جولیدە کورال: ئاشتی تەنها یاسا نییە هەست و بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتییە

جولیدە کورال،چالاکوانی ئاشتی لەناوبردنی چەکەکانی ئازادیخوازان لە مەراسیمێکداو داگیرساندنی مەشخەڵ بە سەرەتای قۆناغێکی نوێ زانی وتی: ئەو مەشخەڵەی ئێستا لە دەستماندایە ئاشتییە، ئەبێت هەموومان بیپارێزین.

سەرپیل ساڤوملو

 

ئیستەنبوڵ-دوابەدوای بانگەوازەکەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە ٩ی تەمموز، شاندێکی ٣٠ کەسی ناسراو بە گروپی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک لە میانی مەراسیمێکدا کە لە شاری سلێمانی لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو، چەکەکانیان لەناوبرد.

 

بەشداربووان لە مەراسیمی لەناوبردنی چەکی مێژوویی پەکەکە، کە لە ١١ی تەمموز بەڕێوەچوو، کەسایەتییە سیاسییەکان، نوێنەری ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، ڕۆژنامەنووسان، و هونەرمەندانی تورکیا و کوردستان، لەگەڵ میوانە نێودەوڵەتییەکان بوون، هەر ساتێکی مەراسیمەکە چەندین وردەکاری لەخۆگرتبوو و هەر هەنگاوێک چیرۆکی تایبەتی خۆی هەبوو، جولیدە کورال هونەرمەند و چالاکوانی ئاشتی لەو کەسانە بوو کە شاهیدی ئەو ساتانە بوون.

 

جولیدە کورال دڵخۆشی خۆی دەربڕی بە بینینی ئاشتی لەبەردەم چاویدا بەدیهات، جەختی لەوە کردەوە کە کۆمەڵگە زیاتر لە هەموو کاتێک پێویستی بە دوو هێندەکردنی هەوڵەکانی هەیە بۆ دامەزراندنی کولتوورێکی ئاشتی.

 

"ئێمە لە ژیانێکی تەواو جیاوازەوە هاتووین"

جولیدە کورال ئەو ساتانەی مێژوویی دەگێڕێتەوە کە ئەزموونی کردووە وتی: هەر کە ئەم گەشتە دەستیپێکرد، جەنجاڵ بووین، ئێمە وەک بەرگریکارانی مافی مرۆڤ، وەک گروپێکی بچووکی هونەرمەندان بە خۆشییەکی زۆرەوە بەشداریمان کرد، تەنها خەونمان بە ئەگەری ئاشتیەوە دەبینی، بەدرێژایی ڕێگاکە، بەردەوام خەیاڵمان دەکرد کە کۆبوونەوەکە چۆن دەبێت، هەستمان چۆن دەبێت، بە سۆزێکی زۆرەوە چووینە ئەوێ، و لەکاتێکدا چاوەڕێی هاتنی گەریلا بووین، لە قووڵایی ناخەوە هەستم بە هەستێکی تەواو جیاواز دەکرد، ئێمە لە جیهانێکی دیکەوە دەهاتین؛ لە ژیانێکی ڕێکخراوەوە لەناو ڕژێمەکەدا، لەگەڵ ماڵێک، کارێک، و منداڵان، بەڵام لەناکاو، خۆمان بینیەوە لە ئەشکەوت، گەریلای ژن و پیاومان بینی لە شاخەکانەوە دەردەکەون.

 

"هەستێک کە پێشتر ئەزموونم نەکردبوو"

جولیدە کۆرال سەرەتا وروژاندنی چڕ و پڕی خۆی دەربڕی و وتی هەست و بیرکردنەوەیەکی بێ وێنە و تێکەڵاو ئەزموونی کردووە، لەو ساتەدا کە ئەو ١٥ شەڕڤانە ژن و ١٥ پیاوە بە شێوەیەکی وەها شکۆمەندانە دەرکەوتن، تێکەڵەیەکی قووڵی هەست و بیرکردنەوە لەناومدا دەستیکرد بە دروستبوون کە پێشتر هەرگیز ئەزموونم نەکردبوو، هاوڵاتیانی بەردەممان بە تەواوی ئاگاداری ئەوە بوون کە چی دەکەن، بۆچی ساڵانێکە ئەم شەڕەیان کردووە، چۆن ئەم بەرپرسیارێتییەیان لە ئەستۆ گرتووە و چی وای لێکردوون مەرجە سەختەکان قبوڵ بکەن و باجەکەی بدەن، بڕیارێکیان دابوو، بە شەرەفێکی زۆرەوە لە پشتیەوە وەستابوون، دوای ئەو ڕێپێوانە، هاتنە سەر پۆدیۆم، دانیشتن و هەر هەنگاوێکی ئەو ڕووداوە، لە خوێندنەوەی ڕاگەیاندراوەکەوە تا سووتاندنی چەکەکە، هەڵگری بڕیارێک بوون دیمەنی ئیرادە و شەرەف و ئەو قورساییە مێژووییە قورسەی کە بە شانازییەوە لەسەر شانیان هەڵگرتبوو، ئەوەی کە ژنێک پێشەنگایەتی ئەم کارەی کرد، بۆ ئێمە کە لە خەباتی ژناندا بەشدارین، واتایەکی قووڵتری هەبوو.

 

"قوڵترین هەست ڕێزگرتن بوو"

ئاماژەی بە هەمەچەشنی هەست و سۆزەکانی نێوان بەشداربووانی چالاکییەکە کرد: لەناو ئێمەدا کەسانێک هەبوون کە بە شێوەیەکی جیاواز سەیری شتەکانیان دەکرد، ڕەنگە هەرگیز لەگەڵیان هاوڕا نەبین، بەڵام ئێمە شانبەشانی یەکتر بووین، ئەوانیش شاهیدی ئەوەی ڕوویدابوو. لەگەڵ ئەوەشدا، پێدەچوو هەمووان هەستێکی هاوبەشیان هەبێت: ڕێزێکی سەیر و تایبەتیان بۆ ئەم کیانەیە کە باجێکی قورسی داوە، بەرگەی سەختییەکی گەورەی گرت، شەڕێکی درێژخایەنی کرد کە بۆ کۆمەڵگە بەربڵاو بوو،  بە باوەڕێکی قووڵەوە سەرکەوتوو بوو ئاشتی لەبەردەمماندا بەدی دێت.

 

بەهای ئاگری سووتاو

جولیدە کورال باسی لەو ساتانەی کرد کە شەڕڤانانی پەکەکەی بینی و وتی: واتای سووتانی چەکەکانیان، ئەوان دوودڵ نەبوون، بڕیارەکەیان دا و زۆر بە ڕوونی گەیاندیان، بێگومان ساتی سووتاندنی چەکەکان ساتێکی ناوازە و تایبەت بوو، لە سووتاندنی ئەو چەکانەدا بەهایەکی هێمای ئاگر هەبوو کە بە درێژایی مێژووی مرۆڤایەتی هەیە، بەڵام گرنگییەکی تایبەتی هەیە بۆ گەلی کورد، پەیوەستە بە هێما مێژووییەکانی وەک کاوەی ئاسنگەر و ئاهەنگەکانی نەورۆز کە هاوڵاتیان دەیناسن و دەیپارێزن، لە لایەکەوە ئاگرەکە هێمایەک بوو، لە لایەکی دیکەشەوە، چالاکی سووتاندن نیشانەی لەناوبردن بوو، ئەوە زیاتر بوو لە تەنها ناشتنێک؛ ئەوە ڕوونتر و یەکلاکەرەوەتر بوو، کاتێک ئێمە توندوتیژی بە وشە ئەگۆڕین، چەکەکان بە گفتوگۆی دیموکراتیک دەگۆڕین، ئەم هێماسازییە بە ڕوونی ئەو بڕیارە بەرجەستە دەکات، زۆرجار هێماکان بە کەم نرخ دەزانرێن، بەڵام ئەمجارەیان نەتوانرا کەم بکرێتەوە؛ ئەوە هەڵگری شتێک بوو، هەڵوێستێکی یەکلاکەرەوە و ڕوون ئەگەر کەسێک لەو بۆنەیەدا ئامادە بوایە، نەیان دەتوانی بزانن چی ڕوویداوە وەک ئەوەی تەنها ٣٠ شەڕڤان چەکەکانیان فڕێداوەتە ناو ئاگرەوە.

 

"ئاگر چیرۆکی لەدایکبوونەوەیە"

جولیدە کورال وتیشی: هەستم بە هیوایەکی گەورە کرد، ئێمە بەڕاستی هەلێکی مێژوویی بە ئاشتی دەدەین، ئێمە لەڕێگەی ئەم شایەتحاڵییەوە بەرپرسیارێتی ئەگرینە ئەستۆ، کاتێک لە بەرە هاتمە دەرەوە و پێشەنگایەتی گروپەکەم کرد، وێنەی ئەفسانەیی هاتە مێشکم، چونکە لەنێوان شاخەکان و لەناو ئەشکەوتێکەوە هاتنە دەرەوە و ئەم دیمەنەش خۆی لە خۆیدا وەک دەرکەوتنێکە لە مێژوویەکی دوور و درێژەوە، ئەگەر لە ڕوانگەی کۆمەڵگەیەکی ماتریاریکەوە سەیری بکەین، ئەوە ژنێک بوو کە ئەم ساتەی پێشەنگایەتی دەکرد، هەمووان لەگەڵیدا هاتبوون، بەڵام ئەو لە پێشەوە بوو، دواتر ژنێک چووە چەکەکە هەڵبگرێت و ئاگرەکە داگیرسێنێت و ئەم ژنەش بەسێ هۆزات بوو، ئەوەی هەستم پێ دەکرد، ئەم ئاگرە سەرەتای چیرۆکێکی نوێی لەدایکبوون بوو، لەنێوان هەموو ئەم هێمایانەدا، بە خۆمم وت: ئەمە دەبێتە لەدایکبوونێکی نوێ، ئەوەی بینیمان شتێکی زۆر ڕاستەقینە بوو، ئەوەی زۆرترین هیوای پێبەخشیم ئەوە بوو کە ژنێک بوو کە چەکەکەی سووتاند، چونکە ئەوە واتای ئاشتی زیاتر ئەدات کاتێک لەلایەن ژنێکەوە بێت لە سیستەمێکی پیاوسالاریدا کە پێنج هەزار ساڵە زاڵ بووە سەرکوت کرابوو، لەم ساتە کورتەدا دەبینین کە چۆن ڕزگاری ژن دەتوانێت ئەوەندە بگۆڕێت.

 

"نۆرەی دەوڵەتی تورکیایە کە هەنگاو بنێت"

جولیدە کورال ئاماژەی بە پێویستی سەیرکردنی ڕاستی کرد و ڕوونیکردەوە کە دەبێت چی بکرێت بەبێ دواکەوتن، وتی: کاتێک دەگەڕێینەوە بۆ ڕاستی سیاسی بە هەموو توندییەکانیەوە، شتگەلێک هەن کە ئەبێت ئێستا بکرێن، بە بۆچوونی من ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە هەڵوێستەکەیدا زۆر ڕوون بوو، پەکەکەش لە پشتیەوە وەستابوو، ئێمە شایەتی پرۆسەیەک بووین کە تا ئێستا لە ڕووی مەبدەئییەوە هیچ دژایەتییەکی نەبینیوە، ئێستا کاتی ئەوە هاتووە کە دەوڵەت هەنگاو بنێت، ئەگەر بڕیارە ئاشتی بونیاد بنرێت، ئەوە تەنیا لە ڕێگەی دەوڵەتەوە ناکرێت، بەڵکو ئەبێت پرۆسەی بونیادنان لە هەموو شوێنێک بەردەوام بێت، لانی کەم ئەبێت چوارچێوەیەکی یاسایی دابنرێت، بەس نییە پەرلەمان بە تەنیا کۆببێتەوە، دەبێت یاسا دەربکرێت و زیندانییە نەخۆش و بەساڵاچووەکان و هەروەها هەموو دەستبەسەرکراوانی سیاسی دەستبەجێ ئازاد بکرێن، ئەمەش تیشکێکی هیوا لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت.

 

"دەبێت زمانی ئاشتی جێگیر بکرێت"

جولیدە کورال لێدوانی ئەم دواییەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بۆ یەکەمجاری بەبیرهێنایەوە و وتی: ئایا ئەوە بەس بوو؟ بێگومان نەخێر، ئێمە چاوەڕوانی زۆر زیاترمان دەکرد، ئەوەی چاوەڕێمان دەکرد ڕووینەدا. ئەوە ڕاستە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش دەبێت وریا بین، داوای لێبکەین و بەردەوامی بە پرۆسەکە بدەین بەبێ ئەوەی ڕێگە بدەین ئەم پرۆسەیە تێکبچێت، دەبێت دەستبەجێ هەنگاوی پێویست بنرێت.

 

جەختی لە پێویستی پاراستنی پرۆسەکە کردەوە: لە لایەکی ترەوە، بۆ ئەوەی پرسی ئاشتی بگۆڕێت بۆ کولتوورێکی کۆمەڵایەتی، ڕۆژنامەکان، لەگەڵ بوون بە بەشێک لە پرۆسەکە، دەبێت دەست بکەن بە بەکارهێنانی زمانی ئاشتی. ساڵانێکی زۆر هەموو تەڤگەریەک پەیوەست بوو بە تیرۆرەوە و دەستەواژەی "کورد" بە واتای تیرۆر تێگەیشتبوو، ئەمەش هۆشیارییەکی دەستەکۆمەڵی شێواوی دروستکرد، بۆ ئەوەی ئەمە بگۆڕدرێت، پێویستە هەر کەسێک لە هەڵوێستی خۆیەوە بەشداری بکات، هەروەها دەوڵەت ڕۆڵی هەیە، زمانەکەی بەرامبەر بەم شتە ئەبێت بگۆڕێت.

 

"ئاشتی تەنها بە دەرکردنی یاسا بەدەست ناهێندرێت"

جولیدە کورال ئاماژەی بە گرنگی بەکارهێنانی هێزی ئاشتی و پێویستی دروستکردنی پلاتفۆرمێک کرد کە ئەوانەی دیدگای جیاوازیان هەیە کۆبکاتەوە و ڕێگەیان پێبدات بەشداری گفتوگۆ بکەن، دووپاتیکردەوە کە پێناسەی کۆمەڵگەی دیموکراتیک بۆ ئەم مەبەستە دروست بووە: ئاشتی تەنیا بە دەرکردنی یاسایەک و پابەندبوونی هاوڵاتیان پێیەوە بەدەست نایەت، ئاشتی هەستێکە؛ ئەوە توانای پێکەوە ژیانە لە یەک نیشتمان و سوودمەندبوون لەو دەوڵەمەندییە کولتوورییە و ئەو بیرۆکە و بۆچوونە جیاوازانە.

 

وتیشی: وەک هونەرمەندێک، بەهۆی پیشەکەمەوە بەشێک لە بەرپرسیارێتی لایەنی سۆزداری ئەم بابەتە لە ئەستۆ دەگرم، لە پرۆسەی گۆڕینی ئاشتی بۆ کولتوورێکی کۆمەڵایەتی، فیلمێک، مۆسیقایەک، شیعرێک، یان نمایشێکی شانۆیی دەتوانێت کاریگەری زیاتری هەبێت لە کاتژمێرەکانی گفتوگۆ. هەوڵدەدەم لە بوارەکەمدا هەموو شتێک بکەم بۆ خزمەتکردنی ئەم دۆزە.

 

"هونەرمەندان بەرپرسیارانە مامەڵە ئەکەن"

جولیدە کورال جەختی لەسەر پێویستی هەمووان کردەوە کە داوای ئاشتی بکەن، وتی: ئێمە بیر لەوە دەکەینەوە لە کایەی خۆمانەوە دەستپێشخەرییەک بە ناوی 'دەنگ بۆ ئاشتی' دەستپێبکەین، ئاشتی هەموو لایەک چاک ئەکاتەوە و کەشوهەوای خەم و نەهامەتی زاڵ بەسەر ئەم وڵاتەدا ئەگۆڕێت، ئەو بناغەیەی کە دەبێت پابەند بین پێیەوە وازنەهێنانە لە دیموکراتیک، بۆیە دەبێت بەردەوام بین لە خەباتی دیموکراتیک بەبێ وەستان، چونکە ئەو دووانە لەیەکتر جیا نین، تەنها ئەو کاتە دەتوانین هاوڵاتیبوون و ئازادی یەکسان بەدەست بهێنرێت، دەتوانرێت سەکۆیەک بدۆزرێتەوە کە لەسەری بە ڕوونی داواکارییەکانمان دەرببڕین.