لە بناری قەندیل جەخت لە فەلسەفەی "ژن، ژیان، ئازادی" و گرنگی سیستمی هاوسەرۆکایەتی کرایەوە
لە گوندی دەروەکۆتر لە بناری قەندیل بە بۆنەی ٨ی ئادار، ڕۆژی جیهانی ژنان، کۆبوونەوەیەکی جەماوەری بۆ ژنان بەڕێوەچوو، جەخت لە فەلسەفەی "ژن، ژیان، ئازادی" و گرنگی سیستەمی هاوسەرۆکایەتی کرایەوە.
قەندیل
لە گوندی دەروەکۆتری بناری قەندیل بە بۆنەی ٨ی ئادار، ڕۆژی جیهانی ژنان، کۆبوونەوەیەکی جەماوەری بۆ ژنان بەڕێوەچوو. لە کۆبونەوەکەدا جەخت لەوە کرایەوە کە هەتا ژن ئازاد نەبێت، کۆمەڵگە ئازاد نابێت و تەنیا بە هۆشیاری و ڕێکخستنی ژنان دەتوانرێت کۆتایی بە سیستەمی چەوسێنەر و پیاوسالاری بهێنرێت.
ئازادیی کۆمەڵگە لە ئازادیی ژنەوە دەستپێدەکات
مەراسیمەکە بە خولەکێک ڕێزگرتن بۆ گیانی پاکی شەهیدانی ڕێگای ئازادی دەستی پێکرد. پاشان سەروین جەلال، ئەندامی ئەنجومەنی ژن، وتارێکی پێشکەش کرد و وێڕای پیرۆزبایی ئەم ڕۆژە لە ڕێبەر ئاپۆ و تەواوی ژنانی تێکۆشەر و ڕەنجدەر، یادی ژنە پێشەنگەکانی وەک "ساکینە چانسز، ڕۆزا لۆکسمبۆرگ و کلارا زەتکین"ی بەرز ڕاگرت کە بوونە مەشخەڵی ڕێگای ئازادی.
سەروین جەلال لە وتارەکەیدا ئاماژەی بە فەلسەفەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کرد و وتی: هەتا ژن ئازاد نەبێت، کۆمەڵگە ئازاد نابێت. دەسەڵاتداریی و سیستەمی پیاوسالاری هەوڵ دەدەن لە ڕێگەی کۆیلەکردنی ژن لەناو ماڵ، دامودەزگاکان و سیاسەتدا، کۆمەڵگە بەرەو شێواوی بەرن." هەروەها تیشکی خستە سەر زنجیرەی چەوسانەوە و وتی: کاتێک حکومەت و دەسەڵات گوشار دەخەنە سەر پیاو و مافەکانی زەوت دەکەن، پیاویش ئەو ئازار و چەوسانەوەیە بەسەر ژندا دەڕێژێت و ژنیش بەسەر منداڵدا؛ بۆیە پێویستە ئەم ژینگەیە بگۆڕدرێت و پیاوان میتۆدی بیرکردنەوەی خۆیان بگۆڕن، چونکە ژنێکی هۆشیار دەتوانێت منداڵ و کۆمەڵگەیەکی تەندروست پەروەردە بکات...
"سیستەمی هاوسەرۆکایەتی؛ دەستکەوتی ڕەنج و خوێنی ژنانە"
لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا، لاڤان مستەفا، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی گەلی بناری قەندیل، ڕایگەیاند کە ژنان چیتر ئەو "کاڵا" و مەکینەی منداڵبوونە نین کە مێژووی پیاوسالاری دەیسەپاند، بەڵکو ئێستا ژن خۆی مێژوو دەنووسێتەوە.
لاڤان مستەفا نموونەی بناری قەندیلی هێنایەوە و وتی: بناری قەندیل لە پێنج هەرێم پێکهاتووە و لە هەموو هەرێمەکاندا ئەنجومەنی ژنان و پیاوان و سیستەمی هاوسەرۆکایەتی هەیە. ئەمە گۆڕانکارییەکی گەورەی لە ژیان و پاراستنی ژینگەدا دروست کردووە. کاتێک دوو ئەقڵییەت "ژن و پیاو" پێکەوە کار دەکەن، خزمەتێکی باشتر دەکرێت، چونکە ژنان و پیاوان تەواوکەری یەکن.
لە کۆتایی قسەکانیدا، لاڤان مستەفا ئاماژەی بە بەرخودانی ژنانی ڕۆژئاوا کرد و وتی: ئەو دەستکەوتانەی بەدەست هاتوون، بە خوێن و ئارەقەی ژنان بووە. پێویستە وەک ژن ریز لەم سەروەرییانە بگرین و خۆمان پەروەردە و ڕێکخستن بکەین تا هیچ دەسەڵاتێک نەتوانێت زیانمان پێ بگەیەنێت. ئێمە لەناو ماڵەکانمانەوە قوتابخانەیەکی گەورەی پەروەردەین و بە دەستی خۆمان مێژوویەکی نوێ دەنووسینەوە.