لە ڕانیە مەزاری شەهیدانی هەر چوار پارچەی کوردستان گوڵباران کرا

لە شاری ڕانیەی ناوەندی ئیدارەی ڕاپەڕین، وەک نەریتێکی ساڵانە بنەماڵەی شەهیدان و ژنانی چالاکوان سەردانی گۆڕستانی"شەهید هەڵوێست پارتیزان"یان کرد. ئامادەبووان بە چەپکە گوڵەوە یادی ئەو قارەمانانەیان کردەوە.

ڕانیە 

 

دوێنێ کۆمەڵێک لە بنەماڵەی شەهیدان و چالاکوانانی مەدەنی دەڤەری ڕاپەڕین، ڕوویانکردە گۆڕستانی "شەهید هەڵوێست پارتیزان" لە گەڕەکی کونەسێی شاری ڕانیە. ئەم مەزارە کە ئارامگەی ئەو گەریلایانەیە کە لە سەنگەرەکانی بەرگریی لە هەر چوار پارچەی کوردستان گیانی خۆیان بەخت کردووە، لەلایەن ئامادەبووانەوە گوڵباران کرا و پەیمانی درێژەپێدانی ڕێبازیان نوێکرایەوە.

 

ئەدیبە عەلی، یەکێک لە ژنە چالاکوانە بەشداربووەکان، سەبارەت بە گرنگی ئەم بەسەرکردنەوەیە بۆ ئاژانسی نوژنها دوا و وتی: "هەموو ساڵێک وەکو وەفایەک بۆ شەهیدان، ڕۆژێک پێش جەژن سەردانی مەزاری شەهیدانی دەڤەری ڕاپەڕین دەکەین. مەزاری شەهید هەڵوێست تایبەتمەندی خۆی هەیە، چونکە شەهیدانی هەر چوار پارچەی کوردستانی لێ نێژراوە. ئێمە لێرە کۆدەبینەوە بۆ ڕێزلێنان لە خەباتیان و بەشداری دەکەین لە گوڵچاندن و بەسەرکردنەوەی گۆڕەکانیان.

 

گۆڕستانی "شەهید هەڵوێست پارتیزان" لە شاری ڕانیە، تەنیا گۆڕستانێکی ئاسایی نییە، بەڵکو وەک هێمایەکی زیندووی یەکێتی نەتەوەیی دەبینرێت. لەم شوێنەدا تەرمی ئەو گەریلایانە بە خاک سپێردراون کە خەڵکی ناوچە جیاجیاکانی باکوور، باشوور، ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای کوردستانن و لە پێناو پاراستنی ناسنامە و شکۆمەندی گەلی کورددا شەهید بوون.