کەژەکە: تا ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ جێبەجێ نەکرێت هیچ چارەسەرێک ڕوونادات

کەژەکە دەڵێت: چۆن مامەڵەکردن لە گەڵ ڕێبەر ئاپۆ، پێوانی سەرەکی نزیکبوونەوە لە پڕۆسەی ئاشتی و چارەسەری دیموکراتیکە. تاکو ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ جێبەجێ نەکرێت و ڕێگەی بۆ نەکرێتەوە کە لە هەلومەرجێکی یەکساندا دانوستان بکات، پرۆسەکە بەرەو پێش ناچێت.

ناوەندی هەواڵ

 

کۆردیۆناسیۆنی کەژەکە سەبارەت بە ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی عەبدوڵا ئۆجالان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوەو ئاماژەی بەوەکرد، چۆن مامەڵەکردن لە گەڵ ڕێبەر ئاپۆ، پێوانی سەرەکی نزیکبوونەوە لە پڕۆسەی ئاشتی و چارەسەری دیموکراتیکە. تاکو ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ جێبەجێ نەکرێت و ڕێگەی بۆ نەکرێتەوە کە لە هەلومەرجێکی یەکساندا دانوستان بکات، پرۆسەکە بەرەو پێش ناچێت.

 

ڕاگەیەندراوەکەی کۆردیناسیۆنی کەژەکە بەم شێوەیەیە:

پێش هەموو شتێک بە حورمەت و ڕێزدارییەوە رۆڵەی تورکمانی هێژای گەلی تورک و ملیتانی شۆڕشگێڕی بێوێنەی تێکۆشانی ئازادی گەلان، ئەمینە ئەرجیەس و هەڤاڵ ئەکین ئامارا تۆڵدار و زین زاگرۆس بەبیر دێنینەوە و سەرەتا سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەکانیان و گەلی وڵاتپارێزمان دەکەین و بەڵێنمان دووپات دەکەینەوە کە خەون و ئامانجەکانیان بە سەرکەوتن تاجدار دەکەین.

 

لە کاتێکدا کە جەنگی جیهانی سێیەم لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پەرەی سەندووە، ڕێبەر ئاپۆ لە ٢٧ی شوبات بە 'بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک'بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی ژیانی دیموکراتیک، ئاشتیانە و یەکێتی کۆمەڵایەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەت لە تورکیا، دەستپێشخەرییەکی مێژوویی دەستپێکرد. ئەم دەستپێشخەرییە تاکتیکێکی سیاسی ڕۆژانە نییە، بەڵکو دەستپێشخەرییەکی ستراتیژی و پارادایمێکە. ڕوانگەی کۆماری دێموکراتیک و جێبەجێکردنی پارادایمی ئاشتی و کۆمەڵگەی دێموکراتیک، لەسەر بنەمای ئازادی و یەکسانی گەلان، ژنان، کولتوور و بیروباوەڕەکان سەدەی ٢١سەردەکەوێت.

 

ڕێبەرمان تاکلایەنە و بە نیازێکی باش و جێگای متمانە هەنگاوی ناوە و کۆتایی بە ستراتیژی خەباتی چەکداری بەرامبەر بە تورکیا هێناوە و بە مەراسیمی سوتاندنی چەکەکان، زەمینەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی بۆ دروستکردنی پشتیوانی هەمیشەیی بۆ گەلان ڕەخساندووە، بۆیە ڕێبەر ئاپۆ وەک دانوستانکاری سەرەکی و ڕێبەری سیاسیمان ئەوەی پێویست بوو ئەنجامی دا بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتنی قۆناغی یەکەمی پرۆسەکە. لەقۆناغە سەرەتاییەکانی ئەم پرۆسەیەدا، هاتن و ڕۆیشتنی وەفدی دەم پارتی بۆ ئیمرالی و گفتوگۆکان لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ و کۆبوونەوەکانی نێوان لایەنەکان سەبارەت بە پرۆسەکە و هەروەها دامەزراندنی کۆمیسیۆنی پەرلەمان هەموو ئەمانە ڕووداوی گرنگ بوون، بەڵام لەبەرامبەردا هیچ پێشکەوتنێک بەدی نەکراوە لە چارەسەرکردنی پرسی کورد لەو هەنگاوە بنەڕەتیانەی کە پێویستە دەوڵەت و دەسەڵاتی ئاکەپە بۆ بەرەوپێشبردنی پرۆسەکە بهاوێژن، نەندراوە.

 

