لە ڕانیە ڕێز لە ڕۆژنامەنووسان گیراو چرایان پێشکەش کرا

بە بۆنەی ساڵڕۆژی ڕۆژنامەگەری کوردی ڕۆژنامەنووسانی ڕانیە ڕێز لێنانیان پێدرا.

دیڤان سیهاد

 

ڕانیە_ دوێنی ٢٣ی نیسان بۆ یادی ١٢٧ ساڵەی ڕۆژنامەگەری کوردی کە ٢٢ی نیسانی هەموو ساڵێک بەبیردەهێندرێتەوە، ڕێخراوی چرای چەوساوەکان ئەو یادەی بەرز ڕاگرت و ڕێزلێنانیان بەخشیە ڕۆژنامەنووسانی دەڤەری ڕاپەڕین.

 

 سەرەتا لەلایەن کارزان محەمەد، سەرۆکی ڕێخراوی چرای چەوساوەکان چەند وتەیەک پێشکەشی ڕۆژنامەنووسان کراو  ئەرک و ماندوو بوونی ڕۆژنامەنووسان بەرز نرخێنرا و دواتر خەڵاتی ڕێزلێنانیان  پێبەخشرا.

 

نیگار حەمەد عەلی، ڕۆژنامەنووس لە ڕاپەڕین سەبارەت بە ڕۆژی ڕۆژنامەگەری کوردی وتی: من دەمەوێت پیرۆزبایی لە سەرجەم ڕۆژنامەنووسانی کوردستان و جیهان بکەم، لە ڕەوشی ڕۆژنامەگەریدا لە کوردستان بەڕاستی ڕۆژنامەنووسان و میدیاکاران لە ڕەوشێکی ئارام و باشدا نین، هەمیشە لەلایەن بەربەستکارانەوە زۆر جاران ڕێگرییان لێدەکرێت لە ڕووماڵ کردن و ئیش کردن، زۆر جار هێرش دەکرێتە سەر ڕۆژنامەنووسان و کەل و پەلی ڕۆژنامەنووسان داگیر دەکرێت لە لایەن دەسەڵاتداران، لە بەرئەوە دەتوانین بڵێین ڕۆژنامەگەری کوردی هێشتا دوای ٣٠ و چەند ساڵ ئازادی کوردستان و ئازادی ڕۆژنامەگەری هێشتا ئازاد نین، وەک پێویست هەواڵ نادرێت، وەک پێویست ڕووماڵیان پێناکرێت، زانیاری وەک پێویست وەرناگرن.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، دەوترێت ڕاگەیاندن دەسەڵاتی چوارەمە، بەڵام ئەمڕۆ دەسەڵاتی یەکەمە لەبەرئەوەی هەموو ڕووداوێک لە ڕاگەیاندندا دەبیسترێت، ئێستا کە سۆشیال میدیا بەشێکە لە ڕاگەیاندن و ڕووداوەکان زۆرتر و خێراتر دەگەن، لەبەرئەوە وا پێویست دەکات جارێکی تر کە چاو بخشێتەوە بە ڕەوشی ڕۆژنامەگەری و ڕۆژنامەنووسان لە هەرێمی کوردستاندا، کە ئەمڕۆ لە ١٢٧ ساڵەی ڕۆژنامەگەری کوردی ئاستەنگ و بەربەستەکان هەن،  ئەوەی سەر بە حزبی دەسەڵات بێت هاوکاری دەکرێت لە پێدانی زانیاری و لە ڕووماڵ کردن، زۆر بەداخەوە دەیڵێم کە لە زۆربەی شوێنەکان ڕۆژنامەنووسەکان توشی هێرش دەبن و زانیاریان پێنادرێت، لە کاتێکدا کە ئیشی ئەوان گەیاندنی هەواڵ و ڕووداوی هەرێمی کوردستانە، بەڵام کە ئەوان پێیان نادرێت دەبێتە هۆی ئەوەی کە نەتوانن کاری ڕۆژنامەوانی بە ئاسانی و بە جوانی بکەن.

 

ڕۆژنامەنووس نیگار حەمەد عەلی لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: پەیامم لە ١٢٧ ساڵەی ئەو یادە دەمەوێت کە بڵێم لە پەڕلەمانی کوردستان یاسایەک هەیە بە ڕاستی ئەو یاسایە مافی ڕۆژنامەنووسان گیان و ئاستی ڕۆژنامەنووسان پارێزراو بێت،  خاڵی سێیەمیش بۆ ئەوەی ئیشەکەیان پڕۆفیشناڵانە بکەن زانیاریەکانیان پێبدرێت بۆ ئەوەی ئەوانیش بتوانن ڕووماڵی بکەن، هیوادارم پەیامەکانم کە سێ پەیام بوو لە دوای ئەو ١٢٧ ساڵەی ڕۆژنامەگەری کوردی لە ئاستێکی تردا بێت، ڕۆژنامەنووسان جگە لە پێنووس و مایک و کامێراکانیان هیچی تریان پێنییە، بۆیە وا پێویست دەکات زانیارییەکان وەکو خۆی وەربگرن.