کەژەکە: کاتی ئازادیی جەستەیی ڕێبەرێتییە
کەژەکە بۆ ٤ی نیسان ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە: ڕۆژبوونی ڕێبەرێتی بۆ ئێمەی ژنان، ڕۆژبوونی ئازادییە. کات کاتی ژن و پێکهێنانی ئازادیی جەستەیی ڕێبەرێتییە. بەم ڕۆحییەتە و بە گوتنەوەی درووشمی 'بێ سەرۆک ژیان نابێ'ـەوە گۆڕەپانەکان پڕ دەکەین.
ناوەندی هەواڵ
کۆردیناسیۆنی کۆمەڵەی ژنانی کوردستان "کەژەکە" لە پەیامی پیرۆزکردنی ٤ی نیسان، ٧٧هەمین ساڵڕۆژی لە دایکبوونی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ڕاگەیاندراوێکی بلاوکردەوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەی کەژەکەدا هاتووە:
ڕۆژبوونی ڕێبەر ئاپۆ، بۆ ژن و مرۆڤایەتی کە لە ژێر ستەمی سەرکوتکاری سیستەمی بکوژی کاستیکدا، دەیان هەزار ساڵە سەرکوت و تاڵان دەکرێن، سەرلەنوێ ژیاندنەوەیە. گەل و ژنانی کورد کە بە کۆنکرێت سەرپۆش کرابوون، لە تاریکی و گۆڕستان ڕزگاری کردن و بە تێکۆشانی شکۆدارانەی ئازادی، سەرلەنوێ گەیاندنییەوە بە ناسنامە و بوونی خۆیان.
ڕێبەر ئاپۆ بە 'بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک'ـی ٢٧ـی شوبات، لە دژی گەورەترین سیستەمی شەڕی بکوژانی کاستیکی دژ بە ژنان و کۆمەڵگە، بە ڕوانگەی کۆمەڵگەی دیموکراتیک و ژیانی کۆمۆناڵ، مزگێنی ژیاندنەوە و هۆشیاربوونەوەی ژیانی ئازادیی مرۆڤایەتییە. لە جوگرافیاکەماندا کە لە مێژوودا بووە دایکێک بۆ مرۆڤایەتی، ژیانی ئازاد بە ڕوانگەکانی ڕێبەر ئاپۆوە، لە هەموو کاتێک نزیکترە.
ئازادیی جەستەیی و هەبوونی ڕێبەر ئاپۆ، کە هاوڕێی بێهاوتا و ئافرێنەری تێکۆشانی ئازادیی ژنانە، بۆ ئێمەی ژنان بە ئازادی و هەبوونی خۆمانەوە، هەڵگری پەیوەندی و پەیوەستبوونێکی هەمیشەییە. بەم هۆکارە ڕۆژبوونی ڕێبەرێتی بۆ ئێمەی ژنان، ڕۆژبوونی ئازادییە. تێکۆشانی ئازادی ٥٢ ساڵەمان، لە پێشەنگایەتی شۆڕشی ژنماندا ڕێنێسانسی مرۆڤایەتی پێکدێنێت. ژنانی دڵسۆزی تێکۆشانی ئازادیی و ئاشقی ئازادیی لە چیا، دەشت، لە شارەکان، دەبێت ببنە گەرەنتی و پێشەنگی سیستەمی کۆمۆناڵی دیموکراتیک و ئازادی.
ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ، تاکە مەرجی بەدەستهێنانی ژیانی ئازادی ژنان و گەلان و سەرکەوتنی بانگەوازی ٢٧ـی شوباتە، دەستەبەرکردنی مەرجەکانی ئازادییە کە بتوانێت پرۆسەکە بەڕێوەبەرێت. قۆناغی دەستپێکی پرۆسەکە، بە هەنگاوەکانی تەڤگەری ئازادیمان و هەوڵە مەزنەکانی ڕێبەر ئاپۆ کۆتایی هات و پەڕییەوە بۆ قۆناغی دووەم. قۆناغی دووەمیش پەیوەستە بە پێکهێنانی ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ، بە جێبەجێکردنی 'مافی هیوا' و ڕاماڵینی ئاستەنگییەکانی پێش پرۆسەکە. داوا لە دەوڵەتی تورکیا، سیاسەت و پەرلەمانی تورکیا دەکەین، بەرپرسیارێتی مێژوویی لە ئاست گەلان لە ئەستۆبگرێت و پێویستییەکانی کۆدەنگی کۆمەڵگەی دیموکراتیک و ئاشتیی جێبەجێ بکات. بۆ ئەوەی مافەکانی گەلی کورد لە ناو یاسا و دەستووردا جێگیربکرێت، کورد وەک پایەیەکی سەرەکی بەشداری کۆماری تورکیای دیموکراتیک ببن، دەبێت بە زووترین کات یاساکانی ئینتێگراسیۆنی دیموکراتیک و ئازادی ئامادەبکرێن.
بانگەوازی کەژەکە؛ پەرە بە تێکۆشانی ئازادیی جەستەیی ڕێبەرێتی و دامەزراندنی کۆمەڵگەی کۆمۆناڵ بدەن
لە درێژەی ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: "داوا لە گەلەکەمان و هەموو ژنان دەکەین؛ بۆ سەرخستنی ئەم پرۆسەیە کە ڕێبەر ئاپۆ دەستی پێکردووە، بەبێ چاوەڕوانیکردنمان لە دەوڵەت یان هەر هێزێکی دیکە، بۆ ئازادیی جەستەیی ڕێبەرێتی و دامەزراندنی کۆمەڵگەی کۆمۆناڵ، پەرە بە تێکۆشانمان بدەین. بە ڕۆحی یەکێتیی نەتەوەیی دیموکراتیکیییەوە خۆمان ڕێکخراو بکەین، پێگەی کوردان بەدەستبهێنین و فەلسەفەی 'ژن، ژیان، ئازادی' کردەیی بکەینەوە. لەسەر ئەم بنەمایە، بۆ پێکهێنانی حەسرەتی ئازادیمان لە ڕێبەرێتی ئازاددا ئێژین؛ 'ئێستا کاتی ژنە، کاتی پێکهێنانی ئازادیی جەستەیی ڕێبەرێتییە'. بەم ڕۆحێتەوە، لە ٤ـی نیسادا گۆڕەپانەکان پڕکەین و درووشمی "بێ سەرۆک ژیان نابێت" بڵێینەوە. داوا لە ژنان و گەلەکەمان دەکەین کە لە هەر بەشێکی کوردستان و تورکیادان، بەشداری چالاکییەکانی ئازادیی ببن کە لە ئامارا و گەملی ئەنجام دەدرێن، بەشداری ئەم ڕۆژە سەرلەنوێ لە دایکبوونەوەی ئازادیی و شکۆییە ببن، پەرە بە تێکۆشانیان بۆ ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ بدەین.
لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەی کەژەکەدا هاتووە: "بەم بۆنەیەوە، ڕۆژبوونی ڕێبەرمان، کە هۆکاری بوونمانە، بەوپەڕی تامەزرۆییەوە پیرۆز دەکەین، جارێکی دیکە چالاکییە ئازادییەکانی گەلەکەمان، ژنان و گەنجان پیرۆز دەکەین، کە لە ١٥ـی شوباتەوە تا بگات بە ٨ـی ئادار و نەورۆز و ٤ـی نیسان گۆڕەپانەکانیان پڕکرد و دڵیان تەژی بووە لە خۆشەویستی ڕێبەرێتی.