دەبێت کۆمیسیۆن نەبێتە ئامرازێک بۆ حیساباتی دەسەڵات

لە بەرامبەر هەوڵەکانی ڕێبەرمان بۆ دیموکراتیزەکردنی تورکیا، لە ئەزموونەکانی پرۆسەکانی ڕابردووەوە زانرا کە حکومەتی ئاکەپە ناتوانێت لە ڕێگەی حیساباتی بچووکەوە دەسەڵاتی خۆی بەهێز بکات و ناتوانێت بە سیاسەتی سەرقاڵکردن تەڤگەری ئازادیمان لەناو ببات. ئەو بیرکردنەوەیەی کە پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە تەنیا لە ڕێگەی چەک دانانەوە دەتوانێت پرسی کورد چارەسەر بکات و پرسەکە وەک پرسی دیموکراتیزەکردنی تورکیا نەبینێت، بەربەستێکی گەورەیە لەبەردەم سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیە. تاکو هۆکارەکانی پرسی کورد نەخرێنە ڕوو و زمان، شوناس، کولتوور و مافی ڕێکخستنی گەلی کورد کە ١٠٠ساڵە ڕەتکراونەتەوە بە ڕێگەیەکی یاسایی مسۆگەر نەکرێن، هەر شێوازێک کە نیشان بدرێت بە مانای پێداگری لەسەر چارەسەر نەکردنی پرسەکەیە. ڕێبازی نکۆڵی و پشتگوێ خستن کە ساڵانە ژنانی کورد جارێکی دیکە لە کۆمیسیۆندا ڕووبەڕووی بوونەوە، نموونەیەکی دیکەی ڕێبازی ئەم پرۆسەیە دەخاتە ڕوو. عەقڵیەتێک کە لە زمانی دایکی کۆمەڵگایەک تێنەگات، چاوەڕوانی ئەوە ناکرێ کە دان بە بوونیشیدا بنێت و پرسەکانی چارەسەر بکات. ئەم ڕێبازە بەرامبەر زمان، شوناس، هەبوونی ژن و گەلی کورد بە توندی ئیدانە دەکەین و داوا لە کۆمیسیۆن دەکەین ئەو هەڵەیە ڕاست بکاتەوە، هەروەها داوا لە ژنان و کۆمەڵگەی دیموکراتیک دەکەین کە چالاکانە دژی ئەم سیاسەتانە تێکۆشانیان بەرز بکەنەوە. کۆمیسیۆن بەگوێرەی ناوەکەی دەبێت نەبێتە ئامرازی لایەنە بچووکەکانی دەسەڵات دژ بە بەرژەوەندی گشتی گەلانی تورکیا، بەڵکو دەبێت بە بەرپرسیارێتی مێژوویی خۆیەوە هەستێت و چارەسەرێکی کۆمەڵایەتی دیموکراتیک بە هەستی یەکێتی و یەکگرتووییەوە جێبەجێ بکات.

 

لەلایەک لە تورکیا باس لە چارەسەری لەگەڵ کورد دەکرێت، لەلایەکی دیکەشەوە هەڕەشە و قسەی شەڕانگێزانە لەدژی پارچەکانی دیکەی کوردستان بەکاردەهێنرێت و سیاسەتی قەیوم و ئۆپەراسیۆن لەدژی لایەنە سیاسییەکان و ئیدارە ناوخۆییەکان ئەنجامدەدرێت. ئەمە وەک کودەتایەک وایە دژ بە پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک. ئەم سیاسەتانە کە گورزێک لە چارەسەری پرسەکە و دیموکراتیزەکردنی تورکیا دەدەن، گەڕان بەدوای ئاشتی و دیموکراتیزەکردن لەناو کۆمەڵگادا لاواز دەکەن. به گشتی ئه م ڕێباز و سیاسەته خزمەت بە بەرەو پێشچوونی پرۆسەکه ناکات و دەبێته هۆی ئاستەنگییەکان.

 

تاکو ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ بەدی نەیەت هیچ چارەسەرێک ڕوونادات
بەتایبەتی ڕاگرتنی ڕێبەر ئاپۆ لە زیندانی ئیمراڵی و ڕێکخستنەوەی هەلومەرجی کار، پەیوەندی ئازاد و گواستنەوە بۆ قۆناغی دووەمی دانوستانەکان بەواتای کۆتایی هێنانە بە دانوستانەکان. خەڵکەکەمان و ڕای گشتی دەزانن کە ڕێبەرەکەمان ئازادی جەستەیی خۆی بە ئازادی کۆمەڵایەتی دەبینێت. تاوەکو ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ کە دانوستانکاری سەرەکییە بۆ چارەسەری سیاسی و دێموکراتیکی پرسی کورد بەدی نەهێنرێت و هەلومەرجی کار و پەیوەندی ئازادی بۆ نەڕەخسێندرێت تاکو بتوانێت لەگەڵ هەموواندا پەیوەندی هەبێت، مەحاڵە پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دێموکراتیک بە ئاشتییەکی هەمیشەیی بگاتە ئەنجام.

 

ئێمە وەک بزووتنەوەی ئازادی ژنانی کوردستان، ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ نەک هەر بۆ ئەم پرۆسەیە، بەڵکو وەک ڕۆژەڤی تێکۆشان و ئامانجی سەرەکی هەموو پرۆسەکان دەبینین و جارێکی دیکە بە گرنگییەوە ئەمە بۆ گەلی وڵاتپارێز و ڕای گشتی گەلەکەمان ڕادەگەیەنین. ئەم بابەتە نابێت جێگەی مشتوپڕ بێت، نابێت ئامراز بێت، نابێت بۆ حیساباتی بچووک بەکار بهێنرێت.

 

چارەسەری هەموو کێشەکانی تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەیوەستە بە ئازادی جەستەیی ڕێبەرەکەمانەوە. ڕێبەرایەتیمان کە دانوستانکاری سەرەکییە، دەرفەتێکی گەورەی بۆ گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تورکیا ڕەخساندووە کە چەندین سەدەیە چاوەڕێی دەکەن. بۆیە چۆن نزیکبوونەوە لە ڕێبەرایەتیمان پێوەری سەرەکییە لە پڕۆسەی ئاشتی و چارەسەری دیموکراتیک. کێشە کۆمەڵایەتییەکان تەنیا بە هەلومەرجی یەکسان و بە تێگەیشتنێکی دیموکراتیک لە دانوستانەکاندا چارەسەر دەکرێن. تاکو ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ بەدی نەیەت، تاکو لە دۆخ و هەلومەرجێکی یەکساندا ڕێگەی پێنەدرێت دانوستان بکات، مەحاڵە چارەسەرێک ڕووبدات.