لە بناری قەندیل پەیامی هاوبەشی ژنان و پیاوان بۆ کۆتاییهێنان بە توندوتیژی دژی ژنان بەرزکرایەوە

لە گوندی سێوەیس، لە هەرێمی قەڵاتووکان لە بناری قەندیل، بۆ ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، ژنان و پیاوانی ئەو هەرێمە لە مەراسیمێکدا کۆبوونەوە و بە خوێندنەوەی پەیام و بەڵێننامەی حەوت خاڵی پشتیوانی ژیانی بێ‌توندوتیژییان گەیاند.

بناری قەندیل 


دوێنی لە گوندی سێوەیس، هەرێمی قەڵاتووکان لە بناری قەندیل، ژنان و پیاوانی ئەو هەرێمە بە بۆنەی ٢٥ی تشرینی دووەم، ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، لە مەراسیمێکدا کۆبوونەوە و بە هاوبەشی پەیامی پشتگیری لە شکۆ، ماف و ئازادیی ژنان و ڕەتکردنەوەی هەموو جۆرە توندوتیژییەکیان ڕاگەیاند، مەراسیمەکە بە وەستانێک بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێکرد، دواتر پەیامی ئەنجومەنی ژنانی بناری قەندیل خوێندرایەوە. لە پەیامەکەدا جەخت لەسەر پاراستنی کەرامەتی ژنان، دەستەبەرکردنی ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکانیان، و ڕۆڵی ژنان لە پێشخستنی کۆمەڵگا کرایەوە.


         


        
لە بەشێکی دیکەی مەراسیمەکەدا، پیاوانی هەرێمەکە بە مەبەستی پشتگیری لە ژنان و بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی، بەڵێننامەی بناری قەندیل یان بەڵێننامەی حەوت خاڵیان خوێندەوە، ئەم بەڵێننامەیە پابەندیی بەشداربووانی لە دژی هەموو جۆرە توندوتیژییە جەستەیی، دەروونی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و کلامییەکان، پاراستنی شکۆی و مافەکانی ژنان، پشتگیری لە خوێندن و کار و بەشداریی ژنان، و ڕەتکردنەوەی بێدەنگی لە بەرامبەر توندوتیژی لە خۆگرتووە.


هەروەها لە بەڵێننامەکەدا ئاماژە بە بەرزکردنەوەی هۆشیاریی کۆمەڵگE، بە تایبەتی نەوەی گەنج، و دروستکردنی ژینگەیەکی سەلامەت و دادپەروەرانە لە ماڵ، قوتابخانە، شوێنی کار و دامەزراوەکان کراوە، بەو باوەڕەی کە پاراستنی ژنان بەرپرسیاریەتییەکی هاوبەشی هەموو تاک و دامەزراوەکانی کۆمەڵگایە، نەک تەنها ئەرکی دامەزراوە تایبەتەکان.

لە پەیامی ئەنجومەنەکەدا، بناری قەندیل وەک ناوچەیەک باس کرا کە ژنان بە بەشداری و ڕۆڵی گرنگ لە ژیانی کۆمەڵایەتی و پێشکەوتنی ناوچەکەدا دەردەکەون، و جەخت لەسەر ئەوە کرایەوە کە پێشکەوتنی ڕاستەقینەی کۆمەڵگا بە بەشداری و ئازادیی ژنان گرێدراوە.


لە هەمان پەیامدا، ئاماژە بە دۆخی کۆمەڵایەتیی بناری قەندیل کراو ڕەنگدانەوەی ئەو فەرهەنگە کۆمەڵایەتییەی نیشان درا کە پشتگیری لە ژنان و پاراستنی کەرامەتیان بە بەرپرسیاریەتییەکی هاوبەش دەزانێت. بەڵێننامەکەش وەک هەنگاوێک بۆ بەردەوامکردنی ئەم هەڵوێستە لە ژیانی ڕۆژانەی ناوچەکە پێشکەش کرا.


مەراسیمەکە بە پەیامێکی هاوبەش کۆتایی هات؛ پەیامێک کە ئازادی، کەرامەت، یەکسانی و ژیانێکی بێ‌توندوتیژی بۆ ژنان، بنەمای کۆمەڵگایەکی ئارام و پێشکەوتوو دەزانێت.