنگکردنی دەنگێکی ژنانی سەربەخۆ کە ڕۆشنایی دەخاتە سەر پرسەکانی توندوتیژی و هەڵاواردن دژی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا.
ئاژانسەکەمان نوژنها کە تایبەتە بە بابەتی ژنان، چەند ڕۆژێک لەمەوبەر تووشی هێرشێکی ئەلیکترۆنی بەرفراوان کرا، هێرشەکە کە بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک ژێرخانی دیجیتاڵی کردە ئامانج، پلاتفۆرمە میدیاییەکەی پەکخست و هەوڵی بلۆککردنی ناوەڕۆکەکەی لە خەڵک داوە، بەڵام بەهۆی دەستێوەردانی خێرای تیمی تەکنیکییەوە، هێرشەکە پووچەڵکرایەوە و ئاژانسەکەش بەردەوام بوو لە کارەکانی.
هێرشەکە تەنها هەڵەیەکی تەکنیکی نەبوو، بەڵکو هەوڵەکانی هاککردنی سێرڤەرەکان و لەکارخستنی دەستڕاگەیشتن بە ئەرشیفەکەی لەخۆگرتبوو، لە هەوڵێکی ڕوون بۆ بێدەنگکردنی دەنگێکی ژنانی سەربەخۆ کە تیشک دەخاتە سەر توندوتیژی و هەڵاواردن دژی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا.
بەرگریکردن لە ژنە ڕۆژنامەنووسەکان بەرگریکردنە لە دیموکراتی
لە وەڵامی ئەو هێرشە ئەلیکترۆنییەدا، ژمارەیەکی زۆر لە چالاکوانان و داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ و ڕۆژنامەنووسان پشتگیری خۆیان بۆ ئاژانسەکە ڕاگەیاند، لە تونسەوە جیهان لواتی، ئەندامی سەندیکای نیشتمانیی ڕۆژنامەنووسانی تونس، هاوسۆزی تەواوی خۆی لەگەڵ ژنانی ڕۆژنامەنووسی ئاژانسەکە دەربڕی و جەختی لەوە کردەوە، کە بە ئامانجگرتنی ئاژانسێکی ڕاگەیاندنی ژنان تەنها کردەوەیەکی تەکنیکی نییە، بەڵکو هەوڵێکی سیستماتیکە بۆ بێدەنگکردنی ئەو دەنگانەی کە ئەزموون و خەباتی ژنان لە دڵی گێڕانەوەی گشتیدا دادەنێن.
ئاماژەی بەوەشکرد، ڕۆژنامەنووسانی نوژنها "ڕۆژنامەگەری ڕەگداکوتاو کە گێڕانەوەی باڵادەست ڕەتدەکاتەوە" پراکتیزە دەکەن، پاراستنی ژنانی ڕۆژنامەنووس بە بەشێک لە پاراستنی ئازادی ڕادەربڕین و بەردێکی بناغەی پڕۆژەی دیموکراتی دەزانن.
ئەم هێرشە دەستدرێژییە بۆ سەر مافی ژنان لە دەستڕاگەیشتن بە زانیاری
لە عێراقەوە، چالاکوانی مەدەنی سوهەیلا ئەعسام هێرشەکەی شەرمەزارکرد و بە "هەوڵێک بۆ بێدەنگکردنی دەنگی ژنان و تێکدانی ڕۆژنامەگەریی ئازاد و سەربەخۆ"ی زانی، وتی: ئاژانسەکە ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە ئاشکراکردنی ئەو توندوتیژی و باڵادەستی و سیاسەتە جیاکارییانەی کە ژنان ڕووبەڕووی دەبنەوە.
جەختیشی لەوە کردەوە، کە هێرشەکە کاریگەری لەسەر مافی ژنان بۆ دەستگەیشتن بە زانیاری هەیە، سەڕەرای هەموو شتێک دەنگی ژنان بە ئازادی دەمێنێتەوە.
"ئێمە متمانەمان بە توانای ئاژانسەکە هەیە بۆ تێپەڕاندنی ئەم هێرشە"
لە سوەیداوە ڕۆژنامەنووس شام نفاع هاوسۆزی تەواوی خۆی بۆ ئاژانسەکە دەربڕی و دووپاتی کردەوە، کە نوژنها نوێنەرایەتی دەنگێکی گرنگ بۆ ژنان لە سوەیدا کرد و بەشداریی کرد لە گەیاندنی وێنەیەکی ڕاستەقینەی کێشەکانی ژنان لە ناوچەکەدا.
ئاماژەی بەوەشکردووە، هێرشەکە کاریگەری لەسەر ئەرکی ڕۆژنامەوانییەکەی نابێت، ئاماژەی بە هاودەنگی بەربڵاوی ڕۆژنامەنووسان و ئەوانەی ئارەزووی پرسەکانی ژنان دەکەن، هەروەها متمانەی خۆی دەربڕی کە ئاژانسەکە ژێرخانی دیجیتاڵی بەهێزتر و پێشکەوتووتر بونیاد دەنێتەوە.
لە یەمەنەوە، فاتمە حەجەر، مامۆستا بۆ ماوەی زیاتر لە ١٥ ساڵە، وتی:وەک مامۆستایەک کە بەدەست تاڵیی مافە لاوازەکانەوە ئازاری چەشتووە و بەردەوامیش دەناڵێنێت، ئەو پانتاییە بەرفراوانەی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان کە لە مەیدانەکەدا ئەنجاممان داوە، سەکۆیەکم نەدۆزیوەتەوە کە وەک ئاژانسی نوژنها لە پێناو کەرامەتی ئێمەدا بوەستێت و ڕۆشنایی بخاتە سەر ئازارەکانمان.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمڕۆ کە ئەم ئاژانسە تووشی هێرشێکی ئەلیکترۆنی دەبێت، ئامانج تەنها ماڵپەڕێک نییە، بەڵکو دەنگی ئێمەیە- دەنگی ژنان، ئەم هێرشە باجی سەرکەوتن و بوێری قسەکردنی ڕاستییە، هاوسۆزییەکی تەواوم بۆ هەموو ئەو ژنانە هەیە کە لەم ئاژانسە کاردەکەن و هەموو پەیامنێرەکانی، ئێمە لەگەڵ ئێوەداین، هەروەک چۆن لە کاتە سەختەکانماندا دەنگێک بوون بۆ ئێمە، ئەمڕۆش پشتیوانێک دەبین بۆ ئێوە، هاودەنگییەکی ڕەهای خۆمان لەگەڵ ئێوە ڕادەگەیەنین.
ئاژانسەکە پاڵپشتییەکی بەرفراوانی لە ماڵپەڕ و پلاتفۆرمە هەواڵییەکانی ناوچەکە وەرگرتووە، لەوانە سەندیکای ڕاگەیاندنی ژنانی ئازاد لە ئاوای کوردستان، پلاتفۆرمی ڕاگەیاندن لە ڕۆژئاوای کوردستان، ماڵپەڕی هەواڵی ئوردنی "صدى الشعب"، ڕۆژنامەی "سوس بلوس"ی مەغریبی، ماڵپەڕی هەواڵی "مغربيات"، ماڵپەڕی هەواڵی "الأول"ی یەمەن، کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی ژنانی مێزۆپۆتامیا (MKG)، کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی دیجلە و فورات لە تورکیا، ئاژانسی ژننییوز.
ئەم ڕێکخراوانە هێرشەکەیان بە دەستدرێژیکردنە سەر ئازادی میدیا و مافی ڕادەربڕینی ژنان زانی و داوای پاراستنی پلاتفۆرمەکانی ژنانی سەربەخۆیان کرد کە لە ژینگە هەستیارەکاندا کاردەکەن.
سەرەڕای هێرشەکە، کارگێڕی ئاژانسەکەمان دووپاتیکردەوە، کە کاری سەرنوسەری بەردەوامە و تیمەکەش بڕیارە ئەرکی ڕۆژنامەوانی و کۆمەڵایەتی خۆی جێبەجێ بکات، جەختیان لەوە کردەوە، کە دەنگی ئازادی ژنان بە ئاسانی بێدەنگ ناکرێت.