کژار سەبارەت بە دۆخی زەینەب جەلالیان نامەیەکی بۆ پەرلەمانی ئەڵمانیا نارد

کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان "کژار" لەپێناو زەینەب جەلالیان نامەیەکی بۆ جانسو ئۆزدەمیر، ئەندامی پەرلەمانی فیدراڵیی ئەڵمانیا نارد.

ناوەندی هەواڵ

 

کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان "کژار" لەپێناو زەینەب جەلالیان نامەیەکی بۆ  جانسو ئۆزدەمیر، ئەندامی پەرلەمانی فیدراڵیی ئەڵمانیا نارد.

 

نامەکەی کژار بەم شێوەیەیە:

زەینەب جەلالیان کەسێکی بوێرە کە لە بەرامبەر ئەشکەنجەی زیندانیشدا چۆک دانادات. ئەو یەکەم ژنە زیندانییە کە سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێنراوە، کە نەک تەنیا لە سەرەتاییترین مافەکانی مرۆڤ بێبەش کراوە، بەڵکو لە هەمان کاتدا ساڵانێکە ڕووبەڕووی جۆرەها ئەشکەنجەش بووەتەوە. زەینەب لە نامەکەیدا باسی ئەم دۆخی خۆی بەم شێوەیە دەکات: 'بێگومان، دوای نزیکەی ٢٠ ساڵ ژیان لە شوێنێکی وەک زینداندا، کە ناچاریت لەناو کۆمەڵێکدا بژیت، ڕووبەڕووی نەخۆشییەکانی پێست، هەوکردن و نەخۆشییە دەروونییەکان دەبیتەوە. لە هەمووی خراپتر، خراپیی خۆراک لە زینداندا دەبێتە هۆی چەندین نەخۆشیی جەستەیی. بەتایبەتی کاتێک کە زیندانییەکی سیاسی بیت، ئەوان سنووردارکردنی زیاترت بەسەردا دەسەپێنن؛ لەوانەش سنووردارکردنی پزیشکی، سەرەڕای دەستنیشانکردنی پزیشکان کە پێویستی بە دەرمانە، کەچی چارەسەر ناکرێت.

 

بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە، سەرەڕای ئەم هەموو فشار، سانسۆر و ئەشکەنجەیە، چی وایکرد زەینەب ببێتە نموونەیەکی گەورە بۆ ژنانی تێکۆشەر؟ بێگومان، تێکۆشانی بێوچانیەتی، زەینەب لە لەسێدارەدان و شیشەکانی زیندان نەترسا، بەپێچەوانەوە ترسی خستە دڵی کۆماری ئیسلامییەوە. هەروەک خۆیشی دەیڵێت، ئەو لە شوێنی ڕاستی مێژوودایە.

 

٢٠ ساڵ تێکۆشانی بەردەوامی زەینەب لە شوێنێکدا کە باسکردنی دۆخی خۆت قەدەغەیە، لە بەرامبەر بێدەنگیی ژوورە تاکەکەسییەکاندا بووەتە هۆنراوەی ئازادی، لەبەر ئەم هۆکارە پێویستە هەموومان ببینە دەنگی زەینەب جەلالیان. پەیامی ئێوە لەم ڕووەوە پەیوەستە بە بەرپرسیارێتیتان لە بەرامبەر هەموو ژنانی ئازادیخواز. وەک بریکارێکی سیاسی و پاڵپشتیکارێکی زەینەب جەلالیان، ئێوە دەتوانن دۆسیەکەی لەسەر ئاستی نێونەتەوەیی بخەنە ڕۆژەڤەوە